گەنجانی باشوور لە ڕیزەکانی پژاک؛ لە یەک هەفتەدا دوو گەنج چوونەتە ناو ئەو حزبە
١٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١١:٢٨ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا، گەنجێکی دانیشتووی هەرێمی کوردستان لەنێو ڕیزەکانی پژاک دا کوژراوە و دوو گەنجی تری سنوری سلێمانی پەیوەندییان بەو هێزە بەرهەڵستکارەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کردووە.
هەرچەندە هێشتا داتایەکی ورد لەبارەی پەیوەندی کردنی گەنجانی دانیشتووی هەرێم بە پژاکەوە لەبەردەستدا نییە، بەڵام ناو بە ناو گەنجان ڕوو لەو هێزە کوردییە دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر پەیوەندییان بە پەکەکەوە دەکرد.
بەپێی وتەی ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەفتەی پێشوو گەنجێکی باشووری کوردستان کە ناوی محەمەد حسێنە و خەڵکی قەزای پێنجوێنە، لە ڕیزەکانی پژاکدا کوژراوە، پاش ئەوەی لەگەڵ دوو گەریلای تردا لەناوچەی مەریوان کەوتوونەتە بۆسەی سوپای پاسدارانەوە.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، هەر لە هەفتەی ڕابردوودا، دوو گەنج کە خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانین، پەیوەندییان بە پژاکەوە کردووە.
ئەوەی بەلای چاودێرانی سیاسییەوە مایەی سەرنجە، گۆڕینی ئەو ڕێڕەوەیە کە گەنجان پێیدا تێدەپەڕین لە قەندیلەوە بەرەو شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەوەی پەیوەندی بە دۆخی ناوچەکەوە هەیە یاخود سیاسەتی هێزە نزیکەکان لە یەکترییە کە پەکەکە و پژاک دەگرێتەوە.
لەکاتێکدا پەکەکە لە گفتوگۆ و دانوستاندایە لەگەڵ تورکیا و هێشتا گفتوگۆکان بەردەوامیان هەیە، بەڵام ناو بە ناو ئاڵۆزیی لەنێوان سوپای پاسداران و پژاک لەناوچە کوردییەکانی ئێران ڕوودەدات.