لە سەرۆکایەتییەوە بۆ شوێنی پارێزراو؛ ئەحمەدی نەژاد چۆن بووە چەقی شەڕی میدیایی تەلئەبیب و تاران؟

٢٤ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٢ پاش نیوەڕۆ

 لە سەرۆکایەتییەوە بۆ شوێنی پارێزراو؛ ئەحمەدی نەژاد چۆن بووە چەقی شەڕی میدیایی تەلئەبیب و تاران؟

پەنجەرە

دوو ڕاپۆرت کە یەکێکیان لەلایەن ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی و ئەوی تریان لەلایەن ڕۆژنامەی "هاارتس"ی ئیسرائیلییەوە بەم دواییانەدا بڵاوکرانەوە، دەنگدانەوە و مشتومڕێکی بەربڵاویان نایەوە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی پلانێکی ئیسرائیلی دەکەن بۆ گۆڕینی ڕژێمی حوکمرانی لە ئێران.

بەپێی ئەو دوو ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ئیسرائیل تاوتوێی ئەگەری پێشخستنی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێرانیان کردووە بۆ ئەوەی ببێتە "ڕوخسار و کاراکتەری سەرەکی" لە قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامیدا. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە کە ئەم هەنگاوانە لە کاتی شەڕەکەدا چڕتر بوونەتەوە.

هەروەها هەردوو ڕاپۆرتەکە ئاشکرایانکردووە کە "دەیڤید بەرنییاع"، سەرۆکی پێشووی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل، خۆی سەرپەرشتی بەشێک لەم هەوڵانەی  کردووە، کە وتراوە کۆبوونەوەیەکی لە بوداپێست لەخۆگرتووە. لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی هاارتس زیادی کردووە کە ئەم جووڵانەیە تەنها لەسەر ئەحمەدی نەژاد نەوەستاون، بەڵکو پلانی دزەکردنە ناوەوەی ئێران و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ گروپە کەمینەکان، لە پاڵ گفتوگۆکردن لەسەر ستراتیژێکی بەرفراوانتر بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکە لەخۆگرتووە.

ئەم دوو ڕاپۆرتە بەهۆی تێدابوونی زانیاریی سەرنجڕاکێش و نائاسایی، گرنگییەکی زۆریان پێدرا، ئەمەش پرسیاری زۆری دروستکردووە لەسەر ڕادەی ڕاستییان، و ئایا ڕەنگدانەوەی جووڵەی ڕاستەقینەن یان دەکەونە چوارچێوەی ئەو شەڕە زانیارییەی (شەڕی میدیایی) لە نێوان هەردوولادا هەیە. نە لایەنی ئیسرائیلی و نە لایەنی ئێرانی ڕاستی ئەم زانیارییانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ڕاستی ئەم هەواڵە بڵاوکراوانە چییە؟

لە بەرامبەردا، نووسینگەی ئەحمەدی نەژاد ناوەڕۆکی ئەم ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە و ئەم بانگەشەیانەی بە "پێکەنیناوی" و "تەواو درۆ" وەسف کرد، تەنانەت وەک گێڕانەوەیەکی "هۆلیوودی" ناوزەندی کرد. ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران نزیکەی مانگێک لەمەوبەر ڕایانگەیاندبوو کە ئەحمەدی نەژاد گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو، دوای ئەوەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی لە ڕێکەوتی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ کەوتە بەر هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل؛ کە ئەمەش هەمان ئەو ڕۆژە بوو کە ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکەمین هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد.

سەبارەت بە ڕادەی ڕاستی ئەم ڕاپۆرتانە، "بابەک دوربیکی" شیکەرەوەی سیاسیی نیشتەجێی لەندەن و بەرپرسی پێشوو لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ DW جەخت دەکاتەوە کە: "هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ و بەردەست بۆ رای گشتی نییە کە ئەم گێڕانەوەیە پشتڕاست بکاتەوە یان بە تەواوی ڕەتی بکاتەوە". بۆیە "ناکرێت وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بە هەمان شێوەش ناکرێت تەنها لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی لایەنەکان، پشتگوێ بخرێت".

له بەر ئەوەی ناکرێت بڕیاری کۆتایی لەم بابەتەدا بدرێت، ئەم شیکەرەوە سیاسییە ئاماژە بە پێویستی سەرنجدان لەسەر دوو خاڵ دەکات: "پێگەی ئێستای ئەحمەدی نەژاد لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ئێران، و پاشان ئامانجی سیاسی لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە چیرۆکانە".

ئەحمەدی نەژاد؛ "دوورخراوە" لە ناوەندەکانی بڕیاردان

ئەحمەدی نەژاد لە خولەکانی کۆتاییدا لە لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران دوورخرایەوە، ئەمەش لەلایەن زۆرێک لە ناوخۆی ئێرانەوە وەک پەیامێک بینرا کە نیشانی دەدات ناوەندەکانی هێز لە کۆماری ئیسلامیدا هیچ ئارەزوویەکیان نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بۆ ناو بازنەکانی بڕیاردان. 

زۆرێک لە ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان دەڵێن لە دوای کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی ٢٠١٣دا، پەیوەندیی ئەحمەدی نەژاد، کە خۆی لە ڕێگەی ڕەوتی توندڕەوەکانەوە گەیشتبووە دەسەڵات، لەگەڵ دامەزراوەکانی ڕژێم تێکچووە، چ لەگەڵ نووسینگەی ڕێبەری باڵا، یان سوپای پاسداران، یانیش ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور.

لەگەڵ ئەوەشدا، دوربیکی پێیوایە کە ئەحمەدی نەژاد "هێشتا خاوەنی بنکەیەکی جەماوەرییە و دەستبەرداری تەماحی سیاسی خۆی نەبووە". بەڵام ئەمە لای ئەو مەرج نییە بە واتای بوونی کاریگەریی ڕاستەقینە بێت لە ناو ڕژێمی ئێراندا. ئەم بۆچوونەش لەلایەن "وەحید هەروئابادی" پشتڕاست دەکرێتەوە، کە پیاوێکی ئاینیی شیعەی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی ئێرانە و لە نووسینگەی ئەحمەدی نەژادەوە نزیک بووە. 
ئەو دووریدەخاتەوە کە نەژاد لە ئێستادا بتوانێت ڕۆڵێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە بگێڕێت، چونکە ئەو وەک کەناڵێکی پەیوەندیی جێی متمانە نابینرێت، "نە لەگەڵ شەقامی ئێرانی و نە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان". ئەو دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە "ئەو کەسانەی دەتوانن ڕۆڵ لە ئێستا یان داهاتووی ئێراندا بگێڕن، تەنها ئەو کەسانەن کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە".
 هەروئابادی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ DW دەشڵێت: تەنانەت لە ئەگەری ڕووخانی ڕژێمیشدا، زۆر دوورە هیچ حکومەتێکی بیانی کە هەوڵی سەپاندنی گۆڕینی ڕژێم دەدات، پشت بە کەسایەتییەکی پۆپۆلیستی و پڕ لە مشتومڕی ئاوا ببەستێت کە ڕا و بۆچوونی دژ بەیەک لەسەر کەسایەتییەکەی هەیە.

کێ لەم چیرۆکەدا سوودمەندە؟

بەپێی گوتەی شیکەرەوەی سیاسی بابەک دوربیکی، ئێران و ئیسرائیل پێکەوە سوودمەندن لەم چیرۆکەی کە دەڵێت ئیسرائیل ئەحمەدی نەژادی "ڕاکێشاوە" بۆ لای خۆی. دەسەڵاتدارانی ئێران لەوانەیە ئەمە بەکاربهێنن بۆ بەهێزکردنی ئەو بیرۆکەیەی کە تەنانەت سەرۆک کۆماری پێشووش دەکرێت ببێتە ئامانجی کاریگەری یان دزەکردنی بیانی، ئەمەش "شەرعیەت" دەدات بە توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و قووڵکردنەوەی دۆخی گومان و ڕاڕایی لە ناوخۆی وڵاتدا.
بە هەمان شێوە بۆ ئیسرائیلیش، کە "ئەم چیرۆکە وەک ئامانجێکی هەواڵگری" بەکاردەهێنێت، لە ڕێگەی نیشاندانی وێنەیەکی خۆی کە گوایە دەتوانێت بگاتە ناو قوڵایی ئێران و دزەی تێدا بکات و گومان لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دروست بکات.
ناکرێت بەدواداچوون بۆ ناوەڕۆکی ئەم ڕاپۆرتانە بکرێت بەبێ بەستنەوەیان بە شەڕێکی زانیاریی بەرفراوانتر لە نێوان نەیارەکاندا، لەوانەش خستنەڕووی سیناریۆکان بۆ قۆناغی دوای "کۆماری ئیسلامی". تەنانەت ئەگەر هەندێک لەم سیناریۆیانە دووریش بن لە پێشهاتە ڕاستەقینەکان، بەڵام ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ململانێ لەگەڵ ئێران پەرەی سەندووە بۆ شەڕی گێڕانەوە و چیرۆکە میدیاییەکانیش، کە ڕەنگە هەندێکیان، تەنانەت ئەگەر پشتڕاستیش نەکرێنەوە، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بەشێکی بەرفراوانی ڕای گشتی هەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو