کاندیدێکی کورد لەسەر بنەمای نووسراوی هەواڵگیریی لە هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە
٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٣٥ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای دوورخستنەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کاندیدێکی کورد لە پارێزگای دیالە جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە دەستی سیاسی لە پشت دوورخستنەوەکەیەوە هەبووە.
د. رابیعە عەباس، کاندیدی هاوپەیمانی بەدیل لە پارێزگای دیالە، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لەچەند ڕۆژی ڕابردووودا لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرایەوە.
ئەو بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەسەر بنەمای نوسراوی هەواڵگیری دوورخراومەتەوە و دوورخستنەوەکەم دەستی سیاسی لە پشتە.
دەشڵێت: بەتەمەنم مەگەر بۆ وەکالەت چووبێتمە دادگا، ئەگینا سزا نەدراوم؛ پۆستی ئیداریشم نەبووە و هەموو خەڵکیش شاهێدی بۆ ڕەوشت بەرزیم دەدەن، بۆیە هیچ بیانوویەک نییە بۆ دوورخستنەوەم.
بەپێی وتەی د. رابیعە عەباس، بەتەمەنی یەکجار سەردانی ئەردەنی کردووە و ئەویش بۆ گەشت بووە.
سەبارەت بە نزیکایەتی لەگەڵ پـ..ـەکـ.،.ـەکـ..ـە، وتی: چەندین ساڵە وەکو چالاکوانی ژینگە و خۆبەخش لە نەخۆشخانەی خانەقین دەوام دەکەم، لە ساڵی 2021ـیشەوە وازم لە تەڤگەری ئازادی هێناوە و ئەندامی پـ..ـەکـ.،.ـەکـ..ـەش نەبووم، بۆیە دوورخستنەوەم بێ پاساوە.