"هێرشەکانی شەوی ڕابردووی حەلەب لەچوارچێوەی گوشاردا بووە"
٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٣٩ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمەشق دا ڕێکبکەوێت، هاوکات داواشی لە حکومەتی سوریا کردووە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە، هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردییەکانیش هەر لەم چوارچێوەیەدا بووە.
دوێنێ تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا و براد کوپەر- فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"، کۆبوونەوە. بڕیاریشە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەحمەد شەرع- سەرۆکی راگوزەری سوریا و مەزڵوم کۆبانی- فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڕێوەبچێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژێکە گرژیی لە نێو گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسود) درووستبووە و هێزەکانی حکومەتی سوریا هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکەکە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، هێرشەکانی شەوی ڕابردووی سەر ناوچە کوردنشینەکانی حەلەب، لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەبراوە و پێدەچێت تۆم باراک پێشوەخت ئاگاداری ڕووداوەکان بووبێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئامانج لە هێرشەکان فشارخستنە سەر "هەسەدە" بووە بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمەشق دا ڕێکبکەوێت، ئەمەش لەچوارچێوەی سیاسەتی گوشار و ناچارکردندایە بۆ دانوستان، بەو پێیەی گوشار دەکەن تا هەسەدە ببەنە سەر مێزی گفتوگۆ.