"گەڕانەوەیەکی ستراتیژیی؟!" کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل دەگەڕێتەوە عێراق
١٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٠٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە بەجێهێشتنی عێراق، کۆمپانیای ئیکسۆن موبیلی ئەمەریکی دەیەوێت جارێکی تر بگەڕێتەوە و کار لە کێڵگەی نەوتی مەجنون لە پارێزگای بەسرە بکات.
کۆمپانیای ئیکسۆن موبیل، کۆمپانیایەکی ئەمەریکییە و یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە بواری دەرهێنان و وەبەرهێنان لە بواری وزەدا، بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە ویلایەتی تەکساسی ئەمەریکایە.
گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکە
بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانى پێشوازی لە (پیتەر لاردن) سەرۆکى کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبیل و باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق کردووە.
سودانی سەرپەرشتیى ڕێوڕەسمى واژۆکردنى رێککەوتنامەى بنەماکانى لە نێوان وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبیلدا کردووە، هەروەها ڕێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ داهاتووی کەرتی نەوتی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمەریکا ناوبردووە.
محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: حکومەتی عێراق و کۆمپانیای ئیکسۆن موبیل نزیکن لە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا نەچوونە نێو وردەکاریی گفتوگۆکانەوە بۆ ئەوەی لەسەر هەموو شتێک ڕێکبکەون.
گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکە لەکاتێکدایە، دوو ساڵ لەمەوبەر پشکەکانی لە کێڵگەی نەوتی قوڕنە فرۆشت و عێراقی بەجێهێشت، ئەو کێڵگەیە لە ئێستادا لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە کاری تێدا دەکرێت.
کێڵگەی مەجنون لە بەسرە کە حکومەتی عێراق دەیەوێت بیدات بە کۆمپانیای ئیکسۆن موبیل، لە ساڵی 1975 لەلایەن کۆمپانیاى (پترۆبراس)ـى بەرازیلى دۆزراوەتەوە. لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، کۆمپانیاى تۆتاڵى فەڕەنسى کاری لە کێڵگەکەدا کردووە و دوای ڕووخانی بەعسیش هەمان کۆمپانیا لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکیدا جارێکی تر بۆ کێڵگەکە گەڕاوەتەوە.
کێڵگەى نەوتی مەجنون، مەزەندە دەکرێت 58 ملیار بەرمیل نەوتى خاو و 38 تریلیۆن پێ سێجا گازى سروشتیى تێدا بێت، پلان دانراوە بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە تا کۆتایی ئەمساڵ، بگاتە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
گەڕانەوەی کۆمپانیا زەبەلاحە ئەمەریکییەکە بۆ عێراق بە هەنگاوێکی گەورە بۆ کەرتی ئابووری عێراق دادەنرێت، بەو پێیەی کۆمپانیاکە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا و پێدەچێت عێراق بیەوێت لە ڕووی سیاسیشەوە سوود لە گەڕانەوەی وەربگرێت.