سەنتەری میترۆ: سوکایەتییەکەی بافڵ تاڵەبانی شەرمەزارکەرە
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی قسەکانی دوێنێی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەکات و بێدەنگیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیش بە "شەرمەزاریی" وەسف دەکات.
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەنراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەو سوکایەتییەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان کراوە شەرمەزارکەرە، بەڵام ئەوەی زیاتر جێی داخە، بێدەنگیی ئەو هاوکارانەیە کە لەوێ ئامادەبوون و هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو."
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری میترۆ ڕەخنەی توند ئاڕاستەی دامەزراوەکانی ناو یەکێتی و لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکات و دەڵێت: "چاوەڕوان بووین دەنگێک لە ناو یەکێتییەوە بەرز بێتەوە یان داوای لێبووردن بکرێت، بەڵام بێدەنگییەکی سامناک باڵی بەسەر دامەزراوەکاندا کێشاوە.
دەشڵێت: "کاتێک ڕۆژنامەنووس نەتوانێت بەرگری لە کەرامەتی پیشەیی خۆی بکات، چۆن دەتوانێت بەرگری لە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات؟"
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە ئەم جۆرە مامەڵەیە زیان بە ناوبانگی لایەنەکان دەگەیەنێت و پرسیاری ئەوەی وروژاند، ئەگەر بەرپرسێکی پارتی هەمان ڕەفتاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسێکی یەکێتی بکردایە، ئایا هەڵوێستەکان بە هەمان شێوە بێدەنگی دەبوون؟
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەنتەری میترۆ داوا لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەکات بێ ترس و بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی دیاردەی سوکایەتیکردن بە پیشەکەیان ببنەوە و جەخت دەکاتەوە کە "ئەمە سوکایەتییە بە هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ڕێز لە پیشەکەیان دەگرن."