شیوعی و پارتی و ڕەیان کلدانی کاندیدیان بۆ کورسی کۆتای مەسیحییەکان هەیە
٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٤٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
حزبی شیوعی کوردستان هیچ کاندیدێکی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نییە، بەڵام ڕێنمایی بە سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە دراوە بۆ ئەوەی پشتگیری کاندیدێکی کۆتای مەسیحی بکەن.
سائیرە یوسف عەزیز، ئەو کاندیدە مەسیحیەیە کە لە پاڵ چەند کاندیدێکی تردا ڕکابەری بۆ کورسی کۆتای مەسیحییەکان دەکات و حزبی شیوعی پاڵپشتی لێدەکات.
ئەمیر عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی سەر بە حزبی شیوعی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: حزبی شیوعی لە زاخۆوە تا خانەقین پشتگیری سائیرە یوسف دەکەین کە کاندیدی کۆتای مەسیحییە.
دەشڵێت: پارتی و حزبەکەی ڕەیان کلدانیش پشتگیری دوو کاندیدی تری مەسیحی دەکەن بۆ کورسی کۆتای مەسیحییەکان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 9 کورسی تایبەتە بە کۆتای پێکهاتەکان، 5 لەو کورسییانە بۆ پێکهاتەی مەسیحییە، بەشێوەیەک لەهەریەکە لە پارێزگاکانی: بەغدا، موسڵ، کەرکوک، هەولێر و دهۆک، کورسییەکیان بۆ دانراوە.