ئامانج لە هێرشەکەی حەلەب دروستکردنی گرفت بووە بۆ کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ شەرع و باراک

٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٩:٢٧ پاش نیوەڕۆ

ئامانج لە هێرشەکەی حەلەب دروستکردنی گرفت بووە بۆ کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ شەرع و باراک

پەنجەرە

سەرچاوەیەکی باڵا لە ڕۆژئاوای کوردستان کە ئاگاداری وردەکاری دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدەیە، ئاشکرایکرد ئامانج لە هێرشەکانی دوێنێ شەوی سەر ناوچە کوردنیشینەکانی حەلەب بۆ بردنی کورد بووە بە لاوازی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

سەرچاوە باڵاکەی ڕۆژئاوای کوردستان، زانیاری تایبەتی بە پەنجەرە دا و ڕایگەیاند: دوێنێ شەو کاتێک هێرشکراوەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب، درۆنی تورکی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە.

لەدوای ڕێککەوتنی ڕۆژی 1ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ، هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە لە حەلەب کشاونەتەوە، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کوردیی سپێردراوە.

سەرچاوەکە دەڵێت: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەزڵوم عەبدی و بەرپرسانی دیمەشق پێشتر بڕیاری لێدرابوو، ئامانج لە هێرشەکانی دوێنێ شەو بۆ ئەوەبوو تا ئەمڕۆ هەڵوێستی کورد لەسەر مێزی گفتووگۆ لاواز بێت.

هەروەها وتیشی: کاتێک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کوردی ڕووبەڕووی سوپای سوریا بوونەوە دۆخەکە گۆڕا.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی و بەرپرسانی سوریا هیچ ڕێککەوتنێکی نوسراویان واژۆ نەکردووە، تەنها بە شێوەی زارەکی گفتوویان لەسەر ئاگربەست و تێکەڵکردنی سوپا و هەسەدە کردووە، هەروەها عەبدیش داوای فیدراڵی کردووە، هاوکات لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە دەستوریی کاتیی سوریا هەموار بکرێتەوە و تیایدا مافی کورد زامن بکرێت.

سەرچاوەکە وتی: بڕیارە وەزیری دەرەوەی سوریا ڕێککەوتنە زارەکییەکە بباتە تورکیا و لەوێ بڕیاری لەبارەوە بدرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو