سەرچاوەیەک لە یەکێتی: یەکێتی تێگەیشتنی جیاوازی هەیە بۆ قسەکەی دڵشاد شەهاب
١٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٤١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرایکرد، یەکێتی تێگەیشتنی جیاوازی بۆ قسەکانی دڵشاد شەهاب ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، کاتێک ڕایگەیاند پارتی وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی نادات.
سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: نەک وەزارەتی ناوخۆ، بەڵکو خودی نێچیرڤان بارزانی پێیخۆشە پۆستی سەرۆکی حکومەتیش بە یەکێتی بدرێت، بۆیە قسەکانی دڵشاد شەهاب گوزارشت نین لە ڕای نێچیرڤان بارزانی.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، یەکێتی لێکدانەوەی بۆ قسەکانی دڵشاد شەهاب بەو جۆرەیە، ئامانج لێی بردنی ململانێیە بەرەو لای سەرۆکایەتی هەرێم، بۆیە قسەکە لەزاری بەرپرسەکەی ئەو سەرۆکایەتییەوە خراوەتەڕوو.
دەشڵێت: ئەگەر قسەکە لەزاری بەرپرسێکی نزیک لە مەسرور بارزانییەوە کرابا، ئەوکات لێکدانەوەکانمان دەگۆڕا و مەسەلەکەمان بەجدی وەردەگرت.
دوێنێ دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ سایتی فەرمی حزبەکەی (پارتی) ڕایگەیاندبوو، کە پارتی بەهیچ شێوەیەک پۆستی وەزارەتی ناوخۆ ڕادەستی یەکێتی ناکات و ئامادەش نییە لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ بکات.
پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، بووە بە گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەوپێیەی یەکێتی پێداگیرە لە وەرگرتنی و پارتیش ئامادە نییە ڕادەستی بکات.