دوای کورد؛ دۆخی سوەیدا بەکوێ دەگات؟

١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ

دوای کورد؛ دۆخی سوەیدا بەکوێ دەگات؟

پەنجەرە

ئەم هەفتەیە کەمینەی کورد لە سوریا ڕازی بوون کۆتایی بە ئەزموونی حکومڕانیی سەربەخۆی خۆیان بهێنن کە نزیکەی ١٤ ساڵی خایاندبوو. لە کاتی جەنگی ناوخۆی سوریادا کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد، کورد کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ڕووبەرێکی فراوانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا بەهێز کرد و هەوڵیان دا ئەم دۆخە پاش کۆتاییهاتنی جەنگیش بپارێزن؛ بەڵام مەزڵوم عەبدی، ڕابەری کوردەکان، ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند کە "هێزەکانی سوریای دیموکرات" تێکەڵی سوپای فەرمیی سوریا دەکرێن. 

هەروەها ئەو ناوچەیەی کە دەوڵەمەندە بە نەوت و لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بوو، دەخرێتەوە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندی. ئەمەش بەو مانایەیە کە پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە کەمینەی دروزن، بووەتە تاقە ناوچەیەک کە ملی بۆ دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی کەچ نەکردووە.

کۆتایی بیرۆکەی "سوریای ناوەندگەرایی)"

پسپۆڕان دەڵێن بێگومان گۆڕانی دۆخی کۆمەڵگەی کوردی لە سوریا، کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی سوەیداش دەبێت. کاتێک عومەر ئۆزکیزیلجیک، توێژەر لە "پڕۆژەی سوریا" لە ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا چاوی بە شێخ حیکمەت هێجری کەوت، ڕابەرە دروزەکە گوتبووی کە ڕۆژانە بە تەلەفۆن لە پەیوەندیدایە لەگەڵ عەبدی. 
ئۆزکیزیلجیک گوتی: "ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە تەواوی هەوڵەکانیان بە هەماهەنگی دەدەن و دیدگایەکی سیاسیی هاوبەشیان بۆ سوریا هەیە؛ کە ئەویش سیستەمێکی نا ناوەندگەرایی و لە چەندین هەرێمی خاوەن خۆبەڕێوەبەری پێکهاتووە. 
بە شێوەیەکی بنەڕەتی، ئەو بیرۆکە ئیسرائیلییەکەی دووبارە کردەوە کە پێی وایە دەبێت سوریا دابەش بکرێت بۆ چەند ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری: ناوچەیەکی کەناراو بۆ کەمینەی عەلەوی، ناوچەیەک بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکووری ڕۆژهەڵات، و ناوچەیەکی سێیەم بۆ دروز لە باشوور. 
ئەمەش دەریخست کە دیدگا سیاسییەکەی هیجری تا ئاستێکی زۆر پشتی بە هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ هەسەدە بەستبوو".

ئەو بیرۆکەیە چیتر ناکرێت جێبەجێ بکرێت؛ چونکە ئەم شیکەرەوەیەی لە ئەنقەرە دەژێت پێی وایە ئەم هەنگاوە "کۆتایی بەو خەونە دەهێنێت کە وێنەی سوریایەکی پارچەپارچەکراو، لاواز و بێ-ناوەند دەکێشێت". 
بە دووریشی نەزانی کە هەر ئەمە هۆکار بێت بۆ ئەوەی هیجری لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دووبارە جەخت لەسەر پەیوەندیی دروز بە ئیسرائیلەوە بکاتەوە. ڕۆژی دووشەممە، لە شارۆچکەی سوەیدا، هیجری ڕایگەیاند کە دروز بە "بەشێکی دانەبراو لە دەوڵەتی ئیسرائیل" دەژمێردرێن و گوتیشی: "تەنانەت لەسەر ئاستی بیروباوەڕیش، زەمینەیەکی هاوبەشمان هەیە".

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونە کە ئیسرائیل ناتوانێت بە ئاسانی سوەیدا بەخۆیەوە بپێوێت؛ ئەمەش بەهۆی چەندین هۆکاری جوگرافی و دانیشتووانییەوە. لە لایەکی ترەوە، سوەیدا هێشتا بە تەواوی پشتی بە حکومەتی ناوەندیی سوریا بەستووە؛ چونکە سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی حکومەت ناتوانن بچنە ناوچەکەوە، بەڵام خەڵکەکە هێشتا خزمەتگوزارییە گشتییەکان، مووچە، خانەنشینی، و ئاو و کارەبا لە دیمەشقەوە وەردەگرن.

چی بووە هۆی دروستبوونی ئەم ناکۆکییە؟

دوورخستنەوەی هێزەکانی حکومەت دوای ئەوە دەستی پێکرد کە لە تەممووزی ٢٠٢٥دا توندوتیژی لە نێوان پێکهاتەکانی سوەیدادا سەریهەڵدا؛ بەهۆی ئەوەی پێکدادان لە نێوان دانیشتووانی دروز و بەدەوییەکاندا ڕوویدا. 
سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی حکومەت بە ڕواڵەت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هاتبوون، بەڵام ئەوانیش تۆمەتبار کران بەوەی هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە دروزییەکان. 
ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردبوو کە زیاتر لە ١٧٠٠ کەس لەو پێکدادانانەدا کوژراون. ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی دروستبوونی بێباوەڕییەکی قووڵ لای دروز بەرامبەر حکومەتی نوێی سوریا؛ تەنانەت ئەو خەڵکەی پێشتر داوای سوریایەکی یەکگرتوویان دەکرد، کەوتنە گومانەوە کە ئایا باشتر نییە خۆیان کیانێکی خۆبەڕێوەبەریی بەشەکییان هەبێت. 
لۆبنا ئەلبەسیت، کە چالاکوانێکی سوەیدایە، بە DWی گوتبوو: "متمانە بە تەواوی ڕووخاوە. پێش ئەوەی قسە لەسەر چارەسەر بکەین، دەبێت حکومەت لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە سوەیدا کراون لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت".

دروزێکی تر ، کە لە ئەمریکا دەژێت و لەبەر ئاسایشی خۆی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پێیوایە حکومەتی نوێی سوریا زۆر توندڕەوترە لەوەی نیشانی دەدات. ئەو بە DWی گوتبوو: "ئەوان هەوڵ دەدەن وا ڕەفتار بکەن کە ڕەزامەندیی ڕۆژئاوا بەدەستبهێنن. بەڵام وەک دەزانن گالته‌ییەکی باومان هەیە: ئەوان ئاماژە بۆ چەپ دەکەن بەڵام بۆ ڕاست دەپێچنەوە. بۆ دروز، گرنگترین شت ئاسایش، کەرامەت و دەرفەتی گەشەسەندنی ئابوورییە؛ پێم واننییە زۆر کەس پێیان وابێت ئەمە لەسایەی حکومەتی ئێستای سوریادا بەدی دێت".
 لە مانگی ئەیلولدا، نەخشەرێگەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان بە هاوکاریی  ئوردنی و ئەمریکی داندرا. بەڵام ئەو دروزانەی پشتگیریی هێجرییان دەکرد پلانەکەیان ڕەتکردەوە، حکومەتی ناوەندیش هەوڵێکی جدیی نەدا بۆ سزادانی تاوانبارانی ڕووداوەکانی تەممووزی ٢٠٢٥. 
لە مانگی حوزەیراندا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ڕایگەیاند کە هیچ پێشکەوتنێک لەو نەخشەرێگەیەدا بەدەست نەهاتووە.
توێژەرانی ناوەندی سوری بۆ لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بەرگری (MIDAD)، لە توێژینەوەیەکدا کە ئەم مانگە بڵاویانکردووەتەوە، نووسیویانە کە حکومەتی ناوەندیی سوریا "مامەڵەی لەگەڵ کێشەی سوەیدا کردووە لەسەر ئەو بڕوایەی کە شەڕی گەورە قەیرانەکە چارەسەر ناکات". چونکە هەر شەڕێک "دابەشبوونی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا قووڵتر دەکردەوە و دەرفەتی زیاتری دەدا بە لایەنی دەرەکی تا دەستوەردان بکەن؛ بۆیە حکومەتی سوریا ڕێگەیەکی وریایانەتری هەڵبژارد، کە بریتی بوو لە هێورکردنەوەی دۆخەکە لە لایەک، و بەکارهێنانی ئامرازە ئەمنی، ئیداری و ئابوورییەکانی دەوڵەت لە لایەکی ترەوە". 

بە کورتی، وەک توێژەرەکان دەڵێن، حکومەتی سوریا گرەو لەسەر کات دەکات؛ بەو هیوایەی باشتربوونی گوزەران لە ناوچەکانی تری وڵاتدا، هەروەها ئەو کێشانەی هیجری لە بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ببنە هۆی ئەوەی سوەیدا خۆی بگەڕێتەوە باوەشی دەوڵەت.

"دیکتاتۆرییەکی بچووک لە سوەیدا"

ئۆزکیزیلجیک ڕوونیکردەوە کە ئەگەری ڕوودانی هیچ شۆڕشێک لە ئارادا نییە. ئەو گوتی: "کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە هیجری چەکی بەدەستەوەیە، ئیسرائیل یارمەتیی دارایی دەدات و ڕاوێژکاری سەربازیی دروزی ئیسرائیلی لەگەڵدان. لەسەر ئەرزی واقع، دیکتاتۆرێکی بچووک لە سوەیدا هەیە کە هیجری بەڕێوەی دەبات، بۆیە زۆر قورسە خەڵکی دروز بتوانن لە دژی ڕاپەرن". 

نەیارەکانی هیجری ناچار کراون شارەکە جێبهێڵن یان ڕفێنراون و کوژراون، هەروەها شەڕ لە نێوان چەکدارە جیاوازەکانی دروزدا ڕوویداوە و هەندێک خۆپیشاندانی بچووکی مەدەنییش بینراون. 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە چەکدارەکانی هیجری ڕێگرییان لە فەرمانبەرانی دروز کردووە کار لەگەڵ وەزارەتەکانی دیمەشقدا بکەن. ئۆزکیزیلجیک و توێژەرانی تر پێیان وایە کۆتایی کێشەی سوەیدا تەنها بە دەستی هیجری نییە. 

مەعن خدداج، چالاکوانی سوەیدا، بە DWی گوتبوو: "خەڵکی سوەیدا نایانەوێ لەگەڵ ئەم حکومەتەدا تێکەڵ ببنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرینەیان بەلایانەوە باش نییە بچنە سەر ئیسرائیل"، هەروەها گوتی کە شێوازێک لە خۆبەڕێوەبەری باشترین بژاردەیە. زیاتریشی کرد: "بەڵام وەک هەموومان دەزانین، نە کورد، نە خەڵکی سوەیدا و نە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بڕیاردەر نین؛ بەڵکو هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان یارییەکە بەڕێوەدەبەن".

ئیسرائیل یان هیجری؟

ڕێک وەک ئەوەی چۆن هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا بۆ کوردەکان (یاخود کشانەوەی ناوەختەی)، بووە هۆی ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان حکومەت و کورددا، بە هەمان شێوەش دیاریکردنی چارەنووسی دروزەکان لە قۆناغی داهاتوودا دەکەوێتە دەست هێزە دەرەکییەکان. 
هەندێک پێیان وایە دۆخی سوەیدا کارتێک لە دەستی ئیسرائیل بۆ فشارخستنە سەر سوریا، لەو کاتەی هەردوو حکومەتەکە سەرقاڵی دانوستان بوون لەسەر ڕێککەوتننامەیەکی نوێی ئاسایش.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، بەرپرسانی باڵای سیاسیی سوریا و ئیسرائیل بە ناوبژیوانیی ئەمریکا لە گفتوگۆدا بوون بۆ ئەوەی ڕێککەوتننامەی نێوانبڕینی هێزەکانی ساڵی ١٩٧٤ کارا بکەنەوە، بەڵام ئەم هەوڵانە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا شکستیان هێنا.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئەمریکا بە ئاشکرا پشتگیریی لە سوریایەکی یەکگرتوو کردووە؛ بەڵام دیارە ئیسرائیل پێچەوانەی ئەمەی دەوێت، چونکە پێی وایە سوریایەکی پارچەپارچەکراو هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ئەوان نابێت. 
ئۆزکیزیلجیک کۆتایی بە قسەکانی دەهێنێت و دەڵێت: "بڕیاردەری ڕاستەقینە لەسەر داهاتووی سوەیدا ئیسرائیلە، نەک هیجری. هەر کاتێک ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا کرا، ئەوا بڕوام وایە چارەسەرێکی سیاسییش بۆ کێشەی سوەیدا و دروزەکان دەبینین".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو