وەلائییەکان؛ بازووی بەهێزی ئێران لە عێراقدا

١٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٢:٥٥ پێش نیوەڕۆ

وەلائییەکان؛ بازووی بەهێزی ئێران لە عێراقدا

په‌نجه‌ره‌

په‌نجه‌ره‌

لە دیمەنی سیاسی و ئەمنیی ئاڵۆزی عێراقدا، هێزە وەلائییەکان، یان ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێرانن، وەک یەکێک لە کاریگەرترین و مشتومڕترین یاریزانەکان دەرکەوتوون. ئەم گرووپانە، کە ژمارەیان زیاتر لە 60 میلیشیایە، بە قووڵی لە پێکهاتەی دەوڵەتدا بوونیان هه‌یه‌ و ڕۆڵێکی بەرچاو لە ئاراستەکردنی ڕووداوەکانی وڵاتدا ده‌گێڕن، ئه‌وان لە سیاسەتەوە تا ئابووری و تەنانەت ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان ده‌ستیان هه‌یه‌.
 کێن ئەمانە و بۆچی پێیان دەوترێت "وەلائی"؟

هێزە وەلائییەکانی عێراق گرووپی چەکداری شیعەن کە پەیوەندییەکی قووڵیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە. ئەم پەیوەندییە لە بوارەکانی فیکریی و سیاسی، دارایی، چەک و مەشق و ڕاهێناندا دەبینرێت. ئەوان وەک دەستی جێبەجێکاری ئێران لە عێراقدا سەیر دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی "پڕۆژەی فراوانخوازیی مەزهەبی و چەسپاندنی هەژموونی ئەم فراوانخوازییە" لە وڵاتدا، وەک نەیارەکانیان باسی دەکەن.

دەستەواژەی "وەلائی" (واتە پابەندبوون یان دڵسۆزی) لە بیروباوەڕی "ویلایەتی فەقێ"ـوە سەرچاوە دەگرێت کە بەشێکی سەرەکیی فەلسەفەی حوکمڕانیی ئێرانە و زۆرێک لە سەرکردە و ئەندامانی ئەم گرووپانە باوەڕیان پێیەتی.

"ویلایەتی فەقێ" چەمکێکی بنەڕەتییە لە فه‌لسه‌فه‌ى حکومەتی ئیسلامیدا کە لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەشەی پێدرا. بەپێی ئەم فه‌لسه‌فه‌یه‌، لە سەردەمی دیارنه‌مانى "غەیبەی" گەورەی ئیمامی دوازدەهەم (ئیمامی مەهدی)، فەقیهێکی دادپەروەر و لێهاتوو (زانایەکی ئیسلامی) دەبێت سەرکردایەتیی گشتیی کۆمەڵگەی موسڵمانان بگرێتە ئەستۆ، چونکە ئەو بە باشترین شێوە توانای جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەتی هەیە.

ئەم بیرە دەسەڵاتی بێ قه‌ید و شه‌رت دەدات بە ڕابەری باڵا، کە لە ئێراندا نوێنەرایەتیی فەقێ دەکات. ئەم دەسەڵاتە تەنیا مەزهەبی نییە، بەڵکو سیاسی و سەربازییش دەگرێتەوە.
ئەو گرووپە چەکدارانەی باوەڕیان بە ویلایەتی فەقێ هەیە، خۆیان بە پابەند و دڵسۆز دەزانن بۆ ڕابەری باڵای ئێران، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بن. ئەمەش وایان لێدەکات کە فەرمانەکانی ئێران بەسەروەری و سەرچاوەی دەسەڵات بزانن، نەک حکومەتەکانی وڵاتەکانی خۆیان.

ئەم چەمکە بناغەی پەیوەندییە بەهێزەکەی نێوان هێزە وەلائییەکانی عێراق و ئێران پێکدەهێنێت.


 ژمارە و پۆڵێنکردن

ژمارەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، وەک لە زانیارییەکاندا هاتووە، دەگاتە زیاتر لە 60 میلیشیا. ئەم گرووپانە لەژێر چەتری "حەشدی شەعبی"دا کار دەکەن، کە لە بنەڕەتدا وەک هێزێکی فەرمی حکومەت دامەزرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ساڵی 2014. لەو کاتەوە، ئەم گرووپانە بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە دەزگای ئەمنی و سیاسی عێراق.
 

دڵسۆزییان بۆ تاران زیاترە و باوەڕیان بە تیۆری ویلایەتی فەقێ قووڵترە 

 

ئەم گرووپانە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سوپای پاسداران و "فەیلەقی قودس" و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکەن.
 

دیارترین گرووپەکان و ناساندنیان

کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق: لە ساڵی 2007 دامەزرا، یەکێکە لە کاریگەرترین گرووپەکان و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئێرانەوە. کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری کارگێڕییەکانی حەشدی شەعبی دەکات و خاوەنی چەکی پێشکەوتووە لەوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی. ئەمەریکا لە ساڵی 2009دا خستوویەتییە لیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان".

ڕێکخراوی بەدر: کۆنترین و یەکێک لە گرنگترین گرووپە وەلائییەکانە، لە ساڵی 1982 دامەزراوە. پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە شەڕی دژ بە ڕژێمی سەدام حوسێن و شەڕی تایفیدا هەبووە. ئێستا باڵێکی سیاسیی بەهێزی هەیە و چەندین لیوای لە حەشدی شەعبیدا بەڕێوەدەبات.

عەسائیبی ئەهلی حەق: لە ساڵی 2006 لە ئەنجامی جیابوونەوەی لە سوپای مەهدیی سەر بە سەدر دامەزرا. مەبەست لێی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی چەکداری بوو دژ بە ئەمریکا. ئەمەریکا لە ساڵی 2020دا خستوویەتییە لیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان". باڵێکی سیاسیی بەهێزی هەیە بە ناوی "هاوپەیمانی سادقون" و لە دەزگا هەواڵگرییەکاندا کاریگەرە.

نمایشێکی کەتیبەکانی سەید شوهەدا کە لەپاڵ ئاڵای خۆیان و عێراق، وێنەی عەلی خامنەیی- رێبەری باڵای ئێرانیان هەڵگرتووە

 

سەرایا تەلیعەی خۆراسانی (سەرایا خۆراسانی): لە ساڵی 1995 دامەزراوە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئێرانەوە و هەمان لۆگۆی سوپای پاسدارانی هەیە. ژمارەی چەکدارانی بە زیاتر لە 7000 کەس مەزەندە دەکرێت.

بزووتنەوەی نوجەبا: لە ساڵی 2013 دامەزراوە، لە ئەنجامی جیابوونەوەی لە عەسائیبی ئەهلی حەق. بە یەکێک لە گرنگترین فەیلەقە عێراقییەکان دادەنرێت کە لە سووریا دەجەنگا. ئەمەریکا لە ساڵی 2019دا خستوویەتییە لیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان".

کەتائیبی سەید شوهەدا: لە ساڵی 2013 دامەزراوە، لە ئەنجامی جیابوونەوەی لە کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق.

یەکێکە لە چالاکترین فەیلەقەکان و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبناندا هەیە.

 ستراتیژ، ڕۆڵ و کاریگەرییەکانیان

هێزە وەلائییەکان بەشێکن لە "میحوەری بەرگری" دژ بە ئیسرائیل و هەڵوێستێکی دوژمنکارانەیان بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەیە. ئەوان ستراتیژیان فرە ڕەهەندە، لە چالاکیی سەربازییەوە تا تێکەڵبوون لە سیاسەت و ئابووریدا له‌وانه‌:

تێکهەڵکێشان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا: ئەم هێزانە توانیویانە دەست بەسەر دامودەزگا ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکانی دەوڵەتدا بگرن. لە دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌، کاریگەرییەکی سەربازییان هەبووە و ئەم کاریگەرییە لەگەڵ دامەزراندنی حەشدی شەعبی گەشەی کرد، کە بوونە هێزی فەرمیی حکومەت. زۆرێک لە ئەندامانیان گەیشتوونەتە پۆستی باڵا لە حکومەتدا.

کاریگەریی سیاسی: سەرەڕای لاوازیی ئاستیان لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021دا، توانیویانە فشار دروست بکەن لە ڕێگەی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانەوە" بۆ دەستنیشانکردنی محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆک وەزیران.

کۆنترۆڵی ئابووری: ئەم هێزانە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر دامودەزگا ئابوورییەکانی عێراقدا هەیە. لە پارێزگا نەوتییەکانی باشووردا بڵاوبوونەتەوە و دەست بەسەر ڕێگاکانی نێودەوڵەتی و دەروازە سنوورییەکاندا دەگرن. ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات کە دەست وەربدەن لە کەرتی گواستنەوەی وشکانی و ئاسمانی، هەناردەکردنی نەوت، کۆنترۆڵی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان، وەرگرتنی باج و ڕسوم و بەشداریی لە گەندەڵیدا بکەن.


گەندەڵی و پێشێلکاریی

ئەم میلیشیایانە بە تێوەگلان لە تاوان و پێشێلکاری و بازرگانی و گەندەڵییەکی بەرفراوان تۆمەتبار دەکرێن. لە دیارترینیان:

کوشتن و ئەشکەنجەدان و وێرانکردنی موڵک: بە هۆکاری تائیفی دژ بە سوننەکان.
گۆڕینی دیمۆگرافی: بە دەرکردنی سوننەکان و نیشتەجێکردنی کەسانی دیکە لە ناوچە جیاوازەکاندا.

بازرگانیکردن بە نەوت: تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتیی نەوتی ئێرانییان دامەزراندووە، کە بە ناوی نەوتی عێراقەوە دەفرۆشرێت، ئەمەش سەرچاوەیەکی گەورەی دارایی بۆیان دابین دەکات.

دەستبەسەراگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان: لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کۆنترۆڵ کرد و نەیانگەڕاندەوە بۆ خاوەنەکانیان، بەڵکو بۆ چالاکییە ئابوورییەکانی خۆیان بەکاریان هێنا.

گەندەڵی دارایی: بەکارهێنانی کاریگەریی سیاسی و سەربازی بۆ بەدەستهێنانی قەرز و ئاسانکاریی یاسایی بۆ پڕۆژە بازرگانییەکان.

کۆنترۆڵکردنی بەشەکانی دیکە: هەوڵدەدەن لە بوارەکانی وەرزش و ڕاگەیاندندا ڕۆڵیان هەبێت، تیمە وەرزشییەکان بپارێزن و کەناڵی ڕاگەیاندن و فیلم و زنجیرە دراما بەرهەم بهێنن. هەروەها فشار دەخەنە سەر دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ بێدەنگکردنی نەیارانیان.

چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبی لەکاتی پشکنینی ماڵاندا

 

پەیوەندیی نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانی

ئەم میلیشیایانە چالاکیی سەربازییان هەیە لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراقدا. لە سووریا بۆ پشتگیریکردنی ڕژێمی ئەسەد جەنگاون. لە دوای "تۆفانی ئەقسا" لە تشرینی یەکەمی 2023، "بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" دەرکەوت بۆ پشتگیریکردنی بەرگریی فەلەستین و چەندین هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.


دۆخی ئێستا و ئاڵنگارییەکان

لەکاتێکدا کە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا کەمبووەتەوە، ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر کاروانەکانی هاوپەیمانان و بنکەکانیشیان کەمیکردووە. هەندێک لە چاودێران پێیان وایە کە ئەمە نیشانەی گۆڕانی ستراتیژیی میلیشیاکانە، کە ئێستا زیاتر لەناو حکومەتی عێراقیدا جێگیر بوون و ملیارەها دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەتەوە وەردەگرن و خاوەنی تۆڕێکی بازرگانیی بەرفراوانن. بەڵام هەندێکی دیکە پێیان وایە کە ئەم هێمنی و ئارامییە کاتییە و دەکرێت هەر کاتێک بگۆڕێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی زۆر لە داهاتەکانی عێراق کەوتووەتە دەستی ئەم گرووپانە و بۆ پشتگیریکردنی تاران بەکاردەهێنرێت. ئەمریکا فشارێکی زۆر دەخاتە سەر عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە کاریگەریی میلیشیاکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا. هاوكات دەستی کردووە بە وشککردنی سەرچاوەکانی دارایی ئەم گرووپانە لە ڕێگەی سەپاندنی سزای بەردەوامەوە.
فشاره‌كانى ئه‌مه‌ریكا جیدیین، به‌تایبه‌تى كه‌ ئیسرایلیشی له‌ پشته‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ پاشه‌كشه‌یه‌ك له‌ ڕۆڵی ئه‌م هێزانه‌دا درووست ببێت و ئەوانیش خۆیان بپارێزن له‌ تووڕه‌كردنى ڕاسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل.


عێراق؛ لەنێوان دوو وەفادارییدا؟

وه‌ك ده‌وترێت، هێزه‌ وه‌لائییه‌كان، ده‌وڵه‌تن له‌ناو ده‌وڵه‌تدا، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ عێراق بكه‌وێته‌ به‌ر رق و تووڕه‌یی ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا عێراق دەتوانێت لەنێوان وەفادارییەک بۆ نیشتمان و وەفادارییەکی دیکە بۆ دەرەوە، ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە؟ ئایا ئه‌م هێزانه‌ ده‌بنه‌ خۆره‌ و هه‌ناوى هه‌لاهه‌لابووى عێراق هێنده‌ى تر ده‌خۆن، یان ئاراسته‌ى ڕووداوه‌كان ڕێ و جێ به‌مانیش ده‌گۆڕێت؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو