لە نێوان جەنگی بەوەکالەت و جەمسەربەندیی نوێی وزەدا: عێراق لە ناوەندی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی واشنتۆن، ئەنقەرە و ڕیاز
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شیکردنەوەی دۆخی جیۆپۆلۆتیکی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەممووزی ٢٠٢٦دا، هەڵکشانێکی مەترسیدار لە هاوکێشەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەردەخات کە تێیدا جۆگرافیای سیاسی و ژێرخانی وزەی عێراق بونەتە میحوەر و گۆڕەپانی یەکلاکەرەوە.
ڕووداوە سەربازییەکانی دوای ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ و هەڵکشانی جەنگی گەرمو سارد و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراقی خستۆتە ناوبەردی ئاشی گوشارە جیۆئابووری و ئەمنییەکانەوە. لە لایەکەوە، هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕێگەی سەردانە ستراتیژییەکەی بۆ واشنتۆن و دواتر بۆ ئەنقەرە، هەوڵێک بوون بۆ دۆزینەوەی دەربازگەیەک لە سزاکانی ئەمریکا و چارەسەرکردنی قەیرانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کاراکردنەوەی بۆڕی نەوتی کەرکووک-جەیهان و بەستنەوەی ژێرخانی وزەی عێراق بە بازاڕەکانی ئەوروپاوە.
ئەم جولەیەی بەغدا بەرەو بەرەی باکوور و ڕۆژئاوا، کە هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی هێڵی بۆڕی نەوت بەرەو بەندەری یەنبەعی سعودیە لە دەریای سوور تاوەکو ئاستی دیزاینکراوی ٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا پڕبکرێتەوە، ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕەها بوو بە گەرووی هورمز کە لە سەدا ٩٤ی هاتووچۆی ئاویی تێدا پەککەوتووە و هەروەها پاشەکشەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقی لە ٤.٣ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیل بە هەناردەو بە بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ڕۆژێکدا بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیای نەوتی بەسڕە لە ٢٠ی ئاداردا بارودۆخی نائاسایی ڕاگەیاند و هەتا ئێستاش ئەو بارودۆخە بەردەوامە، چونکە ئەم هاوکێشە ئابوورییە ئاڵۆزانە ڕاستەوخۆ بەر چەکی میلیشیاکان و دۆخی سەربازی مەیدانی ناوچەکە کەوتن.
ئەم وەرچەرخانە جیۆپۆلۆتیکییەی عێراق و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاوسەنگی، ڕاستەوخۆ تووشی پێکدادان بووەوە لەگەڵ کاردانەوە سەربازییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) و هێزەکانی سعودیە. دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕێگەی بە وەڵامدانەوەی سەربازی دا بەرامبەر ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەمریکا کە بوونە هۆی کوژرانی ٢٢ چەکداری دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار و کوژرانی فەرماندەی ئۆپەرسیۆنەکانی ئەنبار، سەعد ئەلبەیجی لە ٢٤ و ٢٥ی ئاداردا، پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکانیدا گەیشتە قۆناغی زۆر خراپ.
هاوئاهەنگیی مەیدانی و هێرشی ئاسمانیی هاوبەشی بەپەلەی سوپای ئاسمانیی سعودیە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەدا بۆ سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژهەڵاتی عێراق، هێڵێکی سووری نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و بەغدا کێشا. ئەم هێرشە دوای ئەوە هات کە بەشێک لە هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، بە پشتبەستن بە توانا لۆجیستییەکانیان لە چوارچێوەی ٢٣٨,٠٠٠ چەکداری حەشدی شەعبی و بە بڕی ٣.٦ ملیار دۆلار بودجەی ساڵانە لە ژێر یاسای ژمارە ٤٠ی ساڵی ٢٠١٦دا، زیاتر لە ٣٠ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان (لەوانەش بەکارهێنانی دڕۆنی شەهەد) بۆ سەر ڕیاز و دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سعودیە ئەنجامدا، کە بەشێکی زۆریان لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگاکانی نەجەف و موسەننا و بە تایبەت لەو زەوییانەوە هەڵدرابوون کە لە ژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیای موهەندیسدا بوون.
تەقینەوەی ئەم دۆخە سەربازییە لە باکوورەوە، ڕاستەوخۆ ئاوێتەی بەرەی باشووری سعودیە بووەوە کە تێیدا بزووتنەوەی حوسییەکان لە یەمەن دوای ڕێگریکردنی سعودیە لە نیشتنەوەی فڕۆکەی شاندی حوسییەکان لە سەنعاء، هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانیان بۆ سەر کۆمەڵگە نەوتییەکانی جیزان دەستپێکردەوە و گەمارۆیەکی مەتریسیداریان بەسەر گەرووی باب ئەلمەندەبدا سەپاند.
بەم شێوەیە، ڕیاز خۆی لە ناوەڕاستی گەمارۆیەکی سێ-لایەنەی مەترسیداردا بینییەوە؛ حوسییەکان لە باشوورەوە، ئێران لە ڕۆژهەڵاتەوە، و عێراق بە درێژایی ٨١٤ کیلۆمەتر سنوری بیابانیی تەخت و بێ بەربەستی سروشتی لە باکوورەوە کە پەرژینە ئەلیکترۆنییە ٥ چێنەکەی ساڵی ٢٠١٤ی سعودیە ناتوانێت ڕێگری لە جووڵەی سەربازی و ئەگەری بەکار هێنانی هێزی پیادە بۆ سەر شاری عەرعەر و نەخۆشخانە و ژێرخانە ئاوییەکان بکات.
ئەم شڵەقانی ئاسایشە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە دیدگای ٢٠٣٠ی محەمەد بن سەلمان و کورتهێنانی بودجەی سعودیە دەکات کە گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی ٢٠١٨ەوە.
لە هەموشی زەقتر، نەبوونی زانیاری و هاوکاریی ڕاستەقینەی شاندی ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حسین و قاسم ئەلئەعڕەجی لە کۆبوونەوەکەی ١٢ی تەممووزی ڕیازدا، کاتێک ڕیازیان بە بەڵگەی فڕینی دڕۆنەکان لە ناو خاکی عێراقەوە ڕووبەڕوو کردەوە، وایکرد کە سەردانەکەی ئەلزەیدی لە ٣٠ی تەممووزدا بۆ سعودیە پێش وەخت تووشی داڕمانی دیپلۆماسی بێت.
لە ئۆپەرسیۆنە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن، بەغدا و ڕیازدا، دیپلۆماسیی وزە بووەتە قوربانیی یەکەمی جەنگێکی بەوەکالەت و ئەگەری داڕمانی بێلایەنیی نیوەچڵی عێراق، کاتێک جوغرافیای سیاسی ناوچەکە بەرەو دابەشبوونێکی سەربازیی دەڕوات کە تێیدا سنورە وشکانییەکان و هێڵەکانی بۆڕی نەوت، لە فڕۆکە و مووشەکە بالیستییەکان زیاتر چارەنووسی دەسەڵات و جەنگەکان یەکلا دەکەنەوە.