لە قەندیلەوە بۆ دیمەشق؛ چیتر مەزڵوم عەبدی جلی سەربازیی ناپۆشێت و ناوی نهێنی بەکار ناهێنێت
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٥٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە بەرزاییەکانی دیمەشقی پایتەختەوە کۆتایی دەیان ساڵ لە ڕێچکەی سەربازیی خۆی ڕاگەیاند؛ هەروەک چۆن دۆخەکە وەهای دەخواست، پێینایە نێو جیهانی سیاسەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦ بووە گەورەترین خاڵی وەرچەرخان لە ژیانیدا روویدا؛ شەڕکردن نەما، پێویستی بە جلی سەربازی، ناوی نهێنی و خۆشاردنەوە نەما.
عەبدی سوریای سەردەمی ئەسەدی بە ڕاکردن بۆ قەندیل بەجێهێشت و لە سوریای نوێدا لەناو کۆشکی کۆماریدا خۆی بینییەوە و بووە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار.
ئەو "مصطفى خلیل عبدی"، یان "فەرهاد عەبدی شاهین"ە، کە بە چەندین ناوی دیکەش ناسراوە و دیارترینیان "مەزڵوم عەبدی"یە؛ ئەو ژەنەراڵەی کە ڕابەرایەتی "هێزەکانی سوریای دیموکرات" (هەسەدە)ی کرد لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ١٠ی تشرینی یەکی ٢٠١٥.
عەبدی لە گوندی غەسانیە لە کۆبانێ لە ساڵی ١٩٦٧ لەدایکبووە، ئەو شارەی لە منداڵیدا بەجێیهێشت و لە گەورەییدا گەڕایەوە بۆی. لەوێ قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی تەواو کرد و لەوێش یەکەم قۆناغی تاقیکردنەوەی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوویدا.
لە کۆبانێوە چوو بۆ حەلەب کە خوێندنی تێدا تەواو کرد تا گەیشتە زانکۆ، بەڵام ساڵانی زانکۆی لە بەشی ئەندازیاریدا بەئەنجام نەگەیشتن؛ حەلەبی بەجێهێشت و لە دەست ڕژێمی ئەسەد هەڵات، کە چەندین جار دەستگیری کردبوو لەسەر چالاکییە سیاسییەکانی لە پەیوەست بە دۆزی کورد و ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری "پارتی کرێکارانی کوردستان"دا هەیبوو.
عەبدی لە تەمەنی زانکۆدا لە سوریا هەڵات، بۆ ئەوەی ببێتە چالاکوانێکی کاریگەر لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا. لە ڕیزەکانی ئەو پارتەدا لە ئەوروپاوە تا گەیشتە چیاکانی قەندیل -کە بنکەی سەربازیی پارتەکە بوو- لە سەرەتای هەزارەی نوێدا چالاک بوو.
گەڕانەوە بۆ سوریا و بنیاتنانی هێزی کوردی
چیاکانی قەندیل بۆ عەبدی تەنها مەیدانێکی ڕاهێنان و پلەبەرزکردنەوەی سەربازی نەبوون، بەڵکو پەناگەیەکی ئارام بوون لەناو جەرگەی مەرگدا.
پارتی کرێکارانی کوردستان ڕێکخراوێک بوو کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا تۆمارکرابوو، وڵاتان فشاریان لەسەر دروست دەکرد و سوپاکان شەڕیان لەگەڵدا دەکرد. عەبدی بۆ ساڵانێکی درێژ لەگەڵ ئەو پارتەدا شەڕی کرد، لە نێوان چیاکان و بەرەکانی جەنگدا هاتووچۆی کرد و ئەزموونی سەربازی پەیدا کرد و ڕەزامەندی سەرکردەکانی پارتەکەی بەدەستهێنا کە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا لە ساڵی ٢٠١١دا ناردیانەوە بۆ سوریا بەو هیوایەی بناغەیەک بۆ "کوردستانی سوریا" دابنێت.
عەبدی گەڕایەوە سوریا و لە شوێنی لەدایکبوونی خۆی (کۆبانێ) نیشتەجێ بوو، لەوێ ڕێڕەوێکی سەربازیی نوێ دەستی پێکرد، و پێکهاتەی گرووپێکی سەربازی کوردی بەناوی "یەپەگە" لەدایکبوو، کە دواتر دەبێتە ناوکی هێزێکی سەربازی کوردی-عەرەبی بەپشتیوانی ٨٩ وڵات لەژێر چەتری "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش".
عەبدی لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٤ توانی هێزەکانی "یەپەگە" لە کۆبانێ بەهێز بکات، لەگەڵ شاندێکی کوردیدا چاوی بە بەشار ئەسەد کەوت، کاتێک لە کۆبوونەوەکە دەرچوو تێگەیشت کە ساڵان و شۆڕشی سوریا عەقڵییەتی دەسەڵاتداریی ڕژێمی ئەسەدیان نەگۆڕیوە.
عەبدی سەرنجی خستە سەر ڕاکێشانی گەنجانی کورد لە سوریا، و هەوڵەکانی سەرکەوتووتر بوون لەگەڵ دەرکەوتنی ڕێکخراوی "داعش" لە ساڵی ٢٠١٤ کە خوێنی سورییەکانی بەناوی "دەوڵەتی ئیسلامی"یەوە دەرشت. ڕێکخراوی داعش ترسێکی دروستکرد کە ئامانج و هاوپەیمانی چەندین هێزی سەرلەنوێ دارشتەوە؛ زۆرێک لەوانەی چەکیان هەڵگرتبوو بۆ شەڕی ڕژێمی ئەسەد بۆ هێنانەدی خەونی "کوردستانی سوریا" (یەپەگە)، تفەنگەکانیان ئاڕاستەی ڕێکخراوی داعش کرد بۆ ڕێگریکردن لە پەڕەپێدانی، وەک ئەوەی هەموان شەڕی تاغوتێکی دووەم بکەن کە لە جەوهەردا لە تاغوتەکەی ئەسەد دەچوو.
٢٠١٩؛ داعش هاوکێشەکە دەگۆڕێت و دەرگاکانی واشنتۆن دەکاتەوە
گۆڕانی ئامانجەکان تەنها لەسەر هێزە سورییەکان نەوەستایەوە لەگەڵ دەرکەوتنی داعشدا، بەڵکو کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکان و سەربازگەکان لە سەرانسەری جیهاندا گرتەوە. ڕێکخراوی داعش کە دەستی بە تەشەنەکردنی خێرا کرد لە سوریا و عێراقدا، هەڕەشەی لە جیهان کرد، توندڕەوەکانی لە هەموو لایەکی زەوییەوە ڕاکێشا و ئۆپراسیۆنی سەربازی لە زۆرێک لە وڵاتان ئەنجامدا، بەمەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە ئامانجی هێرشی نێودەوڵەتی.
هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ پێكهات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ڕابەرایەتی هاوپەیمانییەکەی دەکرد، دەستی بە گەڕان کرد بۆ هاوبەش پەیدا کردن لەسەر زەوی سوریا، چاوەکان و گفتوگۆکان ئاڕاستەی "سوپای ئازادی سوریا" بوون کە لە چەندین بەرەوە شەڕی هێزەکانی ڕژێمی دەکرد.
کۆبوونەوەی زۆر لە نێوان سەرکردەکانی سوپای ئازاد و ئەمریکادا ڕوویاندا، واشنتۆن دەیویست چەکی هاوپەیمانان ئاڕاستەی داعش بکات، و سوپای ئازادیش دەیویست ئاڕاستەی دوو دوژمنیان بکات: داعش و ئەسەد.
لە کۆبانێ، هاوكات لەگەڵ گفتوگۆکانی ئەمریکا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریادا، عەبدی و هەڤاڵانی لەژێر تاقیکردنەوەی ئەمریکیدا بوون. پشتیوانی "یەپەگە" کرا بۆ ئەنجامدانی جەنگی بچووک دژ بە داعش، و لە تاقیکردنەوەکەدا سەرکەوتوو بوون، چونکە پابەند بوون بە داواکارییەکانی واشنتنەوە و ڕازی بوون ببنە هاوبەشی هاوپەیمانان بەبێ ئەوەی چەکەکانیان ئاڕاستەی هیچ بەرەیەکی تر جگە لە داعش بکەن.
ئاواتەکانی عەبدی و هەڤاڵانی لەگەڵ ئامانجەکانی واشنتندا یەکیان گرتەوە، کە پشتیوانیکردنی هێزی کوردیی بە دەستکەوتێکی سەربازی دژی داعش دەبینی، و بە ئامرازێکی سیاسی بۆ گوشارخستنە سەر تورکەکان کاتێک بەهێزبوونی هێزی کوردییان لەسەر سنووری سوریا بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەبینی.
بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا، واشنتن دەستی کرد بە نەخشەسازیی هێزێکی نوێ لە سوریا بۆ شەڕی داعش، کە لە عەرەب، کورد و سریانی پێکهاتبوو، ناوەکەی "یەپەگە" بوو و لەلایەن مەزڵوم عەبدییەوە سەرکردایەتی دەکرا. مەزڵوم عەبدی نەیدەزانی کە ڕووکردن بەرەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە لە ئامانجەکانیدا.
لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا دامەزراندنی "هەسەدە" ڕاگەیەندرا، و مەزڵوم عەبدی بووە سەرکردەی هێزێک کە ئەمریکا خەمڵاندی بە ٤٥ هەزار شەڕڤان، کە هێزەکانی ناو "ژووری ئۆپراسیۆنەکانی بورکانی فوڕات"ی تێدابوو کە بڕیارەکەی لەدەست یەپەگە و یەپەژەدا بوو، سەرەڕای گرووپە عەرەبی و سریانییەکانی وەک "ئەنجومەنی سەربازی سریانی"، "هێزەکانی سەنادید"، "هێزەکانی لیوای ڕەققە" و ئەوانی تر.
عەبدی و هەڤاڵانی هەوڵیاندا، هاوتەریب لەگەڵ شەڕیان دژ بە داعش بەپشتیوانی هاوپەیمانان، قورسایی عەرەبی لە بڕیاردانی ناو "هەسەدە"دا لاواز بکەن، بەو هیوایەی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش بگەڕێنەوە سەر ئامانجە سەرەکییەکەیان.
بۆیە ئەنجومەنی سیاسییان لەو ناوچانەدا دامەزراند کە کۆنترۆڵیان کردبوو، (ئەنجومەنی سوریای دیموکرات)یان پێکهێنا، و پشتیان بە هەڵوەشاندنەوەی هێزە گەورەکان بەست بۆ گرووپی بچووکتر تا کۆنترۆڵکردنیان ئاسان بێت؛ لەوانە دروستکردنی ئەنجومەنی سەربازی لە دێرەزوور، ڕەققە، منبج و تەبقە.
دواتر لە ساڵی ٢٠١٨دا هەسەدە "لیوای ڕەققە"ی هەڵوەشاندەوە، و لە هەمان ساڵدا دامەزراندنی "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا"ی ڕاگەیاند. بەڵام ئەم هەوڵانە بە کردەیی سەرکەوتوو نەبوون، چونکە عەبدی دەیزانی کە هەسەدە پێویستی بە قبوڵکردنی عەرەبەکانە کە لە ڕووی ژمارە و جەماوەرەوە زۆرتر بوون، سەرەڕای ئەوەی واشنتن چەندین جار دەستوەردانی کرد بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی عەرەبەکان، و بیری ژەنەراڵ عەبدی و هەڤاڵانی دەهێنایەوە کە پشتیوانییان مەرجە بە شەڕی داعش نەک بە دروستکردنی هێزێکی کوردی لە سوریا.
لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕێکخراوی داعش لە قۆناغە کۆتاییەکانیدا بوو، و هەسەدە کەوتە سەر چوارڕیانێکی ئاڵۆز. کۆتایی هاتنی داعش واتە کەمبوونەوەی گرنگیپێدانی نێودەوڵەتی بەم هێزە، و تورکیاش بێدەنگ نەدەبوو لە بەرامبەر هەنگاوە کوردییەکان بۆ دروستکردنی "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری".
بۆیە عەبدی بڕیاریدا لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد رێکبکەوێت تا هێڵێکی پاراستن بۆ خۆی و هەڤاڵانی بهێڵێتەوە. لایەنی ڕووسی هێنایە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات بەو هیوایەی نیگەرانییەکانی تورکیا کەم بکاتەوە.
مەترسییەکانی عەبدی بێ سنوور بوون کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاراستەی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند لە دوای سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە ۲۲ی ئازاری ۲۰۱۹. عەبدی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ترەمپەوە پێگەیشت کە تێیدا پەیامێکی شۆکهێنەری بیست: واشنتن لە سوریا دەردەچێت و بابەتەکە بۆ ڕووسیا بەجێدەهێڵێت. عەبدی گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد چڕتر کردەوە، بەڵام بێ ئەنجامبوو، چونکە ڕژێمی ئەسەد ئامادە نەبوو هیچ ئیمتیازێک ببەخشێتە کورد لە سوریا.
ڕووخانی ئەسەد دەرگایەکی نوێ لەگەڵ دیمەشق دەکاتەوە
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، بوومەلەرزەیەکی گەورە بوو لەسەر خاکی سوریا. ئۆپراسیۆنی "ڕەتدانەوەی دەستدرێژی" بە ڕابەرایەتی "دەستەی تەحریری شام" لە ئیدلبەوە دژ بە هێزەکانی ڕژێم دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی پێوانەییدا کۆنترۆڵی حەلەبیان کرد.
ئەم ڕووخانە خێرایەی ڕژێم، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی لە باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵات ئاڕاستە کرد تا پەیوەندی بە ژووری ئۆپراسیۆنەکەوە بکەن و دەسەڵاتی ئەسەد لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کۆتایی پێبهێنن، کە بە ڕاکردنی بەشار ئەسەد بۆ ڕووسیا لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ کۆتایی هات.
هەسەدە بە ڕابەرایەتی مەزڵوم عەبدی بەشداری لە شەڕەکاندا نەکرد، بەڵام هێڵی پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتی ژووری ئۆپراسیۆنەکاندا کردەوە. پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەسعەد ئەلشەیبانی (کە ئەوکات بە زەید ئەلعەتار ناسرابوو و دواتر بووە وەزیری دەرەوەی سوریای نوێ) ڕوویداو هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ڕوبەڕوونەبوونەوە.
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، عەبدی هەستی کرد کە شەمەندەفەری گۆڕانکاریی لە سوریا گۆڕانکارییەکی مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە. بە فڕۆکەیەکی ئەمریکی گەشتی کرد بۆ دیمەشق و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع (کە دواتر بووە سەرۆکی سوریای نوێ) کۆبووەوە. دوو سەرکردەکە ڕێککەوتنێکی نەنووسراویان داڕشت و پرۆسەی دانوستانێکی بێپێشینەیان دەستپێکرد. عەبدی پەیامگەلێکی بیست کە پێشتر لە دیمەشقەوە نەیبیستبوو: مافی کورد پارێزراوە، زمانیان پارێزراوە و ڕەگەزنامەی سوریی مافیانە.
عەبدی زانی کە لە بەرامبەر وەرچەرخانێکی مێژووییدایە و لە نێوان دوو هەڵبژاردندایە: قبوڵکردنی سوریای نوێ کە تێیدا کورد هاووڵاتییەکی خاوەن مافە، یان مانەوە لەسەر شوێنپێی دەقەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە داوای "کوردستانی سوریا" دەکات.
هەڵبژاردنی دووەم خۆکوژییەکی سیاسی و سەربازی بوو، چونکە دۆخی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەمە نەدەکرد، دیمەشقی نوێ هاوپەیمانی تورکیا و واشنتن بوو، و مەترسییە گەورەکە تەقینەوەی ناوخۆیی بوو لە ناوچەکانی خۆیدا.
لە ژەنەراڵەوە بۆ ڕاوێژکار
دانوستانەکانی نێوان عەبدی و دیمەشقی نوێ چەندین مانگی خایاند، کە دوو ڕێککەوتنی جەوهەریی تێدا بوو: یەکەمیان لە ئازاری ٢٠٢٥، و دووەمیان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. لەم مانگانەدا ئۆپراسیۆنی سەربازی ڕوویاندا کە هێزی سەربازی و جوگرافیی هەسەدەیان کەمکردەوە.
سەردانەکانی عەبدی بۆ دیمەشق زیادیان کرد و دەرفەتەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانێکی بێ ترس و شەڕ گەورەتر بوون. عەبدی ئاراستەی بەرەو سوریای نوێ ڕوون بووەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی ڕەوتێکی کوردی ببووەوە لە ناو هێزەکانیدا کە جگە لە "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری" هیچی تریان قبوڵ نەبوو.
بۆیە عەبدی لە یەککاتدا دانوستانی لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانی خۆیدا دەکرد. عەبدی سوودی لە بڕیارە مێژووییەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان وەرگرت بۆ دانانی چەک و دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئەنقەرە.
لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦، بڕیاریدا خاڵی کۆتایی بۆ ڕێڕەوە سەربازییەکەی دابنێت و پەیوەندی بە سوریای نوێوە بکات، هەڵوەشاندنەوەی "هەسەدە" و دامەزراوە سیاسی و ئیدارییەکانی ڕاگەیاند، و جەختی کردەوە کە دیمەشقی نوێ دۆستی کوردە و زامنی ماف، زمان و ڕەگەزنامەیانە. بەشێک لە بەیاننامەکەی بە زمانی دایکی (کوردی) لە ناو کۆشکی کۆماری لە دیمەشق خوێندەوە.
ژەنەراڵ عەبدی لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦ کۆتایی بە ڕێڕەوێکی سەربازیی ئاڵۆز هێنا، و دەستی بە ڕێڕەوێکی سیاسی کرد وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار. مەزڵوم عەبدی ئهمڕۆ مستەفا خەلیل عەبدییە: مەدەنی، سیاسی، کورد، و سوری. رەنگە ڕاوێژکار عەبدی بەم زووانە سەردانی تورکیاش بکات بەبێ خۆشاردنەوە و ترس، چونکە تورکیا هاوپەیمانی سوریای نوێیە کە ڕاوێژکار بووەتە بەشێک لە سیاسەتەکەی.