بەرپرسانی هەرێم بۆ ئێران: کواڵێتی خۆراکتان باش نییە و پارەش لە بازرگان وەردەگرن
١٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٥١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، داوایانلێکردوون بایەخ بە کواڵێتی ئەو خۆراک و کاڵاو شمەکانە بدەن کە ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکەن، بەوپێیەی کواڵێتییان باش نییە.
بەرپرسێکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی هەرێم و ئێران، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەرپرسانی هەرێم بە لایەنی ئێرانیان ڕاگەیاندووە، کواڵێتی ماست و پەنیر و کاڵای سعودی و تورکی لە خۆراک و شمەکی ئێرانی بەرزترە، بۆیە زیاتر لەبازاڕەکانی هەرێم دا خواستیان لەسەرە.
بەرپرسە ئاگادارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەرپرسانی هەرێم بە لایەنی ئێرانییان وتووە، بازرگان کاتێک سەردانی ئێران دەکات ٢٥٠ دۆلاری لەبەر بردنی ئۆتۆمبێل لێوەردەگیرێت، هەروەها ئیقامە نادرێت پێیان، لەکاتێکدا تورکیا لەم ڕووەوە کار ئاسانی کردووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، بەرپرسانی ئێران تێبینییەکانیان لای خۆیان تۆمار کردووە و داوای پێشنیازیشیان کردووە، بەڵام وەڵامی یەکلایی کەرەوەیان نەداوەتەوە.