كه‌مى ڕێژه‌ى به‌شدارى ده‌نگده‌رانى عێراقيى له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان؛ له‌نێوان بێده‌ربه‌ستيى و خۆدابڕيندا
١١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٤٢ پێش نیوەڕۆ
دیموکراسیی له‌عێراقدا بە بارى نەخۆشيه‌كى بێدەنگ تێپەڕ دەبێت، کە مەترسیی لەسەر بنچينه‌كانيى هەیە و گڕی ئەو ئومێدە تاڕاده‌يه‌كى زۆر دەکوژێنێتەوە، کە له دوای دەیان ساڵ حوکمی دیکتاتۆری سه‌ريهه‌ڵدابو. ئەم نەخۆشییە نە کودەتایەکی سەربازییە و نە دەستێوەردانێکی دەرەکی، بەڵکو بێده‌ربه‌ستيى هەڵبژاردنە، ئه‌وه‌ى بووەتە دیاردەیەکی بڵاو و هه‌ستپێكراوى سیاسی له‌دەوڵەتی عێراقدا. کاتێک هاوڵاتیان لە سندوقەکانی دەنگدان دوور دەکەونەوە، سیستەمی دیموکراسی دەبێتە قاڵبێکی بەتاڵ، و قسەکردن لەسەر نوێنەرایەتی گەل دەبێتە تەنها دروشمێکی بريسكه‌دار.
جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان خۆدابڕينى (مقاطعة) هەڵبژاردن و بێده‌ربه‌ستيى (لامبالاة) هەڵبژاردن هەیە. خۆدابڕينى هەڵبژاردن (Election Boycott) هەڵوێستێکی سیاسی ئاگايانە و مەبەستداری هاوڵاتییە لەمه‌ڕ ڕەتکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن، له هۆکارە به‌رچاوه‌كانى ئه‌م هه‌ڵوێسته: یاسایی نەبوونی هەڵبژاردن، ڕەتکردنەوەی سیستەمی سیاسی، ناڕەزایەتی لە هەڵبژاردەکانی بەردەست، یان ناڕەزایەتی لە یاساکانی كێبڕكێ و یاری سیاسی. واتە کردارێکی ناڕەزایەتییە ئامانجی ناردنی پەیامێکی سیاسی ڕوونە، زۆرجار ڕێکخراو و کۆمەڵگه‌ييه، کە پارت و بزووتنەوە سیاسییەکان بانگهێشتی بۆ دەکەن، وئه‌وانه‌ى بكه‌رى ئه‌م ئاكته‌ن زياتر ئه‌وانه‌ن كه گرنگی بە کاروباری گشتی دەده‌ن، بەڵام پێيان وایە خۆدابڕين باشترین ڕێگایە بۆ دەربڕینی هەڵوێستيان، ڕه‌نگبێ قه‌واره‌ى سياسى سه‌درييه‌كان ديارترين و ڕونترين نمونه بێت..
ئه‌مه لە کاتێکدا بێده‌ربه‌ستيى هەڵبژاردن (Election Apathy) به‌واتاى گرنگینەدان یان پەروا نەکردن بە هەموو پرۆسەی سیاسیى دێت، و لە جیاتی ئەوەی هەڵوێستێکی سیاسی بێت، کشانەوە و دووركه‌وتنه‌وه‌يه لە بەشداری سياسى. هۆکارەکانی زۆرتر تایبەتین وەک: سەرقاڵبوون بە ژیانی ڕۆژانە، هەستکردن بە بێسوودی به‌شداريكردن، نەناسينى کاندیدەکان يان دوباره‌بونه‌وه‌يان به‌بێ پاساوێكى زانستى و لۆژيكى، یان بە سادەیی بريتيه له گرنگینەدان به‌پرۆسه‌كه. كه‌واته به‌گشتى ئه‌م ديارده‌يه زياتر تاکەکەسييه و ناڕێكخراويشه و كه‌سه‌كه مه‌به‌ستى نيه هیچ پەیامێکی سیاسی بنێرێت.
ڕەگەکانی بێده‌ربه‌ستيى هەڵبژاردن لە عێراق درێژ دەبێته‌وه بۆ ساڵانێكى زۆر كه ڕه‌نگه درێژبونه‌وه‌كه بگاته سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى ئەزموونی نوێى سیاسی عێراقییەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ـە‌وه. به‌جۆرێك بەڵێنە درەوشاوەکان، کە لەگەڵ هەر هه‌ر سووڕێکی هەڵبژاردندا دەدرێن، له‌به‌ر خراپ به‌ڕێوه‌بردنى حكومڕانى و نه‌بونى ستراتيجێكى ڕون و دروست هه‌ر زوو ده‌بنه هه‌ڵم و ده‌چن به‌ئاساماندا. به‌ئه‌ندازه‌يه‌ك هاوڵاتی عێراقی دوای تاقیکردنەوەی دووبارە تێگەیشت کە دەنگی ئه‌و له‌هەڵبژاردندا هيچ ناگۆڕدرێت لە ژیانی ڕۆژانەیدا. بێ‌کاری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەکات سەرەڕای هەوڵی حکومەتی ئێستا بۆ دامەزراندنی بەشێک لە دەرچووان، خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان وه‌ك پێويست نين، لەهه‌موش خراپتر خودى سياسييه‌كان به‌زمانى پاراو ده‌ڵێن سه‌رۆك وه‌زيران و كابينه‌ى وه‌زارى به‌كاريگه‌رى ده‌نگى زۆرينه‌ى ده‌نگده‌ران دياريناكرێن، به‌ڵكو له‌ناندينێكى سياسى بچوكراوه‌دا بڕياريان له‌باره‌وه ده‌درێت.
بێده‌ربه‌ستيى لە تەنها هەڵوێستێکی کاتی، گۆڕاوه بۆ باوەڕێکی قووڵ لای زۆر کەس
ئەم جیابوونەوەیە لە نێوان قسەی سیاسی و واقیعی ژیا‌و، بارودۆخێكى بێ‌ئومێدى قووڵی دروستکردووە لای چینە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگا. لاى ئه‌و هاوڵاتییەى لە ڕیزی خزمەتگوزارییەکان ڕادەوەستێت و ئه‌وه‌ى لە نەبوونی دەرفەتی کار دەناڵێنێت..هتد، ئه‌وانه زۆر سەخت دەبێت باوه‌ڕ به‌وه بهێننه‌وه کە بەشداریکردنی لە پرۆسەی هەڵبژاردن شتێک لە واقیعی تاڵی دەگۆڕێت. بەم شێوەیە، بێده‌ربه‌ستيى لە تەنها هەڵوێستێکی کاتی، گۆڕاوه بۆ باوەڕێکی قووڵ لای زۆر کەس له‌مه‌ڕ بێسوودی و بێهوده‌يى بەشداریی سیاسی.
بۆيه مەترسیدارترین شت کە دیموکراسیی عێراقی ڕووبەڕووی بۆته‌وه، ئه‌سته‌مبونى کۆکردنەوەی متمانەیە لە نێوان هاوڵاتیان و چینی سیاسی حوکمڕان، چونكه پارت و بزووتنەوە سیاسییەکان کە بەڵێنی گۆڕانکارییاندا، بوونە بەشێک لە سیستەمی ناجۆرى حكومڕانى و دابەشکاريى تایفەگه‌رايى. تەنانەت ئەو هێزانەش کە وەک جێگره‌وه بۆ گۆڕانكارى و چاكه‌خوازى و چاكساز دەرکەوتن، بە خێرایی نوقمبوون لە یاری بەرژەوەندیگه‌را و مامەڵە سیاسییەکان، ئەمەش هەستی هاوڵاتیانی بەهێزکردەوە کە سیستەمی سیاسی بە گشتی ناتوانرێت لە ناوەوە چاکبکرێتەوە.
لێره‌وه تێده‌گه‌ين، لەدەستدانی متمانە تەنها لە کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی هەڵبژاردن به‌رجه‌سته نابێت، بەڵکو گوزارشتيشه له گۆڕانێکی جۆريی لەمه‌ڕ تێڕوانينى کۆمەڵگا بۆ ته‌واوى پرۆسەی سیاسی. به‌و پێيه‌ش هەڵبژاردن لە هۆشی زۆر کەس گۆڕاوە لە ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری بۆ شانۆیەک کە هەموو چەند ساڵێک پێشكه‌ش دەکرێتەوە، بێ ئه‌وه‌ى کاریگەریی ڕاستەقینەى لەسەر هاوسەنگی هێز یان سروشتی حوکمڕانی دابنێت.
لەبەرئەوە، پرسیارگه‌لێكى یاسایی و سياسيى دەخرێنەڕوو لەسەر ڕه‌وايبونى پەرلەمان یان ڕه‌وايبونى حکومەتێک کە لەلایەن کەمینەیەک لە هاوڵاتیان هەڵبژێردراوە. کاتێک ڕێژەی بەشداریی هەڵبژاردن دادەبەزێت بۆ ڕێژه‌گه‌لێكى نزم، وەک چۆن لە هەندێک لە هەڵبژاردنە دواییەکانی عێراق ڕوویدا، به‌جۆرێك قسەکردن لەسەر نوێنەرایەتیی گەلی ڕاستەقینە دەبێتە جێگه‌ى پرسیاری ڕژد و بنچينه‌يى. به‌وه‌ى ئه‌و دەسەڵاته‌ى لە سندوقى دەنگدانى جێهێڵراوه‌وه دەردەچێت، لە کەموکوڕیی مەترسیدارى یاسایى و سياسييه‌وه دەناڵێنێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانايی دەکات لە جێبەجێکردنی یاسا و جێبەجێکردنی چاکسازييه‌كان و بەدەستهێنانی متمانەی هاوڵاتیان.
بەردەوامبوونی دیاردەی بێده‌ربه‌ستيى هەڵبژاردن رەنگە عێراق بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی تێکەڵ
بەردەوامبوونی دیاردەی بێده‌ربه‌ستيى هەڵبژاردن مەترسی هەیە له‌سه‌رئه‌وه‌ى عێراق بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی تێکەڵ، به‌جۆرێك دیمەنی ڕوكاريى دیموکراسی بپارێزێت، لە کاتێکدا خۆى بێبەشە لە كرۆكى ڕاستەقینەی ديموكراسى. ئەم سیناریۆیە مەترسیدارە، چونکە دەرگا دەکاتەوە له‌بەردەم ئەگەرانێكى زۆر، ڕەنگە بگاتە خلیسکانی وڵات بەرەو ئاژاوە و نەبوونی سەقامگیری.
هەروەها بێده‌ربه‌ستيى هەڵبژاردن کۆمەڵگا بەتاڵ دەکاته‌وه لە وزە ئەرێنییەکانی، به‌جۆرێك شارەزایان و لاوانی خوێندەوار پاڵدەنێت بۆ کۆچکردن یان کشانەوە لە ژیانی گشتی. کاتێک هاوڵاتیان واز لە ڕۆڵی خۆیان دێنن لە بەشداریی سیاسی، ئەمەش بە سروشتی خۆى کاریگەری نەرێنی دەکات لەسەر تێروانينى قوڵ و ستراتیژیی بۆ بۆ خزمەت بە کۆمەڵگای عێراقی.
گه‌ڕان به‌دواى ده‌رفه‌تێك
دەرچوون لە تونێلی بێده‌ربه‌ستيى هەڵبژاردن، پێویستی بە ویستێکی سیاسی ڕاستەقینە و چاککارییە بنەڕەتییەکانە. پێویستە چینی سیاسی تێبگات کە چيتر گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دروشم و بەڵێنەکان نابێت، بەڵکو بە کردارە بەرچاوەکان ده‌بێت. له‌نمونه‌ى؛ باشترکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، چاککردنەوەی سیستەمی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی دادپەروەرانەتر و شەفافتر بێت، دڵنیابوون لە سەربەخۆیی زياترى کۆمیسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکان و سه‌ربه‌خۆيى زياترى دادگاكان.
هەروەها عێراق پێویستی بە بەهێزکردنی کلتووری هاوڵاتيبون و بەشداریی سیاسییە لە ڕێگەی پەروەردە و دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە. به‌جۆرێك پێويسته تاكه‌كان بگه‌نه ئه‌و بڕوايه‌ى بێده‌ربه‌ستى چارەسەر نییە بەڵکو بەشێکە لە کێشەکە، و وازهێنان لە مافی هەڵبژاردن، به‌واتاى وازهێنان دێت لە داهاتووی خۆی و داهاتووی نه‌وه‌كانيى.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و له‌كۆتاييدا ده‌كرێت بڵێين؛ ئه‌گه‌رچى ڕووناکی دیموکراسی لە عێراقدا لاواز و کەم ڕووناکە، بەڵام هێشتا نەکوژاوەتەوە. بۆيه پرۆسه‌ى هەڵبژاردنى 11ـى نۆڤەمبەرى 2025 لەپێش عێراقییەکان و سەرکردەکانیانە: یان پێکەوە هەڵده‌ستن بۆ فراوانكردن و گه‌شكردنه‌وه‌ى ئه‌و ڕووناکییە، یان تەسلیم ده‌بن به‌و باره تاریکونيتكه‌ى تونێله‌كه‌ى داپۆشیوە تا کۆتاییه‌كه‌ى.
* توێژه‌رى ياسايى و مامۆستای زانکۆ