سەرۆکی دامەزراوەی پەی بە کەفالەت ئازاد دەکرێت 

٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ

سەرۆکی دامەزراوەی پەی بە کەفالەت ئازاد دەکرێت 

پەنجەرە

ئەمڕۆ دووشەممە، د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لەسەر سکاڵای یاسایی حەوت زانکۆی ئەهلی چووە بەردەم دادگا و پاشان بە کەفالەت ئازاد کرا. کەیسی سکاڵاکەش دەگەڕێتەوە بۆ رووبەڕوبوونەوەیەکی تەلەفزیۆنی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ناوبراو و د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بەرنامەیەکی کەناڵی (رووداو)دا سەبارەت بە گرفتەکانی خوێندنی باڵا.

سەرۆکی دامەزراوەی پەی: زانکۆ ئەهلییەکان بزنس دەکەن

سەبارەت بە ناوەڕۆکی سکاڵاکە، د. سەروەر عەبدولڕەحمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: زانکۆ ئەهلییەکان لەسەر ئەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووم کە گوایە وتوومە ئەوان بزنس دەکەن و تەشهیرم پێکردوون. لەکاتێکدا ئەمە راستییەکی روونە و لە دادگا دەیسەلمێنم، چونکە خوێندکاران بە پارە لەو زانکۆیانەدا دەخوێنن."

وەزیری خوێندنی باڵا زانکۆکانی هانداوە"

د. سەروەر ئاماژەی بەوەش کرد کە پێچەوانەی تۆمەتەکان، ئەوە زانکۆ ئەهلییەکان بوون کە دوای بەرنامە تەلەفزیۆنییەکە روونکردنەوەیان لە دژی بڵاوکردووەتەوە و تەشهیریان پێکردووە، نەک ئەو.
لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا، سەرۆکی دامەزراوەی پەی رەخنەی ئاڕاستەی لایەنی حکومی کرد و وتی: "بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستم کەوتوون، خودی وەزیری خوێندنی باڵا هاندەر و پشتگیری زانکۆ ئەهلییەکان بووە بۆ ئەوەی ئەم سکاڵا یاساییەم لەسەر تۆمار بکەن."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو