گەرووی هورمز؛ مەترسییەکانی داخستن و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٢٨ پاش نیوەڕۆ

گەرووی هورمز (Strait of Hormuz)، وەک یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی کەنداو، خاڵی تێپەڕین و کەشتیوانی سەدان کەشتی بازرگانی و سەربازییە. لە ڕاستیدا گەرووی هورمز یەکێکە لەو گەرووە ستراتیجی و جیۆ-ئابووریانەی کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئاسایشی وزە و هەندێکجاریش مەترسی وزە.

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی جیهان، کەنداو بە دەریای کراوە دەبەستێتەوە لە ڕێگەی دەریای عومان و زەریای هیندی و ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی. ڕۆژانە نزیکەی 13.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەرەو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەگوازرێتەوە.
 
هەروەها گەرووی هورمز چەندین لایەنی جیۆستراتیژیکی هەیە، کە بەم شێوەیە کورت دەکرێنەوە:

بوون لەسەر ڕێگای گواستنەوەی نەوتی پێویستی جیهانی ڕۆژئاوا - بە قەڵایەکی بەرگریی نیمچە دوورگەی سعودیە دادەنرێت - لە پێگەیەکی گونجاودا بوون بۆ ئەوەی هێزی وشکانی بچێتە ناو نیمچە دوورگەی سعودیەوە - هەڵکەوتووبوون لە سەرەتای ڕێڕەوی فەلاتی ئێران. 

ئەمڕۆ زۆربەی ئاوەدانی بازرگانی و ئابووریی حەوت زلهێزی پیشەسازی پێشەنگی جیهان بەندە بە گەرووی ستراتیجیی هورمزەوە. بەپێی ئامارە بەردەستەکان ساڵانە بە تێکڕا 27 هەزار کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، هەر ئەمەش وایکردووە ئاسایشی ئەم ڕێڕەوی ئاوییە نێودەوڵەتییە جێگەی سەرنجی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بێت.

 

هەر ڕێگریکردنێکی ئێران لەم ڕێڕەوی ئاوە نێودەوڵەتییە، ڕاگەیاندنی ئاشکرای شەڕە

 

گەرووی هورمز گەروویه‌کی نێودەوڵەتییە کە بەپێی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریا، کەشتییەکانی هەموو وڵاتان مافی تێپەڕینیان هەیە بەبێ بەربەست. هەرچەندە ئێران لایەنێکی ئەم کۆنوانسیۆنە نییە، بەڵام زۆرێک لە پرەنسیپەکانی وەک دابونەریتی نێودەوڵەتی ناسێنراون. بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ داخستنی گەرووی هورمز، پێویستە بگوترێ یاسای دەریایی نێودەوڵەتی داخستنی ئەم گەرووە قبوڵ ناکات، تەنها لە حاڵەتە تایبەتەکاندا نەبێت لەکاتی شەڕە چەکدارییەکان و تەنانەت ئەوکاتیش تا ڕادەیەکی سنووردار لەڕێگەی پشکنینی کەشتییەکانەوە.

وەک دەزانین نزیکەی 90%ـى نەوتی کەنداو، زیاتر لە 50%ـى نەوتی وڵاتانی وەک: چین، ژاپۆن، کۆریای باشوور، هیندستان و هەموو هەناردەکردنی غازی سروشتی شلی (Liquefied Natural Gas or LNG) وڵاتی قەتەر، لە ڕێگەی ئەم گەرووەوه‌ ئەنجام دەدرێت.

شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی ڕۆژئاوا پێیانوایە، هەر کردەوەیەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕێگریکردن لەم ڕێڕەوی ئاوە نێودەوڵەتییە، ڕاگەیاندنی شەڕی ئاشکرا لەسەر وڵاتانی هەناردەکار (سعودیە، عێراق، کوێت، قەتەر، بەحرەین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی) و هەروەها وڵاتانی هاوردەکاری نەوت و غاز لەم ناوچەیە (بەتایبەت ئەوروپای ڕۆژئاوا و ژاپۆن و هاوپەیمانەکانیان)ـن. بۆیە پێدەچێت هەر پەککەوتنێکی گواستنەوەی وزە لەم گەرووەدا لەلایەن ئێرانەوە بە کاردانەوەی توندی ئەو وڵاتانە بەتایبەت ئەمریکا بەرەوڕوو بێتەوە.

هەرچەندە ئێرانیش وەک ڕووسیا دەیەوێت سوود له‌ وزە ببینێت وەک چەکێکی سیاسی، بەڵام پێدەچێت داخستنی گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی هەڕەشەکردن بەکاربهێنن نەک سیاسەتێکی پراکتیکی و جێبەجێکراو. تەنانەت پێناچێت ئێران سوودمەند بێت لە سیاسەتی هەڕەشە. لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر بڕیار بێت گەرووی هورمز بگیرێت، ئەوا پێدەچێت بە بەکارهێنانی هەزاران مینی دەریایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی و بەلەمی خێرا و چەکی هاوشێوە ئەنجام بدرێت. هەروەها نوقمکردنی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە دەتوانێت هاتوچۆ تێکبدات؛ ئەزموونێک کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقیشدا ڕووی دا. بەڵام لەبیرمان نەچێت هەر وڵاتێک بە نیازی داخستنی گەرووی هورمز بێت، لە ڕاستیدا شەڕی لە دژی هێزی دەریایی ئەمریکا و ئەوروپی کە لەم ناوچەیەدا ئامادەن، ڕاگەیاندووە و پێدەچێت دژوار بێت بە تەنیا بەرەنگاری هێزی دەریایی ئەمریکا ببێتەوە.

دوا خاڵ ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا هاوشێوەی سەرۆکەکانی پێشوو، ئاسایشی وزە لە ناوچەی کەنداو بە یەکێک لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی خۆی دەزانێت، تەنها ئەوە نەبێت کە ڕێبازەکەی ترەمپ زۆر پراگماتیکتر و پێشبینینەکراوترە لە ڕێبازی باراک ئۆباما. بۆیە گومانی تێدا نییە کە هەر سیاسەتێکی ئێرانی بۆ داخستن و زیانگەیاندن بەم گەرووە، دەتوانێت بناغەی سیستەمی سیاسی ئێران بخاتە بەردەم لەناوچوون. بۆیە تەنانەت هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز بە قومارێکی گەورە بۆ ئێران دادەنرێت.


نوێترین شرۆڤەکان