"خوور عەبدوڵڵا" بۆمبێکی کاتدانراو لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی عێراقدا
١٠ ئاب ٢٠٢٥ - ١٠:١١ پێش نیوەڕۆ

پهنجهره
لەکاتێکدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە گرتنەبەری رێوشوێنەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی 11ـی ئەمساڵ بەردەوامە، هاوکات رەوتی سەدریش سەرقاڵی جموجۆڵن و دەیانەوێت دۆسیەی (خوور عەبدوڵڵا) بوروژێنن و ناڕەزایەتی بۆ شەقامی عێراقی بگێڕنەوە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، گەر ڕەوتی سەدر دۆسیەی (خوور عەبدوڵڵا) بوروژێنێت و جارێکی تر ناڕەزایەتی بۆ شەقام بگێڕێتەوە، ئەوا کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت، کە ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆن دەرخەری ئەنجامدانیەتی لە وادەی خۆیدا.
بورهان محەمەد فەرەج، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مەسەلەی (خوور عەبدوڵڵا) زۆر هەستیارە، شەقامی عێراقی پێی قەڵس دەبێت، هەستیاری ئەم مەسەلە وایکردووە دەتوانرێت بۆ مەسەلەی هەڵبژاردن کاری لەسەر بکرێت و دووریش نییە سەدر ئەمە بکات.
(خوور عەبدوڵڵا) ڕێڕەوێکی ئاوی تەسک و خواروخێچە، دەکەوێتە باکوری کەنداوی (فارسی-عەرەبی)یەوە، لە نێوان هەردوو دورگەی بۆبیان و وەربەی کوێتی و نیمچە دوورگەی فاوی عێراقییەوە.
ئهم ڕێڕهوه درێژدەبێتەوە بۆ ناو خاکی عێراق و بەمەش (خوور زوبێری) دروستکردووە کە بەندەری ئوم قەسری تێدا هەڵکەوتووە، عێراق لە ساڵی 2010 بەری بناغەی بەندەری فاوی گەورەی لەبەری کەنارەکانی وڵاتەکەیەوە داناوە.
بەشێک لە سیاسییەکانی عێراق و پەرلەمانتاران پێیانوایە، نوری مالکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و پەرلەمانی ئەوکات دەستیان لە بەشێک لە (خوور عەبدوڵڵا) هەڵگرتووە بۆ بەرژەوەندی کوێت.
رێککەوتنی (خوور عەبدوڵڵا)، بریتییە لە ڕێککەوتننامەیەکی دەریایی نێوان عێراق و کوێت، ڕێککەوتنەکە واژۆ کراوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هەردوو وڵات لەڕووی دەریایی و بازرگانییەوە.
بورهان محەمەد، وتی: عێراق دووجار لەسەر کێشەی کوێت ڕووخێنراوە، جارێک لە ساڵی 1961 کاتێک عەبدولکەریم قاسم کوێتی بە بەشێک لە عێراق ناوبرد ئەمەریکا و بەریتانیا لە ساڵی 1963 رووخاندیان، هەروەها رژێمی بەعسیش هەر بەهۆی کوێتەوە رووخا.
هەرچەندە رەوتی سەدر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ڕاگەیاندووە، بەڵام بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان دەترسن دۆسیەی (خوور عەبدوڵڵا) بۆ لەمپەر دروستکردن لەبەردەم هەڵبژاردن بەکاربهێنێت.
بورهان محەمەد فەرەج، دەڵێت: "کەس ناتوانێت خوێندنەوەی دروست بۆ موقتەدا سەدر بکات، چونکە هەڵوێستی جێگیر و فەلسەفە و پرۆگرامی جێگیری نییە و موزایەدە دەکات، ماوەیەک لە ئێران نزیکدەبێتەوە و ماوەیەکیش لە سعودیە، هەرجارەو بۆ لایەک دەڕوات."