"عەرەب لە کەرکوک تەسفییە دەکرێت"؛ دوای ڕاکان جبوری و مەفرەجی ئەگەری دوورخستنەوەی محەمەد تەمیمیش لە ئارادایە
٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٥٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای دوورخستنەوەی راکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک و خالد مەفرەجی، سەرکردەی هاوپەیمانی عەرەبی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن، سەرکردەیەکی باڵای عەرەبی سونە دەڵێت ئەگەری دوورخستنەوەی محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندانانی عێراقیش لە ئارادایە.
دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو، ڕاکان جبوری لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرایەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، خالد مەفرەجی سەرکردەی هاوپەیمانی عەرەبیش لە بەشداریکردن لە کێبەرکێی هەڵبژاردن بێ بەشکرا.
سەرکردەیەکی باڵای عەرەبی سونە لە کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دوای دوورخستنەوەی ڕاکان جبوری کەسی یەکەمی لیستەکەی خەمیس خەنجەر لە کەرکوک، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندانان و کەسی یەکەمی لیستەکەی حەلبوسیش دوور بخرێتەوە، چونکە زۆر بەقورسی ئیش بۆ دوورخستنەوەی دەکرێت.
سەرچاوەکە دەڵێت: ئەگەر محەمەد تەمیمی دووربخرێتەوە، ئەوا کۆمەڵێک کەسایەتی تری عەرەبیش پێشبینی دوورخستنەوەیان دەکرێت.
سەبارەت بە هۆکاری دوورخستنەوەی سەرکردەکانی عەرەبی سونە لە کەرکوک، سەرکردەکەی عەرەبی سونە دەڵێت: بەشێکی مەسەلەکە ناکۆکی ناوخۆییە و گرێدراوە بە کێشەی ناو عەرەبەوە، بەشێکیشی ڕەهەندی یاسایی هەیە.
هەروەها وتیشی: ئەجێندای دەرەکیش تێکەڵ بە بابەتی دوورخستنەوەی سەرکردەکانی عەرەبی سونە بووە، ئەو ئەجێندایە کار بۆ دوورخستنەوەی هێڵی دووەمی لایەنە سیاسییەکان دەکات لە هەڵبژاردن.
لایخۆیەوە، ئیسماعیل حەدیدیی، سەرکردەی دیاری عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: سەرکردەکانی عەرەبی سونە بە ئامانج گیراون و دۆخەکە وا بڕوات خەڵک بەشداری هەڵبژاردن ناکات.