ئایا دینار دەکرێتە قوربانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووریی عێراق؟
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی دەستەی سیاسیی ڕەوتی نیشتمانیی عەشائیری ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق بەرنامەی داڕشتووە بۆ هەنگاونان بەئاراستەی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ، ئەوەش بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستا بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسیی ڕەوتەکە ڕایگەیاند: "عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پسپۆڕی بواری ئابوورییە و بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ ئەو تەنگژە داراییانەی کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت."
جەزائیری ئاماژەی بەوەشکرد، پاشخانی ئابووریی سەرۆکوەزیران وایکردووە کە نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان دابڕێژێت، ئەم ستراتیژە نوێیەش دەرگا بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەکاتەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا، سەرۆکی دەستەی سیاسیی ڕەوتی عەشائیری جەختی کردەوە کە عێراق بەرەو جێبەجێکردنی پلانێکی نوێ هەنگاو دەنێت؛ پلانێک کە تێیدا بەهای دۆلار بەرز دەکرێتەوە تاوەکو وڵات بتوانێت بەسەر کێشە و کوسپە داراییەکانیدا زاڵ بێت، ئەوەش بەپێی دیدگایەکی زانستیی ئابووریی کە توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانی هەبێت.