حەسەن کوردیی؛ هاوبهشهكهى جومهیلی و دەروازەی دابەشکردنی پارە
٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره- سۆمهریه نیوز
ناوی "حەسەن کوردی" جارێکی تر گەڕایەوە بۆ نێو چەقۆی مشتومڕەکانی عێراق، ئەمەش هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای دۆسیەکانی گەندەڵی لە وەزارەتی نەوت. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو تەنها چەند کاتژمێرێک دوای دەستگیرکردنی (عەدنان جومەیلی) بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، لە ڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەرەو تورکیا هەڵاتووە. دەستگیرکردنی جومەیلی لەسەر لێکۆڵینەوە لە گرێبەستە نەوتییەکان بوو کە بەهاکانیان لە تریلیۆنێک دیناری عێراقی تێپەڕ دەکات.
هاتنهناوهوهى ناوی "کوردی" لە کاتێکدایە کە حکومەت هەڵمەتێکی فراوانی دژی گەندەڵی دەستپێکردووە، ئەمەش دەرگای پرسیاری زۆری کردووەتەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ئەو لە بەڕێوەبردنی گرێبەستە نەوتییەکان، قەبارەی پەیوەندییەکانی لەناو دامەزراوە حکومی و ناوەندە سیاسییەکان و سروشتی ئەو پەیوەندییە ئابوورییانەی کە چاودێران و چالاکوانان باسی لێوە دەکەن.
هەڵاتن دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی جومەیلی
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، حەسەن کوردی کە وەک کەسێکی نزیک لە کەسایەتییەکی سیاسیی پارێزگای سەڵاحەدین دەناسرێت، دوای ماوەیەکی کەم لە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەدنان جومەیلی، خاکی عێراقی بەرەو تورکیا جێهێشتووە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە "کوردی بەرپرس بووە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی (عمولهكان) لە گرێبەستەکانی پاڵاوگەکاندا، هەروەها وەک نوێنەری بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی یەکێک لە حزبە سوننەکان کاری کردووە. هاوکات هاوبهشی عەدنان جومەیلی بووە لە چەندین دۆسیەی ئابووریدا و پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ دامەزراوە ئابوورییەکانی حزبە دەستڕۆیشتووەکانی دەسەڵاتدا هەبووە."
"ئەڵقەی پەیوەندی"
شارەزایەکی یاسایی لە لێدوانێکدا بۆ (السومریه نیوز) ڕایگەیاند: "حەسەن کوردی ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان ئەو تۆڕە گەندەڵییەیە کە بە عەدنان جومەیلییەوە بەستراوەتەوە." ئەو پێیوایە ڕۆڵی کوردی زۆر لەوە گەورەترە کە باس دەکرێت و دەڵێت: "ئەگەر دەستگیر بکرێت، پڕۆسەی سیاسی هەرەس دەهێنێت."
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشکرد، کوردی (لەدایکبووی ١٩٩٣) سەرپەرشتی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیدار بە گرێبەستەکان و دابینکردنی دارایی سیاسی کردووە. ئەو پارانەش بە وتەی ئەو، بۆ پشتگیریکردنی کەمپەینەکانی هەڵبژاردن و پشتیوانیکردنی کەسایەتی و حزبە سیاسییەکان (شیعە، سوننە و کورد) بەکارهاتوون.
کوردی بە "عەرابی مافیا و دزییەکان و چینی سیاسی" وەسف کراوە. دەستگیرکردنی ئەو دەکرێت پەردە لەسەر وردەکاریی گەورەی تۆڕەکانی گەندەڵی لابدات، چونکە زانیاری وردی لایە سەبارەت بە میکانیزمەکانی دابەشکردنی پارە و پەیوەندییە داراییەکانی نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکان.
تۆمەتەکانی پەیوەست بە پاڵاوگەی بێجی
لەلایەکی تەرەوە، ڕۆژنامەنووس "موئەیەد زامل" کۆمەڵێک تۆمەتی ئاڕاستەی حەسەن کوردی کردووە کە زۆربەیان لەسەر چالاکییەکانی ناوبراو بووە لە پاڵاوگەی بێجی. زامل دەڵێت: "کوردی یەکێکە لە بەڵێندەرە دەستڕۆیشتووەکانی ناو پاڵاوگەکە."
بەپێی وتەی زامل، پەیوەندی نێوان جومەیلی و کوردی لەو کاتەوە دەستی پێکردووە کە جومەیلی پۆستەکەی وەرگرتووە. ناوبراو ئیدیعای ئەوە دەکات کە کوردی لە پشت کڕینی پۆستی بەڕێوەبەری پاڵاوگەکانی باکوور و بەڕێوەبەری پاڵاوگەکە بووە و یەکێکە لە ڕووکارە ئابوورییەکانی سەر بە "حزبی دەعوە".
هەروەها ئاماژە بە بوونی ڕێککەوتنێک کراوە کە تێیدا پڕۆژەکانی تایبەت بە کۆگاکانی نەوت و داواکارییەکان دەدرێن بە حەسەن کوردی، لە بەرامبەر تێپەڕاندنی گرێبەستەکان لە وەزارەتی نەوتەوە بۆ وەزارەتی پیشەسازی، پاشان جێبەجێکردنیان لە ڕێگەی کۆمپانیا حکومییەکانەوە پێش ئەوەی بگەنە دەستی کوردی؛ ئەمەش وەک فێڵێکی یاسایی بۆ دەربازبوون لەو سنووردارکردنانەی کە ڕێگری دەکەن لە پێدانی گرێبەستە گەورەکان بە کەرتی تایبەت.
میکانیزمی گرێبەستەکان و داواکارییە وەهمییەکان
بەپێی زانیارییەکانی زامل، پڕۆژەی وا هەبووە بەهای نێوان ١٤ بۆ ١٥ ملیار دینار بووە، دراوە بە کۆمپانیا حکومییەکانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و بەرپرسان ڕێژەی خۆیان لێ بردووە، بەڵام لە ڕاستیدا جێبەجێکاری سەرەکی حەسەن کوردی بووە.
هەروەها باس لەوە کراوە کە لیژنەی کڕین لە پاڵاوگەکانی باکوور ڕاسپێردراون کە پۆستەی تایبەت بە گرێبەستەکان ڕاستەوخۆ بدەنە دەست حەسەن کوردی. ڕۆژانە نزیکەی ٢٥٠ داواکاری هەبووە کە بەهای هەر یەکێکیان کەمتر بووە لەو سنوورە داراییەی کە پێویستی بە ڕێکاری ئاڵۆزی گرێبەستکردن هەیە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی تێپەڕێت. تەنانەت باس لەوە دەکرێت پاڵاوگەکە ڕۆژانە نزیکەی ١١٠٠ داواکاری "وەهمی" دەرکردووە کە لە بودجەی کارپێکردن و وەبەرهێنانی پاڵاوگەکە پارەی بۆ دابینکراوە.
گرێبەستی کۆگاکان و سپیکردنەوەی پارە
تۆمەتەکان تەنها ئەمانە نین، بەڵکو باس لە دەستکاریکردنی بەهای گرێبەستەکانی دروستکردنی کۆگای نەوتی دەکرێت. زامل دەڵێت نرخ و تێچووی ڕاستەقینەی کۆگایەک ٣ ملیار دینارە، بەڵام بە ١٤ ملیار دینار گرێبەستی بۆ کراوە. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە کوردی لەم دۆسیەیەدا شەریکایەتی لەگەڵ کەسێک بە ناوی "هوکار کوردی" هەبووە.
جگە لەمانە، باس لە بوونی تۆڕێک بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات دەکرێت. بڕە پارە گەورەکان لە ڕێگەی بانکەکانی ناوەوە و دەرەوەی عێراق گواستراونەتەوە و دواتر بۆ کەسە نزیکەکانی حەسەن کوردی گەڕێنراونەتەوە لە بەرامبەر بڕێک عموله، کە ئەمەش وەک پڕۆسەی "سپیکردنەوەی پارە" ناوزەند دەکرێت.
لەنێوان تۆمەت و لێکۆڵینەوەدا
سەرەڕای فراوانیی ئەم تۆمەتانە، لایەنە دادوەری و ئەمنییەکان تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی فەرمییان سەبارەت بە جۆری ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی حەسەن کوردی کراون یان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕانەگەیاندووە، تەنها ئەوە نەبێت کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی وەزارەتی نەوت بەردەوامە.
چاودێران پێیان وایە قۆناغی داهاتوو وردەکاری زیاتر دەخاتە ڕوو، بەتایبەت کە حکومەت جەخت لە بەردەوامیی هەڵمەتەکەی دەکاتەوە.
لە بەرامبەردا، هەموو ئەم زانیارییانەی لەسەر زاری شارەزا یاساییەکان و ڕۆژنامەنووسانەوە هاتوون، تا ئێستا تەنها وەک "تۆمەت" دەمێننەوە و هیچ بڕیارێکی کۆتایی دادگایان لەسەر نەدراوە. ههروهك نهتوانرا لێدوانى حەسەن کوردی و ئهو لایەنانهى ناویان هێنراوه وهربگیرێت، لهكاتێكدا یهكلاكردنهوهى كۆتایی دۆسیهكه لای دادگای عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانە.