سەنتەرە چینییەکە لە هەولێر دەستبەکار دەبێت و گۆڤارێک بڵاودەکەنەوە

٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٣٦ پاش نیوەڕۆ

سەنتەرە چینییەکە لە هەولێر دەستبەکار دەبێت و گۆڤارێک بڵاودەکەنەوە

پەنجەرە

سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە کە لەلایەن حزبی شیوعی کوردستانەوە بە هاوکاری کۆماری چین لە هەولێر دامەزراوە، دەستی بەکارەکانی کرد، لەیەکەم چالاکیشیاندا گۆڤارێک بڵاودەکەنەوە.

سەنتەرەکە ناوی "سەنتەری دەستپێشخەریی شارستانی جیهانی"یە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، مەراسیمێکی فەرمی بۆ کردنەوەی لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت.

کاوە مەحمود، سکرتێری پێشووی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و بەڕێوەبەری سەنتەری دەستپێشخەریی شارستانی جیهانی، لە لێدوانێکیدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "کۆماری میللی چین بودجەیەکی تایبەتی بۆ دەستپێشخەری شارستانی جیهانی تەرخان کردووە و ئێمەش لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا کار دەکەین."

سەبارەت بە شێوازی هاوکارییەکانی چین، کاوە مەحمود ئاماژەی بەوەدا کە هاوکارییەکان زیاتر لە بواری توێژینەوەدا دەبێت. وتیشی: "ئەوان لەو بوارەدا هاوکارن کە کەسێک لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە، کۆڕ و سیمینارەوە بەشدار بێت لەگەڵمان."

دامەزراندنی ئەم سەنتەرە نوێیە و بڵاوکردنەوەی گۆڤارە تایبەتەکەی، بە هەنگاوێکی دیکەی چین هەژمار دەکرێت بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتر لە هەرێمی کوردستان و عێراق.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو