لە کۆی 11 کاندیدی سلێمانی 6 کاندیدی بەرەی گەل بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن
٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٠٠ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
کاندیدێکی لیستی "بەرەی گەلەکەمان" بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرایکرد، تائێستا فلێکس و پۆستەریان لە سلێمانی هەڵنەواسیووە، چونکە فلێکسەکان دەدڕێنرێن و ئەو کەسانەش هەڵیدەواسن مەترسی دەستگیرکردنیان لەسەر دروست دەبێت.
دڵسۆز زەنگەنە، کاندیدی لیستی "بەرەی گەلەکەمان" لە بازنەی سلێمانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەرەی گەل لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام بەرەی گەلەکەمان لە عێراق تۆمارە، بۆیە بەم ناوەوە بەشداری هەڵبژاردنی عێراقمان کردووە.
دەشڵێت: غیابی لاهور شێخ جەنگی کاریگەری لەسەر ڕێوشوێنەکانی کارکردنمان هەبووە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە سەرکەوتن ئەم مەسەلە قەرەبوو بکەینەوە.
بەرەی گەلەکەمان 11 کاندیدی لە بازنەی سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، بەڵام شەش کاندیدیان بەفەرمی بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، لەوانە: دکتۆر ئیدریس، دڵسۆز زەنگەنە و زانا عەبدولڕەحمان.
دڵسۆز زەنگەنە، وتی: لە نێو بەرەی گەلدا ئازادی تەواو دراوە بە ئەندامان، ئەو کاندیدانەی بانگەشە ناکەن ڕەنگە لە دوا ساتەکاندا دەستپێبکەن.