درۆنەکانی تورکیاو میلیشیا شیعەکان ئاسمانی سلێمانی و هەولێر بایکۆت دەکەن

٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٠٢ پاش نیوەڕۆ

درۆنەکانی تورکیاو میلیشیا شیعەکان ئاسمانی سلێمانی و هەولێر بایکۆت دەکەن

پەنجەرە

لەکاتێکدا بارودۆخی ناوچەکە ڕوو لە ئاڵۆزی زیاتر دەکات، بەڵام پێچەوانەی پێشبینییەکان درۆنەکانی تورکیاو میلیشیا شیعەکان  ئاسمانی هەرێمی کوردستانیان بایکۆت کردووە.

تاچەند مانگێک لەمەوبەر درۆنەکانی تورکیاو میلیشیا شیعەکان بەردەوام میوانی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بوون، تورکیا سلێمانی و میلیشیاکانیش هەولێریان کردبووە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی حساباتی سیاسی خۆیان.

بێدەنگی درۆنەکانی تورکیا

هیچ ئاماژەیەک بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو یەکێتی نیشتمانی بەدی ناکرێت، ئەو وڵاتە گەمارۆی ئاسمانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژ کردەوە، بەڵام درۆنەکانی  تورکیا ئاسمانی سلێمانییان بایکۆت کردووە.

لەڕابردوودا درۆنەکانی تورکیا بە بەردەوامی بەسەر ئاسمانی سلێمانییەوە بوون، هەرجارەو لە ناوچەیەک بۆردومانی ئۆتۆمبێل و ئامانجێکی دیاریکراویان دەکرد، بەڵام ئێستا بۆردومانەکانی ئەو وڵاتە کەمبوونەتەوە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی وەکو ئاماژەیەک بۆ بوونی بەردەوامی درۆنەکانی تورکیا بەسەر ئاسمانی سلێمانییەوە، ڕایگەیاند: بەیانیان سڵاو لە درۆنەکان دەکەم.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، هۆکارێکی سەرەکی بێدەنگی درۆنەکان پەیوەندی بە پرۆسەی ئاشتییەوە هەیە لە تورکیا، بەتایبەت زۆربەی ئەوانەی لەڕابردوودا کراونەتە ئامانج کادیرو لایەنگرانی پەکەکە بوون.

زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژەبەوەش دەکەن، ژمارەیەکی زۆر تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە گومانی سیخوڕی و دەستنیشانکردنی  ئامانجەکانیان لێدەکرێت.

لەنێو دەستگیرکراوەکاندا لە سەرۆک حزبەوە تا خەڵکی ئاسایی تێدایە، ئەوەی جێی سەرنجە هەندێکیان کادیری تەڤگەری ئازادی نزیک لە خودی پەکەکە بوون.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، لەچەند مانگی ڕابردوودا دوو هاوسەر بەتۆمەتی سیخوڕی دادگایی کراون، پێشتر بەرپرسیارێتییان لە نێو تەڤگەری ئازادیدا هەبووە.

میلیشیاکان و متبوون


لەکاتێکدا بوردومانکردنی هەولێرو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، یەکێکبوو لە دیاردە بەردەوام دووبارە بووەوەکان، بەڵام لە ئێستادا ئەو میلیشیایانە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، هۆکاری بێدەنگی میلیشیاکان و وازهێنان لە بۆردومانکردنی هەرێم، پەیوەندی بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەو ترسی میلیشیاکانەوە هەیە لە بارودۆخەکە.

لەڕابردوودا، هەرکات نیگەرانی لای ئێرانییەکان دروست بووایە لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی پارتی، هێرشی میلیشیاکان دەستی پێدەکردەوە.

لە ئێستادا میلیشیاکان بێدەنگییان هەڵبژاردووەو وازیان لە بۆردومانکردنی هەرێم هێناوە، ئەوان نایانەوێت بیانوو بۆ بەئامانج گرتنیان بە دەستەوە بدەن، بەتایبەت خۆیان لە دۆخێکی خراپدان و ترسی ئەوەیان هەیە هێرش بکرێتە سەریان.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی سلێمانی وتوویەتی: بۆردومانەکان کاری چەند گروپێک بوون، ناکرێت هەموو حەشدی شەعبی تۆمەتبار بکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو