پێشمەرگەو نوێنەرایەتییەکان؛ ئەو دۆسیانەی پێشبینی دەکرێت عێراق بیانجوڵێنێت 

١٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٣٨ پێش نیوەڕۆ

پێشمەرگەو نوێنەرایەتییەکان؛ ئەو دۆسیانەی پێشبینی دەکرێت عێراق بیانجوڵێنێت 

پەنجەرە

نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و پێشمەرگە، ئەو دوو دۆسیەیەی چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا حکومەتی عێراق هاوشێوەی دۆسیەی نەوت بیانکاتە بەشێک لە گفتووگۆکانی لەگەڵ هەرێم.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە مادەی 121 ی دەستوری عێراق دا، هاوشێوەی پۆلیس و ئاسایش، بە پاسەوانی هەرێم ( حرس اقلیم) ناوی هێنراوە، کە ژمارەی ئەم هێزانە بە سەرووی 150 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

بەرپرسانی پێشمەرگە دەڵێن: لایەنە عێراقیەکان نەیاری پێشمەرگەن، چونکە هێزێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە و بەرگری لەکوردستان دەکات.

دەشڵێن: پێشمەرگە شان بە شانی هێزە عێراقییەکانی تر ڕۆڵی هەبووە لە تێک شکانی داعش دا.

لە مانگی دووی ساڵی 2021، جگە لە ڕەوتی سەدر سەرجەم لایەنە شیعەکان لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجامدا، هەڵوەشاندنەوە یاخود کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم لە وڵاتان بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکەیان بوو.

هەرچەندە ئەوکات حکومەتی هەرێم بە توندی بەرپەرچی خواستی هێزە شیعەکانی دایەوە، بەڵام وروژاندنەوەی ئەم دوو دۆسیەیە لەلایەن لایەنە شیعەکانەوە هەمووکات پێشبینی بۆ کراوە.

ئەوکات عەلی حسەینی، وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، ڕەخنەی لە هەرێمی کوردستان گرت بەوەی کە 400 هەزار پێشمەرگەی هەیە، کەچی لەکاتی گرژی و ئاڵۆزی و فشارەکانی سەریدا، داوای هێز و هاوکاری لە عێراق دەکات.

عەلی حسێنی ڕایگەیاندبوو: هەرێم هەرێمەو دەوڵەت نیە، 400 هەزار پێشمەرگەی بۆچیە؟ هەرێم سێ پارێزگایە، هەر پارێزگایەک و 50 هەزار پێشمەرگەی هەبێت، زۆریشە.

لایەنە شیعەکان لەکاتێکدا گەر بە ئاشکراش نەبێت لە کۆبوونەوەکانی پشت پەردەیان دژی پێشمەرگەن، بەڵام تا ئێستا هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لەو ناوچانە بەردەوامە کە جم وجۆڵی داعشیان تێدایە.

دژایەتی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێم لەلایەن هێزە شیعەکان و حکومەتی عێراقەوە بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە، هەرێم بەشێکە لە عێراق و دەبێت لە ڕێگەی عێراقەوە پەیوەندی دەرەکی هەبێت، نەک خۆی پەیوەندی دەرەکی ڕاستەوخۆ دروست بکات.

دۆسیەی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێم جێی نیگەرانی قوڵی حکومەتی عێراق و لایەنە شیعەکانە، بەڵام پێناچێت هێشتا دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسابێت قسەی جدی لەبارەوە لەگەڵ هەولێردا لەسەر بکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو