دوو سەرچاوەی باڵا: ئەمەریکا ڕێگە نادات هیچ سەرکردەیەکی نزیک لە ئێران ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق

٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٨:٢٣ پاش نیوەڕۆ

دوو سەرچاوەی باڵا: ئەمەریکا ڕێگە نادات هیچ سەرکردەیەکی نزیک لە ئێران ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق

پەنجەرە

دوو. سەرچاوەی باڵای ئاگادار لە بارودۆخی سیاسی عێراق، جەخت دەکەنەوە لەوەی ئەمەریکا بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادات حکومەتی داهاتووی عێراق لەژێر هەژموونی ئێران دا بێت، ڕێگەش نادات کەسایەتی نزیک لە ئێران پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت.

یەکێک لە سەرچاوەکان کە لەناوخۆی عێراقە، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە وتی: حکومەتی داهاتوو دوای کێشمەکێشێکی زۆر پێکدەهێنرێت، بەڵام ڕێگە بە کەسایەتی نزیک لە ئێران نادرێت پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت.

بەپێی وتەی بەرپرسانی عێراق، نزیکەی دە سەرکردەی لایەنە شیعەکان ناویان وەکو کاندید بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەهێنرێت.

نوری مالکی، محسن مەندەلاویی، محەمەد شیاع سودانی، عەدنان زورفی، قاسم ئەعرەجی و چەند سەرکردەیەکی تری شیعە، وەکو کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق ناویان هێنراوە.

سەرچاوەکە وتی: بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێک سەرۆک کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی وەفدێک بەشداریکرد، ڤیزە بە ژمارەیەک سەرکردەی شیعە نەدرا، بەڵام ڤیزە بە قاسم ئەعرەجی دراو ئەمەش ئاماژەی تێدایە.

وتیشی: قاسم ئەعرەجی لە پارتی نزیک بووەتەوە و لۆبی بۆ دەکرێت.

پەنجەرە لەبارەی چانسی سودانی بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی، پرسیاری ئاراستەی سەرچاوەیەکی ڕۆژئاوایی کرد، ئەویش وتی: دەمێنێتەوە سەر ئەوەی تا چەند لە ئێران دوور دەکەوێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو