پێشبینی لایەنەکانی کەرکوک بۆ هەڵبژاردن؛ یەکێتی 4 کورسی ، پارتی 2 کورسی، نەوەی نوێ کورسییەک

٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٩:٠٠ پاش نیوەڕۆ

پێشبینی لایەنەکانی کەرکوک بۆ هەڵبژاردن؛ یەکێتی 4 کورسی ، پارتی 2 کورسی، نەوەی نوێ کورسییەک

په‌نجه‌ره‌

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک، پێشبینی دەکات حزبەکەی 4 کورسی لە بازنەی پارێزگای کەرکوک لەکۆی 12 کورسی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر کردبێت، ئاماژە بەوەشدەکات لە ئێستادا کار بۆ بەدەستهێنانی کورسی پێنجەم دەکەن.

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: یەکێتی 4 کورسی مسۆگەرە و ئەگەری هێنانی کورسی پێنجەمیش زۆرە، بەو پێیەی ئەو بەڵێنانەی لەکاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بەخەڵکمان دا بردمانە سەر.

دەشڵێت: ئیشوکارەکانی پارێزگاری کەرکوک وایکردووە متمانەی خەڵک بە یەکێتی زیاتر بێت.

یەکێتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا 3 کورسی، پارتی 2 کورسی و نەوەی نوێ کورسییەکی لە بازنەی کەرکوک بەدەستهێنا.

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پارتی ئەو دوو کورسییە بەدەستدەهێنێتەوە کە پێشتر لە بازنەی کەرکوک بەدەستیهێنابوو.

هاوکات بەرپرسانی نەوەی نوێش جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، ئەو کورسییەی لە پەرلەمانی عێراق هەیانبووە لە بازنەی کەرکوک پارێزگاری لێدەکەن و بەدەستی دەهێننەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، لایەنەكان جیاواز لەو پێشبینییانەی بۆ کورسییەکانی خۆیان هەیانە، پێشبینی جیاوازیش بۆ کورسی لایەنە ڕکابەرەکانیان لە کەرکوک دەکەن.

پارتی پێیوایە لە کەرکوک یەکێتی 3 کورسی بەدەستدەهێنێت، لەکاتێکدا یەکێتیش ئاماژەبەوەدەکات پارتی تەنها یەک کورسی مسۆگەرە، هاوکات نەوەی نوێش پێیوایە یەکێتی و پارتی پێکەوە 5 کورسی بەدەستدەهێنن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو