دوای 3 ڕۆژ لەدەستپێکردنی بانگەشە؛ کێ دەیەوێت هەڵبژاردنی عێراق بکرێت و کێ نایەوێت؟

٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٥:٠٤ پاش نیوەڕۆ

دوای 3 ڕۆژ لەدەستپێکردنی بانگەشە؛ کێ دەیەوێت هەڵبژاردنی عێراق بکرێت و کێ نایەوێت؟

پەنجەرە

لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ سەر دووبەرە دابەشبوون، بەرەیەکیان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنه نوێبەران دایە لەوادەی خۆیدا، بەڵام بەرەکەی تر خوازیاری ڕوودانی پێشهات و ڕووداوی سیاسییە بۆ پەکخستنی هەڵبژاردن.

ڕەوتی سەدر و کۆمەڵێک لایەنی پێگە لاوازی نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق، بە دوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی دۆخێک بێتە پێشەوە و بە مەرجەکانی خۆیانەوە بەشداری پرۆسەکە بکەن.

هەر لەم سۆنگەیەوە هۆکاری پێشخستنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش، بۆ هەبوونی ترس لە نانەوەی ئاڵۆزی لەلایەن سەدرەوە دەگێڕدرێتەوە.

بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەنجەرە، ئەگەر شەڕ لە ناوچەکەدا هەڵبگیرسێت ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن لە ئارادایە، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ لە ئارادا نییە بۆ سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەم کاتەدا، هەرچەندە ڕووداوەکان کتوپڕ و خێران.

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرباری ئەوەی هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێکهێناوە، بەڵام خوازیاری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانە بۆ ئەوەی کاتی زیاتری لەبەردەستدا بێت و دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بۆ چەسپاندنی زیاتری هەژموونی خۆی.

ئیبراهیم سومەیدەعی، ڕاوێژکاری سیاسی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ڕەنگە پێش هەڵبژاردن شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران ڕووبدات.

قسەکانی ڕاوێژکارەکەی سودانی ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق نیگەران نییە لەڕوودانی هەر ڕووداو و پێشهاتێک کە تەمەنی سیاسی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە.

لەبەرامبەر بەمانە، جەمسەرێکی تری گەورە وەستاوە کە پێداگیریی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکاتەوە.

نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، چەندینجار هۆشداریداوە لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن و ئەنجامنەدانی پرۆسەکە لە وادەی خۆیدا.

مالکی لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی تری شیعی، نیگەرانن لە محەمەد شیاع سودانی و پێیانوایە پابەندی بەڵێنەکانی بۆ لیست دروستکردن نەبووە و فریوی داون، بۆیە پەلەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیانە و دەیانەوێت ڕۆژێک زووتر کۆتایی بەدەسەڵاتەکەی بهێنن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو