رەحمان غەریب: گوێ لەو راوێژكارو رۆژنامەنووسانە نەگرن كە برەو بە گوتاری ئاشووب نانەوە و ناسەقامگیری دەدەدن
٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
رێكخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت كاتی ئەوە هاتووە سەركردایەتی یەكێتی و پارتی، گوێ لەو راوێژكارو رۆژنامەنووسانە نەگرن كە برەو بە گوتاری ئاشووب نانەوە و ناسەقامگیری دەدەدن، جەختدەكاتەوە" لە ئاشوب و ناسەقامگیریش ئەم راوێژكارو میدیاكارانە موچەكەیان مسۆگەرە، بەڵام خەڵكی فەقیرو كاسپكار دەبن بە ژێر بارگرانی ئەو گوتارە رقئامێزە"ەوە.
رەحمان غەریب بە پەنجەرەی راگەیاند ئەم رێبازەی لە گوتاری میدیایی و لێدوانی هەندێ لە كادرو راوێژكاری پارتی و یەكێتی برەوی پێدەدرێت و پارەی بۆ سەرفدەكرێت، رێگا راستەكە نییەو خۆیان دەدەن بە دیواردا ووتی" كاتی ئەوە هاتووە خاوەن بڕیاری ئەو دوو حزبە لەبری هەندێ راوێژكارو میدیاكار گوێ لە كاسپكاری ناو بازاڕی شیخ ئەڵلای هەولێرو بەربەلەدییەكەی سلێمانی بگرن".
وتیشی " ئەوان بەرژەوەندییان لە ئاشتەوایی هەیە نەك ئەو موچەخۆرانەی كە دەیانەوێ برەو بە شەڕی ناخۆ بدەن و معاشەكەیان حەڵاڵ بكەن ".
غەریب ئەوە نەشاردەوە كە گوتاری میدیایی و لێدوانی كادیران و هەڵسوكەوتی رەسمی گەیشتۆتە ئاستێك كە حەزبە ئاشووب و لێكترازانی سیاسی و دابەشبوون دەکەن و ئەمە زاڵە بەسەر لۆژیك و عەقڵ، وتی" توێژێكی مشەخۆری ناو نوسیینگەی لق و مەڵبەندەكان، راوێژكاری پلە بەرز و میدیاكار لە خزمەتی ئەم رێبازەن و لە ئاشتەواییدا كاسپییەكەیان نامێنێت ئەبێت دوكانەكانیان دابخەن".
وتیشی " تا گوێ لەم مشەخۆرانە بگرن هەر وێڵ و بێ قیبلەنمان و روویان لە دیوارە، بەسە ئیتر گوێیان لێ مەگرن و گوێ لە خەڵكێك بگرن كە بەرژەوەندییان لە گەڵ سەقامگیریی و ئاشتی دایە".
هەرەوەها جەختیكردەوە " ئەوەشی عەقڵی بەوە ناشكێ كە گوتاری ئاشووب و لێكترازانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دابەشبوونی كوردستان خزمەت بەكام ئەجنداو كام هێز و كام دوژمنە دەكات ئەوە نازانێت كە لە سیاسەت نازانێ".