ڕوانگەی یاسایی بۆ دەستپێشخەریەکەی زەیدی بۆ لێخۆشبوون لەگەندەڵکاران بەرامبەر گێرانەوەی پارە دزراوەکان
٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٤ پاش نیوەڕۆ
فەرمان ڕەشاد
لە هەڵمەتی "بەرەبەیان" بۆ بەرەنگاری گەندەڵی، لایەنی هەرە مشتومڕاویی، پێشکەشکردنی ئۆفەرێکە لەلایەن زەیدی بۆ "پارێزبەندی و لێخۆشبوون"ە بۆ ئەو گەورە گەندەڵکارانەی کە ئامادەن پارە دزراوەکان بگەڕێننەوە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت.
پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا لێخۆشبوون لە گەندەڵکاران بەرامبەر پارە، لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان دەگونجێت؟
١. ڕێکەوتنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ قەڵاچۆی گەندەڵی
بەپێی ماددەی (٣٧)ی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کە عێراقیش واژۆی کردووە، ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە ڕێگاپێدراون، هاندانیشی بۆ دەکرێت. بڕگەکانی ئەم ماددەیە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەتان دەتوانن:
- سزاکان سووک بکەن (بڕگەی ٢): بۆ ئەو کەسانەی هاوکارییەکی کاریگەر دەکەن لە لێکۆڵینەوەکاندا.
- پارێزبەندی لە ڕاوەدوونانیان (بڕگەی ٣): بۆ ئەو کەسانەی زانیاری گرنگ دەدەن یان دەبنە هۆی گێڕانەوەی سامانەکان.
کەواتە لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەم بەشەی هەڵمەتی "بەرەبەیان" تاڕادەیەک پاڵپشتی هەیە، چونکە ئامانجی سەرەکی ڕێککەوتننامەکە تەنیا زیندانیکردن نییە، بەڵکو "کۆتایی هێنانە بە ژێرخانی دارایی گەندەڵی".
٢. گێڕانەوەی سامان: لە پێشینەی کارەکان
ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشی پێنجەمیدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گێڕانەوەی سامانە دزراوەکان "بنەمایەکی بنەڕەتی"یە. واتا پڕۆسەی دادگایی و زیندانی و سزادان لە خزمەت ئەم ئامانجەن، لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە بڕێکی زەبەلاح لە سامانی گشتی بەهەدەر دراوە باس لە سەدان ملیار دۆلار دەکرێت، حکومەت ڕەنگە گێڕانەوەی ئەم پارانە و خستنەگەڕیان لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا بە گرنگتر بزانێت لە مانەوەی گەندەڵکارێک لە زیندان بەبێ ئەوەی پارەکە بگڕێتەوە، یان پڕۆسەیەکی دوور و درێژی دادگایی و بەخەرجی و کاتێکی زۆر ئەنجامبدات.
٣. مەرجەکانی سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییە
بۆ ئەوەی ئەم کارەی حکومەتی نوێ نەبێتە هۆی برەودان بە "دەربازبوون لە سزا"، پێویستە چەند مەرجێکی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکە ڕەچاو بکرێت:
- شەفافییەت: پێویستە پرۆسەی گێڕانەوەی پارەکە و ناسنامەی کەسەکان (بۆ ڕای گشتی یان دەسەڵاتی دادوەری) ڕوون بێت.
- هاوکاریی تەواو: لێخۆشبوون نابێت تەنیا بەرامبەر بڕێک پارە بێت، بەڵکو دەبێت گەندەڵکارەکە سەرچاوەی گەندەڵییەکانی تر و تۆڕە شاراوەکان ئاشکرا بکات، بەجۆرێک لەسەرچاوەکەی وشک بکرێت.
- گونجان لەگەڵ دەستوور: بڕگەی ٣ی ماددەی ٣٧ دەڵێت ئەم پارێزبەندییە دەبێت "بەپێی بنەما بنەڕەتییەکانی یاسای ناوخۆیی" بێت. واتە نابێت مافی کەسیی و سکاڵای هاووڵاتیان پێشێلبکرێت.
٤. ئاستەنگەکان و مەترسییەکان
هەرچەندە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکە ڕێگەی پێ داوە، بەڵام مەترسی هەیە ئەم جۆرە ئۆفەرانە وەک "کڕینەوەی ئازادی" سەیر بکرێن. ئەگەر گەندەڵکارێک ١ ملیار دۆلاری دزیبێت و تەنیا ٢٠٠ ملیۆن بگەڕێنێتەوە و ئازاد بکرێت، ئەمە دەبێتە هاندەرێک بۆ گەندەڵی زیاتر لە داهاتوودا. بۆیە ڕێککەوتننامەکە جەخت دەکاتەوە کە هاوکارییەکە دەبێت "کاریگەر و ڕاستەقینە" بێت.
خاڵێکی دیکە نادادپەروەری: دەکرێت کەسێک لەسەر گەندەڵی بچوک سزا بدرێت، بەڵام گەندەڵکاری گەورە بەم شێوەیە دەربازی بێت.
ئاماژەیەکی دیکە ڕەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ترس لە دادگا و سزا، بەو پێیەی گەندەڵەکە وابیردەکاتەوە ئەگەر ئاشکرابوو، دەتوانێت بەگێڕانەوەی پارەکە خۆی دەرباز بکات، بەپێچەوانەشەوە پارەکە بدزێت.
پێویستە چی بکرێت؟
لە عێراق لە یاسای دەستەی دەسپاکی و یاسای ئسوڵ محاکەمات بەشێوەی سنوردار ڕێگا بەم جۆرە مامەڵەیە دراوە، بەڵام هەمیشە مەترسی خراپ بەکارهێنانی تێدایە، ئەگەر حکومەتی عێراق هەر سوور بێت لەسەر ئەم ڕێگا چارەیە، باشترین هەنگاو ڕێکخستنی ئەم دەستپێشخەریەیە بەپێی یاسا.
ئەزمونی میسر بەنمونە؟
لەساڵی ۲۰۱٥ بۆ ئامانجێکی هاوشێوە و گێڕانەوەی پارەی گەندەڵی زەمەنی حکومڕانی حوسنی موبارەک، یاسای دادبینی سزایی میسر هەموار کرایەوە، بڕگەیەک بۆ ئەم جۆرە ڕێکەوتنە ـ تسویەـ بۆ گەڕاندنەوەی پارەی گەندەڵی جێکرایەوە، هەروەها یاسای دامەزراوەی بەدەستهێنانی دارایی ناڕەوا ـ کسب غیر المشروع ـ هەموارکرایەوە، دەسەڵاتی پێدرا بۆ ئەوەی لەڕێی لیژنەیەکەوە ئەم کاری ڕێکەوتن و لێخۆشبونە بکات، دەکرێت عێراقیش پڕۆسەکە بە یاسایی بکات، بۆ ئەوەی بەشێک لەگەرەنتی خراپ بەکارنەهێنانی بکرێت.
دواجاڕ پێویستە بوترێت ئەم جۆرە پڕۆسەیە هەمیشە لەژێر مەترسی خراپ بەکارهێنان دەمێنێتەوە، بەتایبەت لەحاڵەتی لاوازی دامەزراوەیی لە شێوەی عێراق.