پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا؛ کۆندێنسەیت لە کۆرمۆرەوە ڕەوانەی دوبەی دەکرێت
٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:١٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرباری ڕێککەوتنی نەوتی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام ڕۆژانە (70 بۆ 75) تانکەر کۆندێنسەیت لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە دەبرێتە ئێران و لەوێشەوە ڕەوانەی دوبەی دەکرێت بۆ فرۆشتن.
ئەو کۆندێنسەیتەی لە ئێرانەوە ڕەوانەی دوبەی دەکرێت بۆ فرۆشتن، پارەکەی بۆ کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتییە، بەڵام کرێی گواستنەوەکەی بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمەو هەر تۆنێک بە 20 دۆلار دەگوێزرێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، کۆندێنسەیتی کێڵگەی کۆرمۆر پێشتر لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرا، بەڵام دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان عێراق و هەرێم بە تانکەر ڕەوانەی دوبەی دەکرێت.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، دەبێت سەرجەم بەرهەمی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ڕادەستی عێراق بکرێت، جگە لە 50 هەزار بەرمیل نەوت کە بە ناوی پێداویستی ناوخۆوە گلدراوەتەوە.