ساختەکاریی لە بازاڕی سوتەمەنیدا: چۆن نه‌وتى زه‌رد به نرخی نه‌وتى سپی به هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت؟
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٢:٠١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
گۆڕینی ڕەنگی نەوتی زەرد بۆ نەوتی سپی لە ڕێگەی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکانەوە، بووەتە بازرگانى و دیارده‌یه‌كى به‌ربڵاو، ئه‌مه‌ش بەهۆی جیاوازی نرخ لە نێوان هەردوو جۆرەکەدا. بازرگانێك ورده‌كاریی پرۆسه‌كه ده‌خاته‌ڕوو و به‌رپرسێكیش ده‌ڵێت: جیاكردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه.
لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە، بازرگانێکی سوتەمەنی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: "هەندێک لە بازرگانەکان بەمەبەستی قازانجی زیاتر، ماددە کیمیاییەکانی وەک تێزاب و چەند ماددەیەکی تر بەکاردەهێنن بۆ گۆڕینی ڕەنگی نەوتی زەرد بۆ سپی، چونکە نرخی نەوتی سپی گرانترە لە بازاڕدا."
ئەم بازرگانە، کە خۆی دانی‌نا بە هەوڵدانی بۆ ئەم کارە، بەڵام به‌وته‌ى خۆی "بەهۆی پێشێلکردنی پرەنسیپە ئەخلاقییەکانەوە وازی لێهێناوە"، ئاماژەی بەوەشدا کە "ئەو نەوتەی بەم شێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و له زه‌رده‌وه ده‌بێته سپی و دواتر لە ماڵان‌دا بەکاردێت، به‌ڵام ئه‌م نه‌وته گۆڕاوه غازی زۆر دروست دەکات و کوالێتییەکی خراپی هەیە."
هەروەها وتی: "نەوتی زەرد کاتێک بە تێزاب و ماددەی تر دەگۆڕدرێت، بۆنێکی ناخۆشی هەیە و ئەگەر بخرێتە سەر زمان، تامێکی ترشی هەیە."
ئه‌و نه‌وته له‌به‌كارهێناندا جگه له‌وه‌ى بۆنێكى ناخۆشی هه‌یه و زیانی بۆ ته‌ندروستى و هه‌ناسه‌دان و ژینگه هه‌یه، هاوكات زیانیشی هه‌یه و بكرێته هه‌ر ئامێرێكه‌وه (له‌نمونه‌ى سۆپا) خراپی ده‌كات و تێكی ده‌دات.
زانیارییە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەوتی زەرد و سپی هەردووکیان لە نەوتی خاوەوە بەرهەم دەهێنرێن. جیاوازی سەرەکی لە پێکهاتە کیمیاییەکانیاندا و بەتایبەتی لە ڕێژەی ئاوێتەکانی گۆگرد و مێرکەپتان دایە.
یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "کواڵێتی نەوتی زەرد بەراورد بە نەوتی سپی خراپە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە نەوتی کواڵێتی گۆڕاو لە پشکنین دەردەچێت."
ئەو ئاماژەی بەوەدا کە "بۆ پشکنینی نەوت، ئێمە پشت بە پلەی گڕگرتن و ڕێژەی ئاو دەبەستین لە نێو نەوتەکەدا، ئەگینا هەر ماددەیەکی تێبکرێت دەتوێتەوە و لە پشکنین دەرناچێت، مەگەر ئەو بازرگانانە لەکاتی ساختەکارییەکەدا دەستگیر بکرێن."