ساتی سفر بۆ مووچەی هەرێم: ئاخۆ بەغدا بە بیانووی ساڵی نوێوه مووچە دەبڕێت؟
٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:٠٤ پاش نیوەڕۆ
پهنجهره
ساڵ بهرهو كۆتایی دهچێت و هەرێمی کوردستان و عێراق ئهوهى پێی گهیشتوون له بری ڕێككهوتن، چهقبهستنه، ئهمهش مەترسییەکی گەورە لەسەر مووچەخۆری هەرێم دروست دەکات، پهرلهمانتارێكیش هۆشداریی دهدات ئهگهر تاساڵی نوێ نهگهنه چارهسهر، وەزیری دارایی عێراق ئەمە دەکاتە بیانوو و مووچەی ئەمساڵ نادات.
نەوت: چەقبەستوویی لە بازنەیەکی داخراودا
پرسی نەوت وەک خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکان، وەک مەتەڵێکی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە. دانوستانەکانی نێوان کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و نەوتی عێراق، سەرەڕای ماوەیەکی زۆر لە گفتوگۆ، هێشتا هیچ دەرئەنجامێکی کردارییان بەدەست نەهێناوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکان داوای گەرەنتییەکی پتەو دەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە هەر نادڵنیاییەکدا، هاوکات دابینکردنی شایستە داراییەکانیان و گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان بە مەرجی سەرەکی دەزانن بۆ بەردەوامیدان بە کارەکانیان.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی عێراق، بڕی 16 دۆلار وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دیاریکراوە، تا کاتێک کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی خەرجییەکانی کێڵگە نەوتییەکان بە وردی دیاری دەکات.
بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆمپانیا نەوتییەکان بە پەنجەرەی ڕاگەیاندووە: "هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی جدی و پراکتیکی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ئارادا نییە."
ئەوەشی خستەڕوو: "تائێستا هیچ ئاگادارکردنەوە یان ئیمەیڵێکمان پێنەگەیشتووە بۆ ئامادەکاری ناردنەوەی نەوتی هەرێم."
ئەم لێدوانە ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەوەی دۆخی نەوت هێشتا لە قۆناغی قسە و وتووێژدا ماوەتەوە و نەگەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێکردن.
داهاتی نانەوتی: گرێکوێرەیەکی نوێ
سەرباری هاتووچۆی بەردەوامی شاندەکانی هەرێم بۆ بەغدا، ناکۆکییەکان تەنها بە نەوتەوە نەوەستاون. پرسی داهاتە نانەوتییەکانیش وەک گرێکوێرەیەکی گەورە ماوەتەوە و بووەتە ئاستەنگێکی سەرەکی لە بەردەم دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
حکومەتی عێراق داوای ڕادەستکردنی 50%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکانی هەرێم دەکات، لە کاتێکدا هەرێم نایەوێت هەموو ڕەسوماتهكان ڕادەست بکات، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە بۆ ڕادەستکردنی 50%ـی داهاتی گومرگ و بەشێک لە باجەکان.
گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت یەکلاکەرەوە بن
ئەم جیاوازییە لە دیدگاکاندا، ئاماژەیە بۆ نەبوونی متمانە و پێداچوونەوەی ورد بۆ میکانیزمە داراییەکانی نێوان هەردوولا، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر توانای حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچە دەبێت.
هۆشدارییە چارەنووسسازەکان: کات بەرەو تەواوبوون دەچێت
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت یەکلاکەرەوە بن و کێشەکان بە زووترین کات چارەسەر بکرێن."
ناوبراو نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە جیاوازیی کاتی دابەشکردنی مووچە لە عێراق و هەرێمدا و گوتی: "عێراق مووچەی مانگی نۆ دابەش دەکات و هێشتا لە هەرێم مووچەی مانگی حەوت نەدراوە."
ئەم جیاوازییە زۆرە لە دابەشکردنی مووچەدا، فشارێکی زۆر لەسەر مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕ و ژیانی گشتی دادەنێت.
شوان محەمەد هۆشدارییەکی جددیشی دایە هەردوو لا و ڕایگەیاند: "ئەگەر دەستوبرد نەکرێت بۆ ڕێککەوتن، گرفت دروست دەبێت و ساڵی دارایی تەواو دەبێت. ئەگەریش بچینە ساڵی نوێوە، تەیف سامی (وەزیری دارایی عێراق) ئەمە دەکاتە بیانوو و مووچەی ئەمساڵ نادات."