نەوتی عێراق؛ ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت یەک دۆلار دابەزێت ساڵانە ملیارێک و 225 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری عێراق دەگات
١٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٤١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەپێی خەمڵاندنی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، عێراق دەبێت هەر بەرمیلێک نەوت بە 84 دۆلار بفرۆشێت، بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بەشی هەموو خەرجییەکانی بکات و قەرزار نەبێت.
لە مانگی 8 و 9 ی ئەمساڵدا، تێکڕای جۆرەکانی نەوت لەلایەن عێراقەوە هەر بەرمیلێک لە 64 بۆ 65 دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیە دۆخی دارایی عێراق ڕوو لە خراپبوون دەکات لە ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی نەوت دا.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی 8 ی ئەمساڵدا، ڕۆژانە 381 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووە و هەر بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕا بە 64 دۆلار فرۆشتووە.
بەپێی خەمڵاندنی ئابووریناسان، لە ئەگەری دابەزینی یەک دۆلار نرخی بەرمیلێک نەوت، عێراق ساڵانە ملیارێک و 225 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات، خۆ ئەگەر نرخی نەوت زیاتر دابەزێت ئەوا قەبارەی زیانەکە بۆ عێراق قورستتر دەبێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق چوار جۆر نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، نەوتی قورسی بەسرە، نەوتی ناوەندی بەسرە و نەوتی سوکی بەسرە، هەروەها ئەو نەوتەی لەکەرکوک و کێڵگەکانی هەرێمەوە ڕەوانە دەکرێت پێیدەوترێت نەوتی تێکەڵەی کەرکوک.
ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوەو لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی وڵاتی ئەردەنیش دەکرێت، ئەم نەوتە بە نرخی هەرزانتر و وەکو جۆرێک لە "خاترگرتن" دەدرێت بەو وڵاتە.