300 سکاڵا لەسەر عەجاج تکریتی تۆمارکراوە

١٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٣:٠٣ پاش نیوەڕۆ

300 سکاڵا لەسەر عەجاج تکریتی تۆمارکراوە

پەنجەرە

راوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی 300 کەس سکاڵای یاساییان لەسەر عەجاج تکریتی تۆمار کردووە، کە تۆمەتبارە بە کوشتن و ئەشکەنجەدانی ئەنفالکراوان لە قەڵای نوگرەسەلمانی پارێزگای موسەنا.

پەری نوری، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دوو دادوەری لێکۆڵینەوە لە گەرمیان و سلێمانی بە ڕەزامەندی دادگای کەرخی بەغدا، ڕاسپێردراون بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان و تائێستا 300 کەس سکاڵایان تۆمارکردووە.

وتیشی: دوای وەرگرتنی هەموو سکاڵاکان و پەسەندکردنی لەلایەن ئەو دوو دادوەرەوە، سکاڵاکان ڕەوانەی بەغدا دەکرێن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەگەڵ تاوانبارەکە بکرێت.

بەپێی وتەی ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆمار، مەرج نییە هەموو سکاڵاکارەکان بۆ بەغدا بانگ بکرێن، چونکە لە هەرێم دادوەر وتەی لێوەرگرتوون.

سەبارەت بە دواین زانیاری لەسەر دۆسیەی عەجاج تکریتی، پەری نوری وتی: دۆسیەکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و ناکرێت زانیاری لەبارەوە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام دڵنیا بووینەتەوە کە دەستگیرکراوەکە عەجاجە.

دەشڵێت: عەجاج لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە دەستگیرکراوە و داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و نوسینگەی خانمی یەکەم کراوە، سکاڵاکارەکان ئامادە بکەن.

لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی تۆمەتباری دۆسیەی ئەنفالی ڕاگەیاند، دەستگیرکراوەکە لەکاتی پرۆسەی ئەنفالدا سەرپەرشتی گرتووخانەی نوگرە سەلمانی کردووە و تۆمەتبار دەکرێت بە کوشتن و ئەشکەنجەدانی ئەنفالکراوان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو