لە نێوان تاران و واشنتۆندا؛ ترسی عێراق لە لێکەوتەی سزاکانی ئەمریکا

١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٥٣ پاش نیوەڕۆ

 لە نێوان تاران و واشنتۆندا؛ ترسی عێراق لە لێکەوتەی سزاکانی ئەمریکا

پەنجەرە

بڕیاری نوێی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزاکان، واتای زۆر توندکردنی ئەو سزایانەیە کە پێشتر لەسەر کەرتەکانی بازرگانی، دارایی و وزەی ئێرانی هەبوون. 
نیگەرانیی گەورەی بەغدا لەم نێوەندەدا تەنیا بازرگانی و کارەبا نییە، بەڵکو کەرتی دارایی و بانکەکانیش دەگرێتەوە. چونکە لە ڕۆژانی داهاتوودا، چاودێرییەکی زۆر توند دەخرێتە سەر ناردنی پارە (حەواڵە)، جووڵەی بانکەکان، کۆمپانیاکان و ئەو کەسانەی کار و بازرگانییان بە بازاڕی ئێرانەوە بەستراوەتەوە.

محەممەد ئەلزەیدی دەڵێت: لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەوڵەکان بۆ پەراوێزخستنی لە جیهاندا، عێراق کەوتووەتە دۆخێکی ئابووریی زۆر سەختەوە. عێراق لە نێوان دوو ڕێگەدا ماوەتەوە: لە لایەک دەیەوێت پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەمریکادا بهێڵێتەوە، لە لایەکی ترەوە بەردەوامبوونی کار و مامەڵەی لەگەڵ ئێراندا ڕەنگە بەغدا و بانکەکانی تووشی سزای قورس بکات؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئابووریی عێراق بەهۆی کەمبوونەوەی فرۆشتنی نەوتەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە.

شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە فراوانبوونی سزاکان بۆ سەر ئێران و ئەو وڵاتانەی کاری لەگەڵ دەکەن، مەترسیی گەورە بۆ سەر ئابووریی عێراق دروست دەکات. ئەم مەترسییە تەنیا کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل ناگرێتەوە، بەڵکو کار دەکاتە سەر نەوت، کارەبا و حەواڵەکردنی پارەش. 
ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق بۆ کارەبا هێشتا بەشێکی پشت بە گازی ئێران دەبەستێت، لە لایەکی تریشەوە بەهۆی ئاڵۆزییەکان و داخرانی بەردەوامی گەرووی هورمز، فرۆشتنی نەوتەکەی کەوتووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە.
توێژەرانی ئابووری دەڵێن ئەمریکا شێوازی سزادانی تارانی گۆڕیوە؛ لەبری ئەوەی تەنیا سزای ئێران بدات، ئێستا بە شێوازێک کار دەکات کە هەر وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات تووشی مەترسی ببێتەوە. 
ئەمریکا سزای ناڕاستەوخۆی وڵاتانی تری فراوان کردووە تا تەنیا کۆمپانیا و بانکە ئێرانییەکان نەگرێتەوە، بەڵکو ئەو کۆمپانیا، بانک، ناوبژیوان، گواستنەوەکاران، کۆمپانیاکانی دڵنیایی (تەئمین) و بەندەرانەی دەرەوەی ئێران بگرێتەوە کە لە کەرتە جیاوازەکاندا مامەڵە لەگەڵ بەشە سزادراوەکانی ئێراندا دەکەن.
ئەو سزایانەی وەزارەتی دارایی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانی ڕاگەیاندووە، پێنج کەرتی سەرەکی دەگرێتەوە: پارەی دیجیتاڵی، زێڕ، تەکنەلۆجیا، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.

بەپێی ئەم بڕیارە، سزاکان ڕاستەوخۆ بەر ئەو وڵاتانە دەکەون کە هاوبەشی بازرگانیی ئێرانن، وەک: چین، ئیمارات، هۆنگ کۆنگ، سەنگاپوورە، تورکیا، پاکستان و عێراق. ئەمریکا هەڕەشەیان لێدەکات کە بەردەوامبوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا، زیانێکی گەورەی دەبێت کە ئەویش ڕێگەنەدانیانە بە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی ئەمریکا.

عێراق لە ناو جەرگەی لێکەوتەی سزاکاندا

دەردەکەوێت کە عێراق یەکێک بێت لەو وڵاتانەی کە زیاترین زیانی ئەم شەڕە ئابوورییەی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات، چونکە بەرژەوەندییەکانی بەغدا و تاران زۆر تێکەڵ بوون، بازرگانییەکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە و بەغدا بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبای پشتی بە وزەی ئێران بەستووە.

عێراق لە بەرامبەر تاقیکردنەوەیەکی زۆر هەستیاردا دەبینرێتەوە: چۆن پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێراندا بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی تووشی ڕووبەڕووبوونەوە بێت لەگەڵ یاساکانی ئەمریکا و سزادان.
ئابووریناسانی عێراق ترسیان هەیە لەوەی کە توندکردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، کاریگەریی ڕاستەوخۆی بۆ سەر عێراق و بانکەکانی دەبێت، بەتایبەت ئەگەر ئەمریکا چاودێریی بانکەکان، کۆمپانیاکانی حەواڵە، کەسایەتییەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکانی پەیوەست بە ئێران زیاتر بکات.
عەلی جەبار، پسپۆڕی بەڕێوەبردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدات کە بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران یەکێکە لەو دۆسیانەی زۆرترین زیانی سزاکانی بەر دەکەوێت. ئاماژە بەوەش دەکات کە مەترسییە گەورەکە تەنیا بازرگانی کەلوپەل نییە، بەڵکو دەگاتە کەرتی دارایی و بانکی، ئەمەش بازاڕی عێراقی تووشی ئاڵۆزی دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا.

ئەو شارەزا ئابوورییە دەڵێت لە ڕۆژانی داهاتوودا چاودێرییەکی زۆر توند لەسەر حەواڵەکردنی پارە، جووڵەی بانکەکان، کۆمپانیاکان و ئەو کەسانە دەکرێت کە کارەکانیان پەیوەستە بە بازاڕی ئێرانەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، قەبارەی بازرگانیی عێراق لەگەڵ ئێران لە ساڵی ۲۰۲٥دا ۱۰ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. ئەم پەیوەندییەش بە پلەی یەکەم لەسەر کڕینی خۆراک، کەلوپەلی ڕۆژانە و بەرهەمەکانی تری ئێران بۆ بازاڕی عێراق بووە.
بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندووە کە ئەو بازرگانییە لە ساڵی ۲۰۲٦دا دوای دەستپێکردنی جەنگ کەمبووەتەوە؛ جەنگێک کە مەترسییە ئەمنییەکانی زیاتر کرد و بووە هۆی داخرانی جارجارەی سنوورە سەرەکییەکان و بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە.

جگە لە بازرگانی، وزە بەشێکی سەرەکیی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتە. بەرپرسانی کەرتی وزەی عێراق دەڵێن، عێراق ساڵانە لە نێوان ٤ بۆ ٥ ملیار دۆلار دەداتە ئێران بۆ کڕینی گازی سروشتی تا کارەبای پێ بەرهەم بهێنێت.
بەرپرسان هۆشداری دەدەن کە هەر سزایەکی نوێی ئەمریکا، کێشەی گەورە بۆ بەغدا دروست دەکات لە دانانی پارەی گازی ئێران و هاوکات خۆپاراستن لە سزاکانی ئەمریکا، بەتایبەت کە یاساکان عێراقیان ناچار کردووە هەژماری بانکیی بەستراو بۆ دانانی ئەو پارانە بەکاربهێنێت.

عەلی جەبار پێیوایە بەغدا بەهۆی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئێراندا، هەمیشە کارپێکراو دەبێت بەرامبەر هەر ئاڵۆزییەکی نوێ.

بە بڕوای جەبار، بڕیارەکەی ئەمریکا دروستکردنی سزای نوێ نییە، بەڵکو توندکردنەوەی ئەو سزایانەیە کە پێشتر هەبوون و ژمارەیان لە ٤٦۰ سزا تێدەپەڕێت؛ سزایەک کە بازرگانی، دارایی، وزە و کۆمپانیا و کەسانی پەیوەندیدار بە ئێران دەگرێتەوە.

هاوشێوەی ئەمەیە، باسم ئەنتوان کە شارەزایەکی ئابووریی کەرتی ئاڵۆگۆاری دراوە، نیگەرانە و دەڵێت: "بۆ عێراق ئاسان نییە شوێنی کەلوپەلە ئێرانییەکان بە بەرهەمی ناوخۆیی و بە نرخێکی هەرزان پڕبکاتەوە"، هەروەها پێیوایە "دۆخی ئێستا عێراق ناچار دەکات بگەڕێت بەدوای وڵاتانی تردا بۆ شوێنگرتنەوەی کەلوپەلە ئێرانییەکان".

ئەمریکا دەیەوێت سەرچاوە دارایی و ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ جیهاندا تەسک بکاتەوە، ئەمەش ترسی لە لای ئەو وڵاتانە دروست کردووە کە بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن، لە سەروویانەوە عێراق.

لە ڕوانگەی عەبدولڕەحمان مەشهەدانی شارەزای ئابوورییەوە، ترسی ئەوە هەیە زیانەکان بۆ بەغدا زۆر قورس بن ئەگەر بەردەوام بێت لە هاوکاریی ئابووری لەگەڵ تاران. ئاماژە بەوەش دەکات ڕەنگە ئەمریکا لە هەندێک گرێبەست و ڕێککەوتن پاشەکشە بکات کە لەم دواییانەدا لەگەڵ حکومەتەکەی زەیدی بەستبوونی، ئەگەر عێراق پابەندی بڕیارەکانی بەرامبەر ئێران نەبێت.

مەشهەدانی هۆشداری دەدات لەوەی سزاکان بانکەکان و تەنانەت سوپای عێراقیش بگرێتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە ئابووریی عێراق بەرگەی سزای ڕاستەوخۆی ئەمریکا ناگرێت ئەگەر لە هاوکاریی دارایی و بازرگانی لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت.

عێراق لە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئێران سوودمەند بووە کە ڕێگەی پێدەدا گازی ئێران بکڕێت بەبێ ئەوەی پارەکەی ڕاستەوخۆ بنێرێت بەهۆی سزاکانەوە، بەڵام مەشهەدانی دەڵێت توندکردنەوەی سزاکان ڕەنگە ئێران ناچار بکات پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنانەدا بکاتەوە، ئەمەش کەرتی کارەبا و وزەی عێراق دەخاتە مەترسییەکی زیاترەوە.
مەترسییەکان تەنیا ئابووری نین؛ خالد ئەلعەرداوی توێژەری سیاسی پێیوایە بەغدا زۆرترین زیانی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێرانی بەر دەکەوێت، چونکە جیاکردنەوەی ئابووریی عێراق لە ئێران زۆر قورسە.

عەرداوی ڕوونیکردەوە عێراق دەکەوێتە ژێر دوو گوشاری دژبەیەکەوە: لە لایەک ئەمریکا گوشار دەکات بۆ کەمکردنەوەی مامەڵە لەگەڵ ئێران، لە لایەکی ترەوە ئێران و هاوپەیمانەکانی گوشار دەکەن ئەگەر عێراق پەیوەندییە ئابوورییەکان کەم بکاتەوە، بەتایبەت لەگەڵ گەشەکردنی ئەو بازرگانییە نادیارەی (ئابووریی سێبەر) کە بە ئێرانەوە بەستراوەتەوە.

عەرداوی ئەوەشی بەدوور نەزانی کە سزاکانی ئەمریکا دامەزراوە عێراقییەکانیش بگرێتەوە ئەگەر هاوکاری لەگەڵ تاران بەردەوام بێت. هۆشداریدا کە ئەمە لە کاتێکی زۆر خراپدا ڕوودەدات، چونکە ئابووریی عێراق لاوازە و بەرگەی هیچ کێشەیەکی دارایی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ناگرێت. ئەم قسانەش تەواو وەک هۆشدارییەکانی مەشهەدانین کە دەڵێت توندکردنەوەی ڕێکارەکانی ئەمریکا، بانکەکانی عێراق دەخاتە بەرامبەر سزایەک کە ئابووریی وڵاتەکە بەرگەی ناگرێت.

سیاسەتی عێراق لە بەرامبەر گوشارەکاندا

کەوتنی عێراق لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، وایکردووە بەغدا بەپەلە پێویستی بەوە بێت خۆی لە جەنگی ئابووریی نێوانیان بەدوور بگرێت. حەیدەر سەلامی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێویستە بەغدا خۆی لە تێوەگلان لە هەر کێشەیەکی ئابووری لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بپارێزێت.

سەلامی جەخت دەکاتەوە: "نابێت عێراق ببێتە بەشێک لە ململانێکە یان ببێتە شوێنێک بۆ کاردانەوەکانی ئێران"، داواش دەکات سیاسەتێکی سەربەخۆ پەیڕەو بکرێت کە بەرژەوەندیی نیشتمانی لە پێش هەموو شتێکەوە بێت.
 بەڵام ئەم بۆچوونە ڕووبەڕووی ویستی ئێران دەبێتەوە کە دەیەوێت بازاڕی عێراق وەک شوێنی سەرەکی بۆ فرۆشتنی کەلوپەلەکانی و دەستکەوتنی دۆلار بهێڵێتەوە.
پێشتر ئێران زۆر بە توندی هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانەی هاوکاریی سزاکانی ئەمریکا دەکەن و ڕایگەیاند: هاوکاریکردنی ئەمریکا لەم "جەنگە ئابوورییەدا" زیان بە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە دەگەیەنێت.
موحسین ڕەزایی، بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند: هەر وڵاتێک بەشدار بێت لە سەپاندنی سزای ئابووری لەسەر ئێران، وەک "دوژمن" مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. داواشی لە وڵاتانی دراوسێ و جیهان کرد بەشدار نەبن لەو گوشارە ئابوورییانەی ئەمریکا دژی ئێران دەستی پێکردووە.

ڕەزایی زیاتریشی وت و هەڕەشەی کرد کە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەی هاوکاری ئەمریکا دەکەن دەبێتە ئامانج؛ بەتایبەت هۆشداریی دایە وڵاتانی دراوسێ لە هاوکاریکردنی ئەمریکا و ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە فرۆشتنی نەوت لە کەنداو و گەرووی هورمز ڕاگیرێت.
لە هەنگاوێکدا کە نیشانەی پەڕینەوەی کێشەکەیە لە گوشاری سیاسی و سەربازییەوە بۆ هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکاش بپێکن. وتیشی: ئێران تا ئێستا تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە سەپاندنی سزای زیاتر، ڕەنگە بپەڕێنەوە بۆ ئامانجگرتنی کۆمپانیا نەوتی و ئابوورییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و شوێنەکانی تریشدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو