هاوسەر دۆزینەوە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە؛ زانایەکی ئاینی دەڵێت ئەم کارە مەرج و پێوەری شەرعی هەیە

٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٤١ پاش نیوەڕۆ

هاوسەر دۆزینەوە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە؛ زانایەکی ئاینی دەڵێت ئەم کارە مەرج و پێوەری شەرعی هەیە

پەنجەرە

ئەندامێکی یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان، لەبارەی ژنهێنان و ژن بەشودان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاماژە بەوەدەکات، بەپێی شەرع ڕێگەپێدراو نییە ژن و پیاو پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن بە بیانووی ژن بۆ هێنان و ژن بەشودان.

مەلا ئیدریس ژاڵەیی، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هاوسەر دۆزینەوە یان گەیاندنی دوو کەس بەیەکتری کارێکی چاک و خێرە، ئەگەر پێوەرە شەرعییەکانی تێدا ڕەچاو بکرێت.

ژنهێنان و کچ بەشودان، خەریکە دەبێتە بزنس و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ دەکرێت، لەهەندێک ناوچەش نوسینگە بۆ ئەم مەبەستە دانراوە.

خاوەن ئەو پەڕە و نوسینگانەی تایبەتن بە ژنهێنان و ژن بەشودان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردووەتە کەناڵێک بۆ برەودان بە کارەکەیان. ئەوان ڕۆژانە ئەو کوڕ و کچانەی کەخوازیاری ژن هێنان و شووکردنن، پەیوەندیان پێوە دەکەن و ناوی خۆیانیان لا تۆمار دەکەن.

مەلا ئیدریس ژاڵەیی، دەڵێت: بەپێی شەرع ڕێگەپێدراو نییە ژن و پیاو پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن بە بیانووی ژن بۆ هێنان و ژن بەشودان.

دەشڵێت: ئەو کەسەی دوو کەس بەیەکتری دەگەیەنێت دەبێت ڕاستگۆ بێت، ئەمانەت پارێزبێت، ناوی کچەکە نەزڕێنێت و وێنەی بڵاونەکاتەوە و نیەتی چاکە بێت.

ژن هێنان و شوکردن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەکاتێکدایە، زۆرجار ئەو کوڕو کچانەی لەم ڕێگەیەوە ژن دەهێنن و شو دەکەن یەکتری ناناسن، ئاشنا نین بە خێزان و سروشتی یەکتری.

مەلا ئیدریس ژاڵەیی، لەوبارەوە وتی: بەپێی فەرمودەی پێغەمبەر (د. خ) ژن هێنان و شوکردن، لەسەر بنەمای پارە یاخود پێگەی خێزانی یان ڕەوشت جوانی ئەنجام دەدرێت، بەڵام باشترین هاوسەرگیریی ئەوەیە لەسەر بنەمای ڕەوشت جوانی ئەنجام بدرێت.

 ئەو کەسانەی کاری ژنهێنان و ژن بەشودان دەکەن، نامەی کچان و ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکەنەوە و ناوەڕۆکی داواکارییەکانیان دەخەنەڕوو، بەبێ ناوهێنان و بڵاوکردنەوەی وێنەیان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو