لە هورمزەوە بۆ دەریای سوور و ناوەڕاست؛ بازدانی ستراتیژی عێراق لە کەرتی وزەدا

٢٤ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٧ پاش نیوەڕۆ

 لە هورمزەوە بۆ دەریای سوور و ناوەڕاست؛ بازدانی ستراتیژی عێراق لە کەرتی وزەدا

پەنجەرە

جوگرافیای سیاسی دووبارە بڕیارەکانی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەپێنێتەوە؛ لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو ململانێیەی کە بووە هۆی داخرانی گەرووی هورمز و ڕاگرتنی گەشتی دەریایی لە کەنداوی عەرەبی، عێراق وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە «ئۆپیک»، خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدا دەبینێتەوە بۆ پاراستنی شادەماری سەرەکی و تاكە سەرچاوەی ئابوورییەکەی.

عێراق بە شێوەیەکی ئاسایی ڕۆژانە نزیکەی 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، بەڵام داخرانی گەرووی هورمز بووە هۆی ئەوەی نزیکەی 95٪ی ئەم هەناردەکردنە ڕووبەڕووی گرفت ببێتەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پشتبەستنی تەواوی ژێرخانی هەناردەکردنی وڵاتەکە بەم دەروازە دەریاییە گرنگە، کە زیانی ملیارەها دۆلاری مانگانەی لە بودجەی عێراق داوە.
لەم سۆنگەیەوە، دۆزینەوەی جێگرەوەی هورمز بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت بووە بە لەپێشینەترین ستراتیژی بۆ بەغدا. 

هەوڵەکان خێرا کراونەتەوە بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی ڕێڕەوە وشکانییەکان و هێڵەکانی بۆری کە دەگەنە دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، بەمەش پشتبەستنی مێژوویی بە گەرووی هورمز کەم دەبێتەوە. ئەم ئاراستەیە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن کە ڕۆژی شەممە کۆتایی هات، گوڕوتینێکی زیاتری بەخۆیەوە بینی، کە تێیدا مەلەفی «ئاسایشی وزە و هەمەجۆکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن» لە سەرووی ئەجێندای گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکیدا بوو.

بەدیلە بەردەستەکان

لەبەر ئەوەی دروستکردنی بۆرییە زەبەلاحەکان پێویستی بە چەندین ساڵ هەیە، بەغدا پەنای بۆ خێراترین چارەسەر برد کە بتوانرێت لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێت، ئەویش: کاروانی بارهەڵگر و تەنکەرە وشکانییەکانە. 
لە کۆتایییەکانی نیسانی 2026ـەوە، عێراق دەستی کردووە بە کردنەوەی ڕێڕەوە وشکانییە لۆجستییە ئاڵۆز و تێچوو بەرزەکان بۆ ئاراستەکردنی کاروانی تەنکەرەکانی نەوت لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی «ئەلوەلید» و «ڕەبیعە - یەعربێ»، کە ڕاستەوخۆ بەرەو بەندەری بانیاسی سووری لەسەر دەریای ناوەڕاست بەڕێ دەکەون، بۆ ئەوەی لەوێوە لە ڕێگەی ئەو کەشتیانەوە باربکرێن کە گرژییەکانی «هورمز» کاریگەرییان لەسەر دروست ناکات.

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، گرێبەستی گواستنەوەی 650 هەزار تۆن مانگانە لە «ڕۆنی سووتەمەنی (فەیول)»ی لە ڕێگەی ئەم ڕێگا دەستبەجێیەوە لە ماوەی نێوان نیسان تا حوزەیرانی ڕابردوو واژۆ کردووە. داتا مەیدانییەکانی ئەم دواییانە نیشانی دەدەن کە هەناردەی بانیاس لە ڕۆنی سووتەمەنی عێراقی لە مانگی ئایاری ڕابردوودا گەیشتووەتە 122 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و لە سەرەتای حوزەیرانی دوای ئەویشدا بۆ 140 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی تێپەڕبوونی سەدان بارهەڵگر بە شێوەی ڕۆژانە کە پێشتر ملیۆنان بەرمیلیان گواستووەتەوە.

سەرکەوتنی ئەم ڕێڕەوە حکومەتی عێراقی هاندا بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی؛ بەجۆرێک پلانێکی دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی سووریاوە، لەگەڵ هەناردەکردنی ماددەی «ناپسا»، لە کاتێکدا دیمەشق کاردەکات بۆ زیادکردنی توانای وەرگرتنی بەندەری بانیاس بۆ نزیکەی 900 تەنکەر لە ڕۆژێکدا بۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم لێشاوە گەشەسەندووەدا.

دووبارە کێشانەوەی نەخشەی هەناردەکردن

سەرەڕای گرنگی ئەم چارەسەرە کاتییانە، بەڵام ئەوانە تەنها قۆناغێکی ڕاگوزەرن لە چوارچێوەی ستراتیژێکی فراوانتردا کە ئامانجی کەمکردنەوەی هەمیشەیی پشتبەستنی عێراقە بە گەرووی هورمز. تەوەرە سەرەکییەکە لەم ستراتیژەدا پێکهاتووە لە دروستکردنی تۆڕێک لە هێڵەکانی بۆری نێوان وڵاتان، کە دەروازەی هەناردەکردنی فرەچەشن بە بەغدا دەبەخشێت و مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان کەم دەکاتەوە کە «قەیرانی هورمز» ئاشکرای کردن.

لەم چوارچێوەیەدا، «پڕۆژەی بۆری بەسرە - عەقەبە» گوڕوتینێکی بێپێشینەی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی ئەو گفتوگۆیانەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە واشنتۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی و بە پاڵپشتی ئەمریکا ئەنجامی دان، بوونە هۆی ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی پڕۆژەکە.

پڕۆژەکە کە تێچووەکەی بە نزیکەی 18 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ژێرخانی نەوتی لە ناوچەکەدا؛ بەو پێیەی نزیکەی 1600 کیلۆمەتر لە کێڵگەکانی بەسرە لە باشووری عێراقەوە تا بەندەری عەقەبەی ئوردنی لەسەر دەریای سوور درێژ دەبێتەوە، بە ناوچەی حەدیسەی سعوودیەدا تێپەڕ دەبێت، و توانای دیزاینکراوی دەگاتە 2.25 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
 لەم چوارچێوەیەشدا، پڕۆژەی زیندووکردنەوەی «هێڵی بۆری کەرکووک - بانیاس» کە لە ساڵی 1982ـەوە ڕاگیراوە، دوای سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن، وزەیەکی سیاسی نوێی وەرگرت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی لە زیندووکردنەوەی پڕۆژەکە کرد وەک یەکێک لە ڕێڕەوە ستراتیژییەکان بۆ هەمەجۆکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرەو دەریای ناوەڕاست، لە چوارچێوەی دیدگایەکی فراوانتر بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی ئابووری لەگەڵ بەغدا و کەمکردنەوەی پشتبەستنی بەو ڕێڕەوە دەریاییانەی کە لەژێر مەترسیدان.

ئامانجی پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوەی هێڵەکەیە بە توانایەکی دیزاینکراو کە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل بێت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش دەروازەیەکی زیادە بۆ هەناردەی عێراق لە دەرەوەی گەرووی هورمز دابین دەکات، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە ڕێککەوتنی عێراق-سووریا تایبەت بە پڕۆژەکە کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی ناوچەیی. 
هەروەها نێردەی تایبەتی ئەمریکا، تۆم باڕاک، پێی وابوو کە پەرەپێدانی ئەم ڕێڕەوانە دەبێتە هۆی ئەوەی گەرووی هورمز بۆ لێشاوی نەوت لە ناوچەکەدا ببێتە «تەنها بیرۆکەیەکی لاوەکی».

وەبەرهێنان بۆ چەسپاندنی «ڕێڕەوەکانی دوای هورمز»

جووڵەکان تەنها لەسەر لێکتێگەیشتنی سیاسی نەوەستان، بەڵکو سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق شایەتی واژۆکردنی کۆمەڵێک ڕێککەوتنی بەرفراوان بوو لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە بەهای گشتییان گەیشتە نزیکەی 60 ملیار دۆلار، و کەرتەکانی وزە، ژێرخان، پەیوەندییەکان و تەندروستی گرتەوە، لە کاتێکدا کەرتی وزە پشکی شێری بەرکەوت لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ هەمەجۆکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەنداوی عەرەبی.

لەم سۆنگەیەوە، کۆمپانیای «شیڤرۆن» 3 ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کرد، کە دووانیان سەرنجیان لەسەر پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بوو لە باشووری عێراق، لە کاتێکدا سێیەمینیان تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوە لە دروستکردنی تۆڕێکی نوێی بۆری کە کێڵگەکانی باشوور بە ناوچەی حەدیسەوە دەبەستێتەوە، تا دەگاتە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، بەمەش دەروازەیەکی هەناردەکردنی بەدیل و دوور لە گەرووی هورمز دابین دەکات.

له‌ میانه‌ی دیدارەکەیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی «شیڤرۆن» له‌ هیوستن، زه‌یدی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ عێراق هاوبه‌شی و وه‌به‌رهێنانی درێژخایه‌نی ده‌وێت، نه‌ك ته‌نها به‌ڵێندەرایەتی، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئاراستەی حکومەتی نوێ بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی ستراتیژی کە نەخشەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دووبارە دەکێشێتەوە.

بەرژەوەندییە هاوبەشەکان

ڕەهەندەکانی ئەم پڕۆژانە لە پێداویستییە نەوتییەکانی عێراق تێدەپەڕن، و لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییە گەورەکانی دراوسێکانیدا یەکدەگرنەوە؛ بۆ سووریا، گەڕانەوەی لێشاوی نەوتی عێراق داهاتێکی باوەڕپێکراو و بەردەوامی لە ڕسۆماتی تێپەڕبوون پێدەبەخشێت، و نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان دابین دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمیی توندی سووتەمەنی، بەمەش بەشدار دەبێت لە دابینکردنی تێچووی ئاوەدانکردنەوە. 
هەروەها پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئەم پەیوەندییە، ڕێگایەکی خێراتر بۆ دیمەشق خۆش دەکات بەرەو تێکەڵبوونی ئابووری ناوچەیی.
سەبارەت بە ئوردن، پڕۆژەکە پێگەی وەک چەقێکی ئاسایشی و لۆجستی سەقامگیر بۆ هێڵەکانی وزەی نێودەوڵەتی لەسەر دەریای سوور (بەندەری عەقەبە) بەهێز دەکات؛ ئەمەش دابینکردنی سەقامگیری وزە و داهاتی دارایی بۆ مسۆگەر دەکات کە پاڵپشتی سەقامگیری ئابووری دەکات لە ژێر ڕۆشنایی قەیرانەکانی دەوروبەریدا.
لەلایەکی دیکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەیری ئەم پڕۆژانە دەکات وەک بەشێک لە ستراتیژێکی فراوانتر بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری ناوچەیی، هەمەجۆکردنی ڕێڕەوەکانی وزە، و فراوانکردنی ئامادەیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەی عێراقدا.

ئالەنگارییەکانی جێبەجێکردن

سەرەڕای ئەو گوڕوتینە سیاسییەی کە ئەم ئاراستەیە بەدەستی هێناوە، بەڵام ڕێگاکە هێشتا پڕە لە ئالەنگاری. ڕێڕەوە وشکانییە پێشنیارکراوەکان بەو ناوچانەدا تێپەڕ دەبن کە هێشتا شانەکانی ڕێکخراوی «داعش» تێیدا چالاکن؛ ئەمەش پێویستییەکی ئەمنی گەورە دەسەپێنێت بۆ پاراستنی ژێرخانەکە.

هەروەها گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە تێچووی بارهەڵگرتن بەراورد بە ڕێڕەوە نەریتییەکان لە ڕێگەی کەنداوەوە بەرز دەکاتەوە، بەتایبەت کە بازاڕە سەرەکۆییەکانی نەوتی عێراق لە ئاسیادان، لە سەرووی هەموویانەوە چین و هیندستان؛ ئەمەش واتە زیادبوونی کاتی گەشتە دەریاییەکان بە نزیکەی 10 ڕۆژ بەراورد بە ڕێڕەوی کەنداو.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاردەران لە بەغدا پێیان وایە کە تێچووی هەمەجۆکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن زۆر کەمترە لە تێچووی پشتبەستن بە یەک ڕێڕەو، کە پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکان سەلماندیان دەکرێت لە هەر ساتێکدا ببێتە خاڵێکی خنکێنەر کە هەڕەشە لە تەواوی ئابووری عێراق بکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو