ئاسۆی ئاگربەستی نێوان دیمەشق هه‌سه‌ده تەڵخیی تێده‌كه‌وێته‌وه؛ پێکدادان لە نزیک بەنداوی تشرین ڕوویدا
٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:٣٩ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
سەرەڕای گفتوگۆکانی دوایی و هیواکان بۆ ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) و حکومەتی دیمەشق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هه‌سه‌ده گرژییەکی نوێیان به‌خۆیانه‌وه بینی، كاتێك كۆمەڵێک چەکداری سەر بە حکومەتی دیمەشق هەوڵی دزەکردنیان داوە بۆ یەکێک لە پێگەکانیان لە لادێکانی بەنداوی تیشرین.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هه‌سه‌ده، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک چەکداری سەر بە حکومەتی دیمەشق هەوڵیاندا دزە بکەنە ناو یەکێک لە پێگەکانمان لە لادێکانی ناوچەی بەنداوی تیشرین، بە بەکارهێنانی نارنجۆکی دەستی لە هەوڵێکدا بۆ بە ئامانجگرتنی شەڕڤانانمان و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە."
ده‌شڵێت: هێزەکانی هه‌سه‌ده دەستبەجێ وەڵامیان داوەتەوە و لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا یەکێک لە هێرشبەرەکان كوژراوه و ئەوانی دیکەش هەڵاتوون.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکی کەم لە دیداری گرنگی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هه‌سه‌ده، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا لە دیمەشق تێپەڕیوە. ئەو دیدارە کە پێرێ ئەنجامدرا، بە هەنگاوێکی گرنگ دانرا بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، بەتایبەت لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا له‌پاش گرژییه‌كانى حه‌له‌ب.
سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە گفتوگۆکانى دیمه‌شق به‌تایبه‌تى له‌نێوان وه‌زیری به‌رگرى سوریا و فه‌مانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده، ئەرێنی بوون و هیوا هەبوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ چەندین پرسی هەستیار، لەوانە دۆخی ئیداری و سەربازیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هه‌سه‌ده.
بەنداوی تشرین، کە خاڵێکی ستراتیژییە لەسەر ڕووباری فورات، بەردەوام جێی سەرنجی لایەنە ناکۆکەکان بووە و هەر گرژییەک لەم ناوچەیەدا دەتوانێت کاریگەریی فراوانتری هەبێت. به‌نداوه‌كه كه له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه كۆنترۆڵ كراوه، بۆ ماوه‌ى چه‌ندین مانگ له‌لایه‌ن چه‌كدارانى سوریی پاڵپشتكراو له توركیاوه، هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنى درا، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بوون.
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كى سیاسی ئاگادار له ڕۆژئاڤاوه به په‌نجه‌ره‌ى وت: "ئه‌و هێرش و پشێوییانه‌ى هه‌یه، ئامانج لێی فشارخستنه سه‌ر هه‌سه‌ده‌یه بۆ ڕازییبوون به خواستى دیمه‌شق و ده‌ستهه‌ڵگرتن له فیدراڵیه‌ت یان ئۆتۆنۆمى كه هه‌سه‌ده بۆ ناوچه‌كانى باكور و رۆژهه‌ڵاتى سوریا داواى ده‌كات." ده‌كرێت هێرشه‌كه‌ى ئه‌مڕۆش هه‌ر له‌مچوارچێوه‌یه‌دا بخوێنرێته‌وه.