ڕەمزی کارتاڵ بۆ پەنجەرە: هەندێک لایەن نایانەوێت کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر ببێت
٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
ڕەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل و بەرپرسی باڵای پەکەکە لە ئەوروپا، ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی تورکیا لە سوپا و خەڵکانی سیاسی پێکهاتووە، هەندێک لایەن نایانەوێت کێشەی کورد لەو وڵاتە چارەسەر ببێت، چونکە چارەسەربوونی ئەم کێشەیە تورکیا بەرەو دیموکراسی دەبات.
کارتاڵ، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەندێک هێز هەن ناڕازین تورکیا بەرەو دیموکراسی بڕوات، نایانەوێت تێکۆشانی سیاسی و دیموکراسی پێش بکەوێت، نایانەوێت ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسی بەهێز ببێت.
دەشڵێت: پرۆسەی ئاشتی وەکو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بەرەو پێش ناڕوات، ئەمە بۆ ئێمە سوپرایز نییە، چونکە دەزانین حکومەتی ئاکەپە ئامادە نییە هەنگاوی گەورە بنێت، بەڵام ناچارە بەردەوامی بە پرۆسەکە بدات بە لاوازی.
بە بڕوای رەمزی کارتاڵ، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بە ڕێکوپێکی بەڕێوەبچێت، پێویستیان بە خەباتی دیموکراسییە لە باکوری کوردستان و دەرەوەی وڵات، وتیشی: "دەبێت گەل حکومەت ناچار بکات بۆ ئەوەی مل بە پرۆسەی ئاشتی بدات."