خانەقین؛ یەک کورسی و 40 کاندید
٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٠٥ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە کە تەنها ناوچەی زۆرینە کوردی پارێزگاکەیە، بەشی یەک کورسی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی بۆ حزبە کوردییەکان تێدایە، لەکاتێکدا ئەو حزبانە ژمارەیەکی زۆر کاندیدیان هەیە.
سنوری جوگرافی خانەقین، جگە لە خودی قەزاکە، ناحییەکانی جەلەولا، جەبارە، سەعدیە و قەرەتەپە دەگرێتەوە، بەڵام کورد تەنها لەناو قەزاکەدا زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت.
خانەقین؛ شارێکی پڕ لە کاندید
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە و 28 کاندیدی لە خانەقین هەیە، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنها کاندیدێک لە نێو لیستی "عەزم"ـی سونەکاندا بەشداریی پرۆسەکەی کردووە.
نەوەی نوێ بە لیستێکی جیاوازی چوار کەسی بەشداری هەڵبژاردنی لە پارێزگای دیالە کردووە، هەروەها پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش لیستێکی سەربەخۆ و چوار کاندیدی داناوە لەو پارێزگایە.
بەم پێیە حزبە کوردییەکان لە پارێزگای دیالە بە گشتی و قەزای خانەقین بەتایبەتی، 37 کاندیدیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، لەکاتێکدا دەنگەکانی ئەو ناوچەیە تەنها بەشی کورسییەکی پەرلەمانی دەکات.
لایەنە شیعەکانیش بەشیان دەوێت
لایەنە شیعە عێراقییەکان قەزای خانەقینیان بۆ کورد بەجێنەهێشت و هەر حزبە و کاندیدی خۆی لەو قەزایە هەیە، سەرجەم کاندیدی ئەو حزبانەش کوردن و زۆربەیان هەر لە قەزاکە دادەنیشین.
عەسایبی ئەهلی حەق، ڕێکخراوی بەدر و زۆربەی لایەنە شیعەکان کاندیدیان لەخانەقین هەیە، دوو کاندیدی ژن و دوو کاندیدی پیاو لەو قەزایە بانگەشە دەکەن و کاندیدن لە دەرەوەی لیستە کوردییەکان.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی خانەقینی پارتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لایەنە عێراقیەکان کاندیدیان لە خانەقین داناوە و نوسینگەیان کردووەتەوە، ئەوان دڵنیان لەوەی کورسی لە خانەقین ناهێنن، بەڵام دەیانەوێت دەنگی کورد بسوتێنن.