نەقشبەندییەکان؛ ئەو هێزە چەکدارەی لە پڕ ونبوون
١١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٠١ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
چەند ساڵێک دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گروپی نەقشبەندییەکان وەکو هێزێکی چەکداری بەناوبانگ لە پارێزگای دیالە دەرکەوتن، بەڵام ئێستا تەنها ناوەکەیان ماوەو چەکدارەکان لە گوندەکان ژیانی ئاسایی بەڕێ دەکەن.
گوندەکانی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە، مۆڵگهى سهرهكی گروپی نەقشبەندییەکان بوو، ژمارەی هێزەکە بە سەد چەکدارێک مەزەندە دەکراو وەکو هێزێکی نزیک لە عیزەت دووری لێیان دەڕوانرا.
چەکدارەکانی گروپی نەقشبەندی عەرەبی گوندنیشین بوون، زۆرجار ڕووبەڕووی سوپای عێراق و ڕێکخراوی قاعیدە دەبوونەوە، بەڵام دوای ئەوەی بەیعەتیان بە داعش نەداو شەڕی پێشمەرگەیان نەکرد، لەلایەن پێشمەرگەوە هێرش نەکرایە سەریان ئەوکاتەی ناوچەکانیان لەژێر کۆنترۆڵی کورددا بوو.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە پارێزگای دیالە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: چەکدارەکانی گروپی نەقشبەندی لە گوندەکانی دەوروبەری قەرەتەپە ماون، بەڵام کۆتاییان بە دیاردەی چەکداری هێناوە و لەماڵەوە چەکیان هەیە.
سەرباری ئەوەی بەیعەتیان بە داعش نەدا، بەڵام گروپی نەقشبەندییەکان تۆمەتبار دەکران بە کارئاسانییکردن بۆ کاری تیرۆرستی و ئەو کەسانەی کاری خۆکوژییان ئەنجام دەدا.
پێش دروستبوونى داعش، گروپى نەقشبەندی لەلایەن سوپاى عێراق و هێزە ئەمنیە عێراقیەکانەوە هێرش کرایە سەریان لە پارێزگاى دیالە و پێکدادانى قورس لە نێوانیاندا روویدا ، هەرئەوکاتیش هێزە کوردیەکان رۆڵى بێلایەنیان لەو شەڕەدا گێڕا.
سەرچاوە ئەمنییەکە دەڵێت: پێکهاتەی چەکداری گروپی نەقشبەندییەکان وەکخۆی ماوە، بەڵام جموجۆڵی چەکدارییان نییەو خەریکی کاری ڕۆژانەی خۆیانن.