خراپی گوزەران تەنگی بە ئێرانییەکان هەڵچنیوە و حکومەتیش دەیەوێت خەڵک چاوترسێن بکات 

٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٠٦ پاش نیوەڕۆ

خراپی گوزەران تەنگی بە ئێرانییەکان هەڵچنیوە و حکومەتیش دەیەوێت خەڵک چاوترسێن بکات 

پەنجەرە

دوای کاراکردنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیل، سەرچاوەیەک ئاماژە بە خراپی دۆخی خەڵکی ئێران دەکات دەکات لە ڕووی ئابورییەوە.

ڕۆژنامەکانی ئێران، باس لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێ لە نێوان ئێران لەلایەک و بەرەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەلاکەی تر دەکەن، هەروەها خراپی دۆخی ئابوری خەڵکی ئێرانیش وەک بەشێک لە "پیلانی دوژمن بۆ شەڕ" ناو دەبەن.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بارودۆخی خەڵکی ئێران لەڕووی ئابورییەوە زۆر خراپە، دەنگی ناڕەزایەتی بە ئاشکرا دەبیسترێت.

ڕۆژنامەکانی ئێران لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیانەوە گواستویانەتەوە، گەشتی فڕۆکە بارهەڵگرە سەربازییەکانی ئەمەریکا و گواستنەوەی چەک و کەرەستە سەربازییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیکردووە، ئەمەش نیگەرانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکەو ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ، ئێران سزای لەسێدارەدان و هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی چڕتر کردووە، بەجۆرێک لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا، 1050 کەسی لەسێدارە داوە.

ئەرسەلان یارئەحمەدی دەڵێت: ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی لەسێدارەدان و دەستگیرکردنەوەوە، خەڵک چاوترسێن بکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو