عومەر گوڵپی: دەسەڵات لە ٣٠ مانگدا ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و یەک دیناریشی نەچووەتە خەزێنەی دەوڵەتەوە

٢٤ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٤ پاش نیوەڕۆ

عومەر گوڵپی: دەسەڵات لە ٣٠ مانگدا ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و یەک دیناریشی نەچووەتە خەزێنەی دەوڵەتەوە

پەنجەرە

عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، هێرش دەکاتە سەر سیاسەتی نەوت و سوتەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی، و ڕایدەگەیەنێت کە سەرەڕای بوونی بڕێکی زۆری نەوت لەبەردەستیاندا، ئامادەنەبوون سوتەمەنی هەرزان پێشکەشی هاوڵاتیان بکەن.

٢٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و بەردەوامی گرانی سوتەمەنی

عومەر گوڵپی لە ڕەخنەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتداران گلەیی لە کەمیی پێدانی (٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکەن و دەیکەنە هۆکارێک بۆ گرانی بەنزین و سوتەمەنییەکانی تر، لە کاتێکدا ڕاستییەکان پێچەوانەن.

گوڵپی ڕوونیکردەوە: پاش وەستانی فرۆشتنی نەوت بە بۆری لە مانگی (٣)ی ساڵی (٢٠٢٣) تا مانگی (٩)ی ساڵی (٢٠٢٥)، نەوەک (٥٠ هەزار)، بەڵکو هەموو ڕۆژێک (٢٢٠ هەزار) بەرمیل نەوتیان لەبەردەست بوو، کەچی یەک لیتر بەنزینیان بە (٤٥٠ دینار) و بەرمیلێک نەوتیان بە (٤٥ هەزار) دینار بە خەڵک نەدا."

١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت کوا داهاتەکەی؟

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو تیشکی خستە سەر قەبارەی ئەو نەوتەی لەو ماوەیەدا فرۆشراوە و دەڵێت، لەو ماوەیەی ئاماژەی پێکراوە کە نزیکەی (٣٠) مانگ دەکات، نزیکەی (١٠٠ ملیۆن) بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
گوڵپی جەختی لەوەش کردەوە کە نەک هەر سوتەمەنی هەرزان بە خەڵک نەدراوە، بەڵکو تەنانەت یەک دیناری داهاتی ئەو (١٠٠ ملیۆن) بەرمیلەش نەدراوەتە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بازرگانیکردن بە نەوت لەسەر حسابی هاوڵاتیان

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، عومەر گوڵپی هۆکاری بنەڕەتی ئەم قەیرانە بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی دەسەڵاتداران دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر هەموو نەوتی کەنداو لەبەردەست پارتی و یەکێتی و حکومەتەکەیاندا بێت، هەرگیز نابێتە هۆی هەرزانی سوتەمەنی بۆ خەڵک. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە ئەمانە خۆیان بازرگانی نەوت و سوتەمەنین و ئامادە نین لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکدا دەست لە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان هەڵبگرن."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو