ئیسلامی میانڕەو پاشەکشە دەکات و جیهادیی دەسەڵات دەگرێتەدەست

٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:١١ پاش نیوەڕۆ

ئیسلامی میانڕەو پاشەکشە دەکات و جیهادیی دەسەڵات دەگرێتەدەست

پەنجەرە
 
دوای ڕازیبوونی بزووتنەوەی حەماس بە مەرجەکانی ترامپ، شارەزایانی کاروباری ئیسلامی پێیانوایە تێڕوانینی هێزە ئیسلامیە جیهادییەکان بۆ دونیا گۆڕاوە و هێزی میانڕەویش لە پاشەکشەدایە.

بێستون ژاڵەیی، شارەزا لە کاروباری ئیسلامیی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دوای 11ـی سێپتەمبەر، جەدەلێکی قوڵ لەنێوان ئیسلامی جیهادی و میانڕەودا دروستبوو، ئەم جەدەلە ئێستاش بەردەوامە.

دەشڵێت: ئەمەریکاش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ناکرێت وەکو پێش 11 سێپتەمبەر، مامەڵە لەگەڵ هەندێک هێزی ئیسلامیدا بکات، بۆیە دوای شەڕێکی دوورودرێژ دواجار تاڵیبانی بە فۆرمێکی تازەوە قەبوڵ کرد.

هێرشی ڕێکخراوی قاعیدە بۆ سەر ئەمەریکا لە11ـی سێپتەمبەر ساڵی 2001، هەروەها هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵی 2023، هێشتا مایەی مشتومڕە لە نێو هێزە ئیسلامیەکاندا.

مشتومڕی نێوان هێزە ئیسلامیەکان لەو بازنەدایە دەسوڕێتەوە کە ئایا حەماس بەو هەنگاوەی غەززەی بە وێرانکردن دا و قاعیدەش دەرگای بەڕووی ئەمەریکادا واڵا کرد تا بەهێزەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە؟

ژاڵەیی دەڵێت: ئیسلامی میانڕەو لە بەرئەنجامی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی چووە پێشەوە، بەڵام دواتر پێشەوەچوونیان وەستا و جارێکی تر پاشەکشەیان کردەوە.

هەرچەندە ڕۆڵی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەڵام جیاواز لەو، دەستەی تەحریر شام لە سوریا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، کە بە دوو هێزی جیهادیی هەژمارد دەکران، دەسەڵاتیان گرتەدەست.

ژاڵەیی پێیوایە "ئیسلامی جیهادیی ئێستا ئارامتر لە دونیا و دەوروبەروبەری دەڕوانێت". دەشڵێت: هێزە جیهادییەکان لە قۆناغی بەخۆداچوونەوەدان، بۆئەوەی خۆیان لەگەڵ سیستەمی تازەی دونیادا بگونجێنن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو