سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک و سلێمانی بۆ پەنجەرە: وڵاتەکەمان ماندووە و خەمی خەڵک بووەتە بژێویی
٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٢١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک و سلێمانی کریستیانەکان پێیوایە، سەردەمی ئەوە تێپەڕی دەسەڵاتداران دژایەتی ئاین بکەن، بەمەش خەمی خەڵکی زیاتر لە بری ئاین بووە بە خەمی بژێویی.
د. یوسف تۆما، سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک و سلێمانی کریستیانەکان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەکەرکوک بەتایبەتی و لە عێراق بەگشتی، ئامارێکی وردی ژمارەی کریستیانەکان لەبەردەستدا نییە.
دەوترێت پێش ساڵی 2003، ملیۆن و نیوێک کریستیان لە عێراقدا هەبووە، بەڵام ئێستا ژمارەکە بەکەمتر لە 500 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.
بەشێکی زۆری کریستیانەکان کۆچیان بۆ دەرەوەی عێراق کردووە، لەکاتی کۆچ کردنیاندا کڵێساکانی عێراقیان ئاگادار نەکردوەتەوە بۆ ئەوەی سەرژمێرییان بکەن.
د. یوسف تۆما دەڵێت:دۆخی کریستیانەکان وەکو دۆخی ئەوانیتر وایە، کارەبا ببڕێت لە کریستیان و غەیرە کریستیان دەبڕێت، باران ببارێت بۆ مەسیحی و غەیرە مەسیحی دەبارێت.
دەشڵێت: ئەو سەردەمە تێپەڕی حوکمڕان دژایەتی ئاین بکات، گۆڕانکاری گەورە ڕوویداوە، ئەم گۆڕانکارییانە وایکردووە ئاین خەم نەبێت، خەم بووەتە بژێوی، بووەتە دامەزراندن، گەنج زانکۆ تەواو دەکات لەکوێ دابمەزرێ، خەم بووەتە کۆچ.
بەپێی وتەی سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک و سلێمانی، هەوڵیانداوە پێداویستی خەڵک دابین بکەن، چەند نۆرینگەیەکی پزیشکیان کردووەتەوە و کاریان کردووە بۆ خزمەتی خەڵکانی هەژار، چونکە وەکخۆی وتی: "کاری مرۆڤانە بەلای ئێمەوە لەهەموو شت گرنگترە."
د. یوسف تۆما وتیشی: ئەگەر تۆ موسڵمانیت یان کریستیان، یاخود ئێزدی و سابیئە، گرنگ خزمەتکردنە، عیبادەتی خوا لەهەر کوێ دەتەوێت بیکە، بەڵام گرنگیدانت بە مرۆڤ پێوەرە.
ئەو نیگەرانی خۆی دەربڕی لە کۆچکردنی خەڵکی عێراق و خنکانیان لەدەریاکاندا، دەڵێت: تەنها کریستیان کۆچ ناکات، بەلای کەمەوە چوار ملیۆن عێراقی کۆچیان کردووە، چونکە وڵاتەکەمان ماندووە.