جووڵەی بەریتانیا لە عێراق: ئابووری، سیاسەت و ڕۆڵی هەرێمایەتی
٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٣٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
کاتێک لە مانگی 3ـی ئەمساڵ، حکومەتی عێراق بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی ئەنجامدا، هەمووان بیریان بۆ لای دیوی ئابووری گرێبەستەکە چوو، لەکاتێکدا پرۆژەی بەریتانیا بۆ عێراق زۆر لەوە گەورەترە.
بەریتانیا و سیاسەتمەدارانی عێراق
گرێبەستی نێوان کۆمپانیای بی پی بەریتانی و حکومەتی عێراق بێ پێشینە نییە، بەڵکو گرێبەستەکە پرۆژەیەکە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی گەورەتردا کە بەرژەوەندی ئیقلیمی و ناوچەییە.
بەشێکی زۆر لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانین، بە تایبەت سەرکردەی لایەنە شیعەکانی عێراق، بۆیە هەر نزیک بوونەوەی زیاتر لە نێوان عێراق وبەریتانیادا پێشبینی بۆ کراوە.
بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەڕووی پارە سپیکردنەوەوە بە هاوتای دوبەی دادەنرێت، بەو پێیەی سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارەیەکی زۆر لە وڵاتەکانیان دەبەن و لە بەریتانیا سپی دەکەنەوە، ئەو وڵاتە چاوپۆشی لێدەکات.
سەرکردە سیاسییەکانی عێراق بە ملیۆنەها دۆلاریان ڕەوانەی بەریتانیا کردووە و لەو وڵاتە پرۆژەیان بونیاتناوە، لەکاتێکدا بەریتانیا بۆ سودی ئابووری وڵاتەکەی چاوپۆشی لێدەکات.
بەمپێیە بەرژەوەندی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانییەکە تەنها لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نێوان دوو وڵاتدا نەماوەتەوە، بەڵکو بەرژەوەندی ئابووری شۆڕ بووتەوە بۆ خودی بەرپرسانی عێراقیش.
بەریتانیا و عێراق؛ پەیوەندییەکی مێژوویی
بەریتانیا بە دامەزرێنەری دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921 دادەنرێت، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا دەستبەرداری عێراق نەبووە و دەیەوێت عێراق ببێتە وڵاتێکی ئیقلیمی هاوتای ئێران، بەڵام پێناچێت ئەم خواستەی بەریتانیا بە ئاسانی بێتە دی.
بەشێکی زۆر ئەو پارەیەی لە بانکە بەریتانییەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت، پارەی وڵاتانی کەنداوە و بە چارەکی کۆی پارەکان مەزەندە دەکرێت، بەریتانیا کاتێک بایەخ بە عێراق دەدات دەیەوێت بیکاتە چەتری ئەو وڵاتانە.
دیپلۆماتکارە بەریتانییەکان کاتێک خواستی وڵاتەکەیان لە ژمارەیەک کۆبوونەوەدا بۆ بە ئیقلیمیکردنی عێراق پیشانداوە، ئەم زانیارییانە ئێرانییەکانی توشی شۆک کردووە، بەو پێیەی عێراق لەلایەن ئێرانەوە بە سەنگەری پێشەوەی وڵاتەکەی دادەنرێت.
ڕێگری گەورە لەبەردەم خواستی بەریتانیا بۆ بەهێزکردنی عێراق هەژموونی ئێرانە، هەروەها ئێران ئەزموونی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراق دا هەیە، بۆیە هەرگیز بە هاتنە دی خواستەکەی بەریتانیا ڕازی نییە.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی هەمیشە بە مایەی مەترسی لەسەر وڵاتانی کەنداو هەژمار دەکرێت، ڕەنگە بەریتانییەکان خواستی ئەوەیان هەبێت لە ڕێگەی ڕۆڵدان بە عێراق ئەم مەترسییە تاڕادەیەک کەم بکەنەوە.
کاتێک بەریتانیا دەیەوێت عێراق لە ناوچەکەدا ڕۆڵێکی گەورەی میحوەری بگێڕێت دەیەوێت بیکاتە سێبەر بۆ وڵاتانی کەنداو، بەو پێیەی بەشێکی گرنگی ئابووری بەریتانیا گرێدراوە پارەی ئەو وڵاتانەوە لە نێو وڵاتەکەی.