بارق حاج حونتە؛ جەلادێک کە خۆی بوو بە قوربانی
٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٠٩ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
لە مێژووی پڕ لە خوێن و بارودى عێراقدا، ناوی هەندێک کەسایەتی هه‌ن سه‌رباری تێپه‌ڕینی ساڵه‌كان، به‌ڵام هه‌ر قسه‌یان له‌باره‌وه ده‌كرێت. یەکێک لەو ناوانە، لیوا ڕوکن: بارق عەبدوڵڵا حاج حونتە زوبه‌یدییه.
ئه‌و کە لە دایکبووی 3ـى ئاداری 1950ـه، ئەفسەرێکی باڵای سوپای عێراق بوو، کە ژیانێکی پڕ لە دڕندایەتی لە خزمەتی ڕژێمی بەعسدا بەڕێکرد، كه‌چى ئه‌مانه شه‌فاعه‌تى بۆ نه‌خواست و خۆیشی له‌سه‌ر ده‌ستى هه‌مان رژێم کۆتایی بە ژیانی هات.
سەرەتایەکی سەربازی و پاشخانێکی خوێناوی
بارق عەبدوڵڵا لە شاری واست "واسط"، قەزای سوێرە "صويرة"لەدایکبووە و لە کۆلێژی سەربازیی یەکەم (خولى 49)، کۆلێژی ئەرکان و قوتابخانەی هێزە تایبەتەکانی عێراق خوێندنى تەواو کردووە. لە چەندین جەنگ و ململانێی ناوخۆیی و دەرەکیدا بەشداری کردووە، لەوانە: جەنگی تشرین لە 1973 سوریا ئیسرائیل، جەنگی ناوخۆیی کوردستان (ناسراو بە جەنگی باکوور)، جەنگی ناوخۆیی لوبنان لە حەفتاکان، جەنگی سەربەخۆیی ئێریتریا، جەنگی عێراق-ئێران، داگیرکردنی کوێت و جەنگی کەنداو.
لە ماوەی خزمەتی سەربازیدا، چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە، لەوانە: ئامر لیوای 66ـى هێزە تایبەتەکان، ئامر لیوای دووەمی گاردی کۆماری، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی نەوت، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی عێراق و یاریدەدەری سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی کەنداو لە کوێت.
بەهۆی ئەو هەموو جەنگ و پۆستە سەربازییانەوە، دەیان مەدالیای ئازایەتی و خەڵاتی وەرگرتووە. بەڵام لە ژێر ئەم پۆست و مەدالیایانەدا، کەسایەتییەکی دڕندە و بێ بەزەیی خۆی حەشاردابوو، کە پڕ بوو لە تاوان و پێشێلکاریی.
تاوانەکانی لە کوردستان؛ بێبەزەیی لە ئاسمانەوە
یەکێک لە ڕەشترین لاپەڕەکانی ژیانی بارق عەبدوڵڵا، پەیوەستە بە تاوانەکانی لە کوردستان. لە ماوەی کارکردنیدا وەک فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی نەوت لە کەرکووک و لە میانەی ئۆپەراسیۆنە دڕندانەکانی ئەنفالدا، ئەم ئەفسەرە بێبەزەییە کارێکی وەحشیگەرانەی ئەنجامدا، کە هەرگیز لە یادەوەرییدا ناسڕێتەوە.
لە 13ـى ئاداری 1988، لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی 4 لە ناوچەی کۆیە، بارق عەبدوڵڵا فەرمانی دەرکرد سێ پێشمەرگەی دیل کە پێشتر دەستگیر کرابوون، بە دەست و قاچ بەستراوییەوە بخرێنە ناو هێلیکۆپتەرێکەوە. هێلیکۆپتەرەکە بەسەر بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی كه‌رتى کۆیەدا سووڕایەوە، پاشان ئەم پێشمەرگانه‌ى بە زیندوویی لە ئاسمانەوە فڕێدایە خوارەوە.
ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، کە ژمارەیەکی زۆر لە پلەدارانی سەربازی شایەتی بوون، بووە بە بەشێک لە مێژووی خوێناوی ئەنفال و شاهیدێک بۆ دڕندایەتیی ئەم ئەفسەرە.
ئه‌م كاره‌ى بارق پێشینه‌ى هه‌بووه، پێشتریش له كه‌ركوك، هه‌مان كارى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك دیلی دیكه‌دا كردووه.
کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو: كردنى به ئه‌فسانه
له‌ناو هاوڵاتیاندا، چیرۆكی كۆتاییهێنان به ژیانى بارق، وه‌كو شانازییه‌ك بۆ كه‌سایه‌تى ئه‌و هۆنراوه‌ته‌وه، به‌ڵام چیرۆكه‌كه جگه له خه‌یاڵ، بوونێكى له واقیع و راستییدا نه‌بووه.
چیرۆكه‌كه ده‌ڵێت: لەم کۆبوونەوەیەكدا له دواى شكستی جه‌نگى كوێت و هه‌ڵهاتنى سوپای عێراق، سەدام حسێن بە تووڕەییەوە ڕووبەڕووی ئەفسەرەکان بووەوە و بە هۆکاری شکستی جەنگی دایکی هەموو جەنگەکان "أم المعارك" ناوی بردن. کاتێک پرسیاری لە بارق عەبدوڵڵا کردووه: "بۆچی پاشەکشەت نەکرد؟"، بارق وەڵامی دایەوە کە "سەدام خۆی فەرمانی دابوو کە ئەگەر لە ڕادیۆشەوە گوێبیستی فەرمانی پاشەکشە بوون، بزانن ئەوە دەنگی ئەو نییە و پاشەکشە نەکەن". ئەم وەڵامە، سەدام حسێنی توڕەتر کرد و بە "ترسنۆک" ناوی برد. له‌به‌رامبه‌ردا بارق وەڵامی سەدامی داوه‌ته‌وه و وتوویه‌تى: "من ترسنۆکم؟ هەموو گەلی عێراق ئازایەتی من دەزانن، بەڵام چی دەڵێی دەربارەی ئەو کەسەی قسەیەک دەکات و پاشگەز دەبێتەوە لێی؟"
كۆتایی چیرۆكه‌كه به وته‌ى شایه‌تحاڵێك
به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ى شایه‌تحاڵێكى ڕووداوه‌كه، په‌رده له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و قسه و هۆنینه‌وانه هه‌ڵده‌دات كه له‌باره‌ى كۆتاییهێنان به ژیانى بارق باسكراوه، له نمونه‌ى چیرۆكه‌كه‌ى سه‌ره‌وه.
فەریق یەکەم ڕوکن: عەلی غەیدان، یه‌كێك بووه له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ى كه له‌گه‌ڵ 9 ئه‌فسه‌رى دیكه‌دا بانگكراوه بۆ كۆشكێكى سه‌دام كه یه‌كێكیان بارق بوو. ئه‌و كه شایه‌تحاڵی دواین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نێوان سه‌دام و بارقه، ڕووداوه‌كه به‌مشێوه‌یه ده‌گێڕێته‌وه:
لە کۆبوونەوەكه‌دا سەدام بە تووڕەییەوە ڕووبەڕووی بارق بووەتەوە و پرسیاری لێکردووە: "بارق، پرسیارێکت لێدەکەم؟ تۆ تاکە ئەفسەری هێزی وشکانیت کە نازناوی پاڵەوانی قادسیەت هەیە، پاڵەوانی قادسیە واتای چی؟" بارق بێدەنگ بووە و وەڵامی نەداوەتەوە. دوای سێ‌جار دووبارەکردنەوەی پرسیارەکە، بارق وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه. بۆیه سەدام تفی لە ڕووی بارق كردووه و وتوویه‌تى: "نه‌فره‌ت لەو سمێڵەت بێت!"
بەپێی گێڕانەوەی عەلی غەیدان، بارق سڵاوی سەربازیی داوە و دواتر دانیشتووە و سه‌دامیش به تووڕه‌ییه‌وه كۆبوونه‌كه‌ى جێهێشتووه. دوای کۆبوونەوەکەش به چه‌ند خوله‌كێك، ناوی بارق و چوار ئەفسەری دیکە لەلایەن عەبد حموود، سکرتێری سەدام حسێنه‌وه خوێنراونەتەوە و له ژووره‌كه برانه ده‌ره‌وه، ڕۆژی دواتر (4ـى نیسانی 1991)، له ناوچەی ڕەزوانییە لەسێدارە دران.
ئه‌گه‌ر بڕیاره چیرۆکی بارق عەبدوڵڵا گوزارشت بێت له‌شتێك، ئه‌وا بێگومان گوزارشته له گەشتێکی خوێناویی لە دڵڕه‌قی و بێبەزەییەوە بۆ گۆڕێکی سارد، گەشتێک کە تێیدا سەدان ژیانی کردە قوربانی بۆ ڕژێمێک، كه دواجار هه‌ر رژێمه‌كه خۆیشی خوارد.