سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم: بەغدا لەژێر فشاری ئەمەریکا موچەی هەرێم خەرج دەکات
١٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٠٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد، عێراق لەژێر فشاری ئەمەریکادا ناو بە ناو موچەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج دەکات، ئەگینا ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینە نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە.
سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: عێراق هەرجارەو گرفتێک دروست دەکات بۆ ناردنی موچەی موچەخۆران، گرفتەکان گەورە نین تا قابیلی چارەسەرکردن نەبن.
لەکاتێکدا هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕێککەوتوون و نەوت هەناردەی دەرەوە کراوە، هەروەها لەسەر داهاتی نانەوتیش لێکتێگەیشتن لە نێوانیان دروستبووە، بەڵام هێشتا ناردنی موچە لە بەغداوە دوادەکەوێت.
لەکاتێکدا عێراق تۆمەتبار دەکرێت بە دواخستنی ناردنی موچە، هەرێمی کوردستانیش تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە وادەی خۆیدا ئەو 120 ملیار دینارە ڕەوانەی بەغدا ناکات کە وەکو داهاتی نانەوتی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی ئابی دامودەزگاکانی دابەشنەکردووە، لەکاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم نزیک دەبینەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ درەنگ ناردنی موچە لەلایەن حکومەتی عێراق و پابەند نەبوونی هەرێم بە ناردنی داهاتی ناوخۆ دەگێڕدرێتەوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەگەر فشاری دەرەکی نەبووایە هەرێم و بەغدا ڕێکنەدەکەوتن.
لە مانگی ئاداری 2023ـەوە، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەپاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە، عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر داوای ئەمەریکا لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوت ڕێککەوتن و هەرێم لەم مانگەوە نەوتەکەی ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی "سۆمۆ" کرد.