بەرپرسێکی دیالە: زیاتر لە 500 خێزانی کورد ناسنامەی خۆیان بۆ عەرەب گۆڕیوە
١٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٢:٤٤ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی جەلەولا ئاشکرایکرد، ژمارەیەکی زۆر خێزانی کوردی سنووری پارێزگای دیالە، ناسنامەی خۆیان لە کوردەوە بۆ عەرەب گۆڕیووە.
شێخ یەعقوب لهێبی، بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی جەلەولا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: خێزانە کوردەکان ژمارەیان لە 500 خێزان زیاترە و لە سنووری ناحییەی سەعدیەی سەر بە دیالەن، ئەوان لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا ناسنامەکانیان لە کوردەوە بۆ عەرەب گۆڕیوە بۆ ئەوەی خۆیان دەرباز بکەن لە پرۆسەی ڕاگواستن.
دەشڵێت: کوردەکان زۆربەیان عەشیرەتی خۆیان بە عەشیرەتی خالدی و ساڵحی گۆڕیووە، تێشیاندایە خۆی بە عەشیرەتی ڕوبەیعی و کروی دەزانێت.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی جەلەولا، ئەو خێزانە کوردانە ئێستاش بە ناسنامە عەرەبن و دوای ڕووخانی بەعس ناسنامەکانیان دەستکاریی نەکردووە و هەر ئەو ناسنامانە بەکار دەهێنن.
لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا و بەدیارییکراوی لەدوای ساڵی 1975ـەوە، ئەو هاوڵاتییانەی کورد بوون بە تایبەتی لە لادێکانی سنووری ناوچە دابڕاوەکانی وەکو کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین و نەینەوا، ڕووبەڕووی ڕاگواستن بۆ ناوچەکانی دیکە بەتایبەتی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرانەوە، ئەمەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لەو ناوچانە لەبەرامبەر عەرەب دا.